رۆژنامەی لومانیتێی فەرەنسا و چەند سەرنجێک

10:17 - 2023-09-21
کەلتور
208 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا و سێباستیان کڕێپل

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

رۆژنامەی لومانیتێی فەرەنسا یەکێکە لە رۆژنامە ناسراوەکانی فەرەنسا و ساڵی   1904  دامەزراوەو زمانحاڵی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا بووە، لە ساڵی داهاتوودا یادی 120 ساڵەی دەکرێتەوە. لە میانی سەردانەکەمدا بۆ فەرەنسا، توانیم سەردانی ئەم رۆژنامە ناسراوەی فەرەنسا بکەم و لە نزیکەوە کارمەند و بەرپرسانی ئەم رۆژنامەیە بناسم و ئاگاداری شێوازی کارکردنیان ببم. لە هەمووشی گرنگتر بەلای منەوە، بەشداربوونم بوو لە کۆبوونەوەی تایبەتی رۆژانەیان، کە ئەمەش بۆ من ئەزموونێکی زۆر نوێ و گرنگ بوو، لەهەمانکاتیشدا مایەی شانازییم بوو، چونکە عادەتەن لە کۆبوونەوەی رۆژانەدا، تەنها ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ئەو رۆژنامەیە بەشدار دەبن.
لە کاروانی رۆژنامەگەری جیهانی دوانەکەوتووین
لەمیانی ئەم سەردانەمدا، هەستمکرد کە ئێمە بە گشتی و کوردستانی نوێش بەتایبەتی، لە کاروانی رۆژنامەگەری جیهانی دوانەکەوتووین، چونکە هێندە جیاوازیی زۆرم لە نێوان ئەوان و  ئێمەدا بەدی نەکرد. تەنها چەند سەرنج و جیاوازییەکی کەم نەبێت.
لە رووی جێندەرییەوە تاڕادەیەکی باش یەکسانییم پێوە بینی، بەشی کارمەندی ژن ئەگەر زۆرتر نەبووبێت لە پیاو، کەمتر نەبووە. لە کۆی ئەو 60 رۆژنامەنووس و کارمەندەی کە لەو رۆژنامەیەدا کار دەکەن، بەشێکی باشی ژنی تێدایە. جگەلەوەش پەیامنێرێکی زۆریشی هەیە، بەڵام پەیامنێرەکان بەپێی بابەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و کارمەندی رۆژنامەکە نین.
لەلایەکی ترەوە لە کۆبوونەوەی رۆژانەشدا تەنها رۆژنامەنووسەکان بەشدارنەبوون، بەڵکە بەشی دیزاینیی رۆژنامەکەش بەشدار دەبوون و بۆچوونی خۆیان لەبارەی وێنە و فۆرمی رۆژنامەکە دەردەبڕی، لە هەمووشی گرنگتر بەلای منەوە، بوونی رۆحێكی هاوڕێیەتی و هەڤاڵانە بوو، هەموو رۆژێک بە گیانی هەڤاڵانەوە رۆژنامەکەیان دەخوێندەوەو بۆچوون و رەخنەی خۆیان لەبارەی رۆژنامەکەوە دەردەبڕی.
پشتیان بە کەسانی پسپۆر دەبەست
خاڵێکی تایبەت بەلای منەوە ئەوەبوو، کە رۆژنامەکە جگە لە رۆژنامەنووسانی خۆی، بۆ زۆر بابەتی نێوەدەوڵەتی پشتیان بە کەسانی پسپۆر دەبەست، بۆ نموونە لەبارەی گەلی کوردەوە دوو کەسایەتییان هەبوو کە پسپۆربوون لە بارەی دۆزی کوردەوە، بۆ وڵاتانی تریش، پسپۆری خۆیان هەیە. ئەم پسپۆری و تایبەتمەندییە، گرنگی زیاتر بە ناوەڕۆکی بابەت و راپۆرت و وتارەکانی رۆژنامەکە دەدات، هەموو کەسێک خۆی  لە بابەتە نێودەوڵەتییەکان هەڵناقورتێنێت.
ئەم رۆژنامەیە هەرچەندە رۆژنامەیەکە سەر بە پارتی کۆمۆنیستە، بەڵام دروشم و سیاسەتی حزبەکە هێندە بە زەقی بەسەر رۆژنامەکەوە دیار نییە، بۆ نموونە ئەو رۆژەی من لەوێ بووم، مانشێتی رۆژنامەکە  وێنەیەکی گەورەی تیپی رەگبی فەرەنسا بوو، واتە مەرج نییە لاپەڕەی یەکەم سیاسەت بێت، بگرە زۆرجار رووداوی گرنگی رۆژ چی بووە ئەوە دەکرێتە لاپەڕەی یەکەم و مانشێتی رۆژنامەکە. بەڵام لە لاپەڕەکانی  رۆژنامەکەدا، فیکری کۆمۆنیستی زاڵە بەسەر  رۆژنامەکەدا، تەنانەت نەک بۆ فەرەنسا، بگرە لە سۆنگەی فیکری مارکسیزم و چەپەوە سەیری جیهان دەکەن و شڕۆڤەی روودا و بابەتەکان دەکەن. 
هەروەها ئەم رۆژنامەیە جگە لەوەی رۆژنامەیەکی رۆژانەیە، بەڵام هەفتانەش گۆڤارێکی تایبەتی هەیە، کە زیاتر  وەکو هەفتانەی رۆژنامەکە وایە  و هەر بە ناوی رۆژنامەکەشەوە دەردەچێت، بەڵام بەشیوەی گۆڤار.
دەتوانم بڵێم سەردانی ئەم رۆژنامەیە بۆ من زۆر گرنگ بوو، چونکە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەزموونی کاری رۆژنامەوانی فەرەنسا بووم، سوودی زۆریشـم لە ئەزموون و کاری 
ئەوان بینی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان