ئەکتەر و ئەستێرەی کۆریای باشوور سۆنگ های کیو یەکێکە لە ئەستێرە هەرە بە ناوبانگەکانی کۆریا ساڵی 1981 لە دایگۆ-ی کۆریای باشوور لەدایکبووە، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە بۆ بڵاوکردنەوەی کەلتوری کۆریای باشوور، چەندین فیلم و درامای بەناوبانگی هەیە، سۆنگ های کیو هەر لە منداڵییەوە خولیای نواندنی هەبووە و لە تەمەنی 14 ساڵیدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لە پێشبڕکێی مۆدێلدا و بووە بە مۆدێلی کۆمپانییەک بۆ جلوبەرگی خوێندنگە، هاوکات ئەم ئەستێرەیە لە زانکۆی سیجۆنگ بڕوانامەی هونەرەکانی سینەمای بەدەستهێناوە و لەو کاتەوە تەنیا کاری نواندنی کردووە.
سۆنگ های یەکەم کاری راستەقینەی لە دنیای نواندندا ساڵی 2000 بووە دوای ئەوەی رۆڵی سەرەکی گێڕا لە درامای «Autumn in My Heart - پایز لەدڵما « ئەم درامایە کاردانەوەیەکی زۆری هەبوو لەو ساڵەدا و یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی کەلتوری کۆری ناسراو بە هالیو لە دنیادا، دوا بەدوای ئەوە دنیای تەلەفزیۆن و سینەما بەڕووی ئەم ئەکتەرەدا کرایەوە و چەندین کاری سەرکەوتووی پێشکەش کرد و بەهۆی ئەو کارانەیەوە چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوە، بۆ نموونە لە ساڵی 2013 دا خەڵاتی گراند پریکس-ی یەکەمی وەرگرت کە بەرزترین خەڵاتە بدرێت بە ئەکتەران لە کۆریای باشوور، هەروەها خاوەنی سێ خەڵاتی دایسانگ-ە بۆ دراما وەک باشترین ئەکتەر کە دواهەمینیان ساڵی 2023 لەسەر رۆڵی لە درامای The Glory شکۆمەندیی-دا وەریگرت.
سۆنگ های کیو بەهۆی جوانیی و سەرنجڕاکێشییەکەیەوە باڵیۆزی چەندین مارکەی جیهانییە لەوانە مارکەی فێندی ئیتالی، شۆمێ و بۆتیگا و فینیتا..هتد.
لە ژیانی تایبەتیدا ئەم ئەستێرەیە یەکجار لە ساڵی 2017 دا ژیانی هاوسەریی لەگەڵ ئەکتەری کۆری سۆنگ جوون کی پێکهێناوە، بەڵام دوای دوو ساڵ جیابوونەتەوە و منداڵیان نییە.
ئا: دڵان سامان