بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەکەدا جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور، سەروەریی یاسا و چارەسەرکردنی ئەو كێشانە کرایەوە کە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە بەتایبەت شایستەداراییەکانی هەرێم و تێکەڵنەکردنی ژیانی هاووڵاتییان بە کێشە سیاسییەکان.
لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، سەرۆک بافڵ داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد رۆڵی یاسایی خۆیان بگێڕن لە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی ئەو شارەی زۆرترین قوربانیی داوە. وتیشی، ئەرکی هەموومانە رووبەڕووی پێشێلکاری و بەزاندنی سنووری وڵات ببینەوە، ناکرێت سەقامگیریی خاک و وڵاتمان لەژێر مەترسیدا بێت و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت.