بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە.
لە دیدارێکدا جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عیراق کرایەوە بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان، نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی بەتایبەت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەو رووەشەوە داواکرا بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان رەچاو بکرێت و هەموو لایەنەکان پشتیوانبن بۆ چارەسەری دەستووریانەی ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە.
لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکان و بەزاندنی خاک و ئاسمانی وڵاتەوە، هەردوولا جەختیان لە یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کردەوە لەپێناوی رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک کە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بخاتە مەترسییەوە، هەروەها ئیدانەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان کرا کە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ژیان و ئارامیی هاوڵاتییان.
پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لەوبارەوە سەرۆک بافڵ وتی، دەبێت مافە دەستوورییەکانی هەڵەبجە پارێزراو بێت و بەهەموو شێوەیەک پشتگیریی بەپارێزگابوونی دەکەین، هەڵەبجەییەکان قوربانیی زۆریان داوە و ئێمەش خوێنی رۆڵەکانمان لەبیر ناکەین.