بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا چاویکەوت بە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر.
لەدیدارێكدا گەشەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان یەكێتی، هاوپەیمانیی نەسر و لایەنە عیراقییەكان جەختی لێكرایەوە و جەخت لە فراوانكردنی هەماهەنگییەكان كرایەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكان و پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و عیراق.
لەدرێژەی دیدارەکەدا بە نیگەرانییەوە باس لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت کرا و لەو رووەوە سەرۆك بافڵ رایگەیاند، رێگریكردن لە دەستدرێژییەكان و پاراستنی سەروەرییەكانی وڵات پەیوەستە بە كۆدەنگیی نیشتمانییەوە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵ بۆ رێگریكردن لەو هێرشانە بدەن و نەهێڵین چیتر سەقامگیریی خاكەكەمان رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.
پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ وتی، دروستكردنی بەربەست لەبەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات، پێویستە هەموولایەك
ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆی جێبەجێبکات و هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوە و قەرەبووكردنەوەی شارەكە بدات.