فەلاح ئەحمەد رەشید - سوید
دوای داگیركردنی هەولێر لە 31ی ئابی 1996دا لەلایەن پارتی و سوپای بەعسەوە، جۆرەها تاوان بەرامبەر پێشمەرگە و كەسوكاریان كرا، یەكێك لەوانەش، شەهیدكردنی (ئەمجەدی حاجی غالی و ئەحمەد سۆیلەمێشی و مامۆستا ستار و فایەقی رابە)بوون، كە رۆژی 13/9/1996 لە گوندی (دێ سووتك)ی بناری بەمۆ بە دیلی كەوتنە دەست هێزەكانی پارتی و لە شەوی 21\22/9/1996، لە سلێمانی بە چەكی قورس، شەهیدكران.
شەهید ئەمجەد حاجی غالی
ساڵی 1955 لە یەكێك لە بنەماڵە دیارەكانی هۆزی یاروەیسی جاف، لە گوندی بەشارەتی خواروو لە دایكبووە.
خوێندنی سەرەتایی لە ناحیەی سیروان تەواوكردووە، ساڵی 1978 بۆتە پێشمەرگە لەگەڵ حامیدی حاجی غالی براگەورەی و بەشداریی دەیان داستان و نەبەردی كردووە و سێجاریش بە سەختی برینداربووە.
ساڵی 1992 بە پلەی رائید وەك فەرماندەی سریە دەستبەكاربووە و دڵسۆزانە ئەركەكانی جێبەجێكردووە.
دوومانگ بەرلە شەهیدبوونی، كراوەتە جێگری فەرماندەی لەشكری شارەزوور.
شەهید مامۆستا ستار
ناوی تەواوی ستار عومەر ئەحمەد شاسوار بوو، ساڵی 1962 لە گوندی كانی میل لە هۆزی (وەیس وەیس) لە دایكبووە.
قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لە شارەزوور و خانەی مامۆستایانیشی لە سلێمانی تەواوكردووە.
ساڵی 1977 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و كادرێكی چالاك و خۆشەویستی ناو هەڤاڵەكانی بووە و رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە رێكخستنەكانی شارەزووردا.
دوای شەهیدبوونی (عەلی عومەر)ی برای، لەساڵی 1982دا بووە بە پێشمەرگە، هاوكات وەك مامۆستای شۆڕشیش لەگوندەكاندا خزمەتی كردووە.
ساڵی 1991 سەرپەرشتیی راپەڕینی ناوچەی زەڕایەنی كردووە، سەرپەرشتیاری رێكخستنەكانی یەكێتی بووە لەو سنوورە و لێپرسراوی كەرتی رێكخستنی زەڕایەن بووە.
ساڵی 1992 ئەندامی یەكەم كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، هەمان ساڵ كراوەتە كارگێڕی كۆمیتەی رێكخستنی دەربەندیخان، ساڵی 1993 كراوەتە ئەفسەری ئاسایش و بەڕێوەبەری ئاسایشی دەربەندیخان، ساڵی 1996 بەشداریی خولی یەكەمی ئاسایشی كردووە و دوا پلەی (رائید) بووە.
شەهید ئەحمەد سۆیلەمیشی
ناوی تەواوی ئەحمەد محەمەد ئەمینە، رۆژی 5/1/1961 لە گوندی (سۆیلەمیش)ی شارەزوور لەدایك بووە.
رۆژی 7/7/1978 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ لە هەرێمی یەك، بەهۆی ئازایەتی و قارەمانێتییەوە كراوەتە جێگری فەرماندەی كەرت لە تیپی 15ی شارەزوور و دواتریش فەرماندەی كەرت لە تیپی 55ی قەرەداغ.
بەشداریی زۆربەی داستانەكانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی كردووە و لە راپەڕینی ساڵی 1991یشدا رۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە ئازادكردنی (ئۆردوگای نەسر و شارەزوور و دەربەندیخان).
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا سێ جار بەسەختی بریندار بووە و بەو هۆیەشەوە كەمئەندام بووە.
دوا پلەی پێشمەرگایەتی، جێگری فەرماندەی لەشكری شارەزوور بووە.
شەهید فایەقی رابە
ناوی تەواوی فایەق تۆفیق عەلی، ساڵی 1970 لە گوندی (هەیاس)ی ناوچەی شارەزوور لە دایكبووە.
خوێندنی سەرەتای لە قوتابخانەی (قانع) لە سەید سادق تەواوكردووە.
ساڵی 1986 بوووە بە پێشمەرگە لە تیپی 15ی شارەزوور و رۆڵی بەرچاو و كاریگەری هەبووە لە چەندین نەبەردی و داستانی گەورەدا.
لە سەرپەرشتی و رێنوێنیكردنی خۆپیشاندانەكەی ساڵی 1987دا لە سەید سادق رۆڵی كاریگەری هەبووە و ساڵی 1988 یش لە گرتنی رەبایەكانی شنروێ و عەنەبدا بەشدارێكی كارا بووە.
لە سەروبەندی ئەنفالەكاندا لە كونە كۆتر و وەرتێ و كاروخ و قڕناقە و پشتئاشان و سادر بەشداریی شەڕەكانی بەرگریی كردووە.
ساڵی 1990 وەك پارتیزان درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی داوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە ئازادكردنی سنووری گەرمیاندا.
دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەزگای دەوڵەتیدا خزمەتی كردووە، دوا ئەركیشی جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی شارەزوور بوو بە پلەی ملازم.