قوباد تاڵەبانی: جگە لە دژە تیرۆری کوردستان هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانەی عەربەت نەبووە

05:35 - 2023-09-20
کوردستان
343 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە تۆرکیڵد بیگ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا رووداوی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت تاوتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە 20ی ئەیلولی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بە توندی ئیدانەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەم رووداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تیایدا هێزێکی رەسمی عیراقی و کوردستانی کراوەتە ئامانج کە هێزی دژەتیرۆری کوردستانە و بۆ هەموو لایەکیش ئاشكرایە کە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوکار و هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا.
قوباد تاڵەبانی بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەری رەتکردەوە و رایگەیاند، شەهیدەکان و بریندارەکانی رووداوەکە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژەتیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبووە.
جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد حکومەتی عیراق و هاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەری عیراق و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە پێشێلکارییانە هەنگاوی کردەیی بنێن و سنوورێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن کە دەکرێنەسەر خاکی هەرێم و عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان