شاری جندۆكان لە چین و قەیرانی خانوبەرە

09:36 - 2023-09-21
ڕاپۆرت
592 جار خوێندراوەتەوە
پڕۆژەی فۆرێست سیتی لە مالیزیا

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

لە چین دەیان شاری نوێ دروستكراوە، كە باڵەخانەی زۆر بەرز و مۆڵ و بازاڕی گەورەی هاوشێوەی ئەوانەی ئەوروپا و ئەمریكای تێدایە، بەڵام مرۆڤی تێدا ناژی. زیاتر لە 50 شاری لەم جۆرە لە چین دروستكراوە، بەڵام كەس ناچێتە ناویان و چۆڵ و هۆڵن، هەر لەبەر ئەوەشە پێیان دەوترێ شاری جندۆكان، چونكە تا ئێستا نزیكەی 65 ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون دروستكراوە و كەسیش تیایاندا ناژی، واتە چۆڵن، ئەم شارە چۆڵ و هۆڵانە دەبنە بارگرانییەكی زۆر بۆ سەر شانی ئابووریی چین، لەبەرئەوەی قەیرانی بازاڕی خانوبەرەی چین قووڵتر دەكەنەوە و دەبنە هۆی كەڵەكەبوونی زیاتری قەرزەكانیش.
بە شەو سامی هەیە
چین، تەنیا لە ناوخۆدا پشتی بە كەرتی خانوبەرە نەبەستووە، بەڵكو هەنگاوی هاویشتووە بۆ دەرەوەی وڵاتەكەشی، پڕۆژەی (فۆڕێست سیتی)، كە كۆمپانیای زەبەلاحی (كەنتەر گاردن)ی چین بە بڕی 100 ملیار دۆلار لە مالیزیا جێبەجێی دەكات، یەكێكە لە پڕۆژە شكستخواردووەكان و نموونەی شاری جندۆكانە.
ئەم پڕۆژەیە، وا چاوەڕوان دەكرا، لانیكەم ئێستا 700 هەزار كەس تیایدا بژین، بەڵام تەنیا نۆ هەزار كەسی تێدایە، بە رۆژ كرێكارەكانی دروستكردنی خانوبەرە هاتوچۆی تێدا دەكەن و دەبینرێن، بەڵام بەشەو بێدەنگی باڵی بەسەر شەقامە چوار سایدییەكەیدا كێشاوە، لەو هەموو تاوەرەش كە شارەكەی پێكهێناوە، تەنیا چەند یەكەیەكی نیشتەجێبوون گڵۆپی تێدا هەڵكراوە و ئاوەدانە، لە شەقامەكانیدا، دوكانەكان داخراون، لە هەندێكیان لافیتەیەكی پێوەكراوە و لەسەری نووسراوە: بە هۆی دواكەوتنی لە پێدانی شایستەیی داخراوە و خۆڵ و خاشاكی زۆریش لەو ناوە كەوتووە، لە تاوەرێكی 45 نهۆمیش تەنیا دوو نهۆمی ئاوەدانە.
پێیان وابوو قازانج دەكەن
دانی ماكماهۆن، نووسەری كتێبی (دیواری مەزنی چینی تایبەت بە قەرزەكان)، سەبارەت بە نهێنی دروستكردنی ئەو هەموو پڕۆژەی نیشتەجێیە دەڵێ: كۆمپانیاكانی تایبەت بە كەرتی خانوبەرە، ئەو هەموو خانووەیان دروستكردووە، كە كەس ناچێتە ناویان، تەنیا لەبەر ئەوە بووە كە باوەڕیان وابوو بازاڕی خانوبەرەی چین روو لە هەڵكشانە، سەرەنجامیش ئەو پڕۆژانەی دروستیانكرد، بوونە ماڵی جندۆكان و كەس تیایاندا ناژی.
یەكێك لەو نموونانە، دروستكردنی شاری (كۆن مینگ)ە، كە دەكەوێتە پارێزگای یۆنانی باشووری خۆرئاوای چینەوە، ئەم شارە هەموو پێداویستییەكی سەردەمیانەی تێدایە، لە قوتابخانە و نەخۆشخانە و مەلەوانگە و یاریگا و نووسینگەی فەرمانگە حكومییەكان و تەنانەت هۆكاری گەیاندنی (ترام)یشی هەیە، بەڵام تاكە شتێك كە لەم شارەدا نییە و پێویست بوو هەبێت، دانیشتوانە.
پڕۆژەكەی ئەنگۆلا
كۆن مینگ، شارێكی پڕ ئاپۆرەیە و نزیكەی حەوت ملیۆن كەسی تێدایە، شارێكی نوێی نیشتەجێبوونیشی تێدایە بە ناوی (چۆنگ كۆنگ)، كە 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی لەخۆ گرتووە، بەڵام چۆڵ و هۆڵە  كەسی تێدا ناژی.
نموونەیەكی دیكەی وەبەرهێنانی چین لە دەرەوەی وڵاتەكەی و لە كەرتی خانوبەرەدا پڕۆژەی كیلامبایە لە ئەنگۆلای دەوڵەمەند بە نەوت، پڕۆژەی شاری كیلامبای، تاوەری بەرز و شوقەی گرانبەهای تێدا دروستكراوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەكانیشی بۆ دابینكراوە، بەڵام نرخی یەكەی نیشتەجێبوون لەو پڕۆژەیەدا زۆر لەوە زیاتر بوو كە دانیشتوانی هەژاری ئەنگۆلا بیكڕن، چونكە خەڵكی ئەنگۆلا، راستە وڵاتەكەیان نەوتی تێدایە، بەڵام خۆیان هەژارن و داهاتی ساڵانەی تاك لەو وڵاتەدا لە هەزار و وردەیەك دۆلار تێناپەڕێت، لەبەر ئەوە ئەو پڕۆژەیەش شكستی هێنا و پەیامنێرێكی بی بی سی كە سەردانی كردبوو، دەڵێ: دەڵێی شاری جندۆكانە و لەگەڵ ئەوەشدا كە شارێكی زۆر رەنگاوڕەنگ و ئاڵاوواڵایە، كەسی تێدا نییە.
خۆیان توانای كڕینییان نییە
لەگەڵ دروستكردنی ئەو هەموو باڵەخانە و یەكەی نیشتەجێیانەدا، هاووڵاتیانی چین توانای كڕینی ئەو خانوانەیان نییە و خانو، یان یەكەی نیشتەجێ كۆنەكانیش رۆژ بە رۆژ نرخیان بەرزدەبێتەوە، ئەمە وای كردووە لاوانی ئەو وڵاتە نەتوانن بە ئاسانی خێزان پێكبهێنن، ئەوەتا بە پێی ئامارەكان، لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی شوكردن و ژنهێنان لە چین %30 دابەزیوە، ئەمە كێشەیەكی دیكە بۆ چین دروستدەكات، ئەویش ئەوەیە، بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی پێكهێنانی خێزان و شوكردن و ژنهێنانەوە، چین رووبەڕووی قەیرانی دیمۆگرافی دەبێتەوە، چونكە دابەزینی ئاستی پێكهێنانی خێزان، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی لەدایكبوان، ئەوەش واتە كەمبوونەوەی هێزی كار و شانبەشانی ئەوەش بەرزبوونەوەی رێژەی بەساڵاچوان و خانەنشینكراوان. 
داهاتوویەكی نادیار
ئەم قەیرانە هەواڵێكی خۆش نابێت بۆ داهاتووی چین، بە تایبەتیش كە چین ئێستا لەسەر ئاستی جیهان دووەم هێزی گەورەی ئابوورییە، لە دوای ئەمریكا و هەوڵی ئەوەش دەدات لە داهاتوودا ببێتە هێزی یەكەم، پێشتریش ئابووریناسان پێشبینی ئەوەیان كردبوو، كە تا ساڵی 2050 چین پێش ئەمریكا دەكەوێت و دەبێتە یەكەم زلهێزی ئابووری، ئێستاش بەو هەموو كێشانەوە، ئەگەری هەڵكشانی توانای ئابووری چین دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، دەوڵەتەكەش تا ئێستا بە رەسمی وەڵامێك، یان پێشنیازێكی رانەگەیاندووە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانەی كە وەبەرهێنانی كەرتی خانوبەرە و كەڵەكەبوونی قەرزەكان دروستیان كردووە.

سەرچاوە: شبكة النبأ المعلوماتیة

بابەتە پەیوەندیدارەکان