ئاكار نه‌جم
گیلۆت ژنه نیگاركێشه فه‌ره‌نسییه به‌عومره‌كه، له ساڵی 1921 له‌دایكبووه و هێشتا له ژیاندا ماوه، ته‌مه‌نی 102 ساڵه و زه‌ینی پڕه له حیكایه‌تی سه‌ده‌یه‌ك له شه‌ڕ و وێرانكاری، دڵخواز و عاشقی هونه‌رمه‌ندی مه‌زنی جیهان پیكاسۆ بووه و بۆ خۆشی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ره، له ماوه‌ی ده ساڵی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌ته‌ك پیكاسۆدا كچێك و كوڕێكی لێی بووه، به‌ڵام دوای جیابوونه‌وه‌ی له پیكاسۆ گرژی كه‌وته نێوانیانه‌وه و گیلۆت ده‌یویست پیكاسۆ له‌و میراته‌ی هه‌یه‌تی به‌شی ئه‌و دوو منداڵه بدات كه منداڵی هه‌ردووكیانن.
نیگاركێش و ره‌خنه‌گر
گیلۆت خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تابلۆ و وتار و بابه‌تی ره‌خنه‌یی و هونه‌رییه. ئه‌م خانمه باریكه‌له پیره هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای هونه‌ری هه‌بووه و حه‌زی له وێنه‌كێشان بووه. له‌م ته‌مه‌نه درێژه‌ی ژیانیدا به‌یه‌كێك له ژنه ناسراوه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو و ئه‌م سه‌ده‌یه ناسراوه، به نووسین و وتاره ره‌خنه‌ییه‌كانی به هونه‌ره‌كه‌ی و چیرۆكی ئه‌ویندارییه‌كه‌ی له ته‌ك پیكاسۆدا.
له نووسه‌ره پڕ فرۆشه‌كانه
فرانسوا گیلۆت له 26ی تشرینی دووه‌می 1921 له شاری نیویلی سور سێنی فه‌ره‌نسا له‌دایكبووه، باوكی بازرگان و شاره‌زای كشتوكاڵ بووه، دایكی هونه‌رمه‌ند بووه. گیلۆت هونه‌رمه‌ند و ره‌خنه‌گری بواری هونه‌ره. له دنیای نووسینیشدا یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی خوێنه‌ریان زۆره، له پڕ فرۆشترین نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرانی فه‌ره‌نسایه. ئه‌م نووسه‌ره له ساڵی 1973 وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری گۆڤاری زانستی ڤێرجینیا وۆڵف چاره‌كلی ده‌ستنیشان كرا. له ساڵی 1976 بوو به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هونه‌ره جوانه‌كان له زانكۆی باشووری كالیفۆرنیا و له‌وێ خولی هاوینه‌ی كردۆته‌وه. له ساڵانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كاندا دیزاینی جلوبه‌رگ و سێتی شانۆ و ده‌مامكی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی له نیۆرك كردووه. له ساڵی 1990 خه‌ڵاتی شیڤالیێر دی لا لیجیۆنی پێبه‌خشراوه.
به‌دوای خه‌ونه‌كانیدا چووه
گیلۆت به منداڵی به ده‌ستی چه‌پ نووسیوێتی، به‌ڵام له ته‌مه‌نی چوار ساڵیدا باوكی ناچاری كردووه به ده‌ستی راست بنووسێت. ئیدی گیلۆت وای لێهات به‌هه‌ردوو ده‌ستی ده‌ینووسی. ئه‌م خانمه هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای هونه‌ری نیگاركێشانی هه‌بووه و دایكی یارمه‌تی داوه بۆ وێنه‌كێشان. پاشان له‌لایه‌ن مامۆستای هونه‌ریی دایكییه‌وه" مێلێ مێۆگا" شه‌ش ساڵ هونه‌ری خوێندووه و له زانكۆی كامبریج و په‌یمانگای به‌ریتانی له پاریس ئه‌ده‌بی ئینگلیزی خوێندووه. له كاتێكدا كه راهێنانی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته پارێزه‌ر، گیلۆت به‌و شێوه‌یه ناسرابوو وانه‌كانی یاسای به‌یانیان به‌جێده‌هێڵێت بۆ ئه‌وه‌ی به دوای خولیای راسته‌قینه‌ی خۆیدا بگه‌ڕێت كه هونه‌ر بوو.
زانیاری له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌ی یۆنانی هه‌بووه
له ساڵی 1938 له زانكۆی سۆربۆن بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له فه‌لسه‌فه و له ساڵی 1939 له زانكۆی كامبریج بڕوانامه‌ی زمانی ئینگلیزی به‌ده‌ستهێناوه، له ساڵی 1943 یه‌كه‌م پێشانگای كردۆته‌وه. باوكی فرانسوا ئیم‌یل، پیاوێكی خوێنده‌وار بوو، وه‌ك كارگه‌یه‌كی كیمیایی و ئه‌ندازیاری كشتوكاڵی كاری ده‌كرد، حه‌زی ده‌كرد كچه‌كه‌ی وه‌ك خۆی خوێنده‌وار بێت و له نزیكه‌وه سه‌رپه‌رشتی خوێندنی كچه‌كه‌ی ده‌كرد. گیلۆت له ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه له ماڵه‌وه خوێندوویه‌تی و تا ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی 6 ساڵ بووه، زانیارییه‌كی باشی له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌ی یۆنانی هه‌بووه. له ته‌مه‌نی چوارده ساڵیدا كتێبه‌كانی ئه‌دگار ئالان پۆ و بۆدلێر و ئه‌لفرێد جاری خوێندۆته‌وه له كاتێكدا باوكی حه‌زی كردووه كچه‌كه‌ی بچێته قوتابخانه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته زانا یان پارێزه‌ر.
له ساڵی 1939دا، باوكی گیلۆت هێشتا ده‌یویست بڕوانامه‌ی یاسای به‌ده‌ست بێنێ و به‌هۆی ترسی ئه‌وه‌ی كه پاریس له كاتی شه‌ڕدا بۆردومان بكرێت، گیلۆت ره‌وانه‌ی ڤین-فێران كرا، له ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا وازی له خوێندنی یاسا هێنا بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی بۆ هونه‌ر ته‌رخان بكات.
پیكاسۆی چۆن ناسی
گیلۆت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فره به‌هره بووه و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا و به‌سه‌لیقه بووه، به‌ڵام ناسینی پیكاسۆ زیاتر به جیهانی ناساندووه. ته‌مه‌نی 21 ساڵ بوو كاتێ پابلۆ پیكاسۆی 61 ساڵانی ناسی. پیكاسۆ بۆ یه‌كه‌مجار له به‌هاری ساڵی 1943 له چێشتخانه‌یه‌كدا ئه‌و خانمه‌ی بینی، خۆشه‌ویسته‌كه‌ی" دۆرا مار" وێران بوو كاتێك زانی پیكاسۆ دڵی داوه به گیلۆت. دوای ئه‌وه‌ی پیكاسۆ و گیلۆت یه‌كتریان ناسی، له ساڵی 1946 به‌یه‌كه‌وه ژیان و نزیكه‌ی 10 ساڵ پێكه‌وه بوون.
هه‌ندێك له مێژوونووسانی هونه‌ر پێیان وایه په‌یوه‌ندی گیلۆت و پیكاسۆ ژیانی هونه‌ری سنووردار كردووه. پیكاسۆ و گیلۆت وه‌ك دوو هاوسه‌ر به‌یه‌كه‌وه نه ژیان، به‌ڵكه وه‌ك دوو هاوڕێ، دوو منداڵیشیان هه‌بووه، كوڕه‌كه‌یان كلۆد له ساڵی 1947 له‌دایكبووه و كچه‌كه‌یان پالۆما له ساڵی 1949 له‌دایكبووه، دوای 11 ساڵ له جیابوونه‌وه، گیلۆت كتێبی ژیانی له‌گه‌ڵ پیكاسۆ (له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌گری هونه‌ری كارڵتۆن له‌یك)ی نووسی، كتێبێك كه زیاتر له یه‌ك ملیۆن دانه‌ی لێ فرۆشرا، ئه‌و كتێبه به‌لای ره‌خنه‌گران و جه‌ماوه‌ری هونه‌ره‌وه ئه‌وه‌نده گرنگ بووه بۆ چه‌ندین زمان وه‌رگێڕدراوه. هه‌وڵه یاساییه‌كانی پیكاسۆ بۆ را‌گرتن و رێگری له بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. هه‌ر بۆیه له‌و كاته‌وه پیكاسۆ ره‌تیكرده‌وه جارێكی تر كلۆد یان پالۆما ببینێته‌وه. قازانجی كتێبه‌كه‌ش بۆ یارمه‌تیدانی كلۆد و پالۆما بوو، تاوه‌كو به پاره‌ی ئه‌و كتێبه كه‌یسێكیان كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببنه میراتگری یاسایی پیكاسۆ. كاتێك فرانسوا گیلۆت بڕیاری دا دوو منداڵه بچووكه‌كه‌ی ببات و پابلۆ پیكاسۆ به‌جێبهێڵێت له ساڵی 1953 و كۆتایی به په‌یوه‌ندی ده ساڵه‌ی نێوانیان هێنا. ژیانی دوای پیكاسۆ سه‌رگه‌رمییه‌كی به‌رده‌وام بوو بۆ فرانسوا دوای دابڕانی له پیكاسۆ له ساڵی 1955 شووی به هونه‌رمه‌ندی وێنه‌كێشی فه‌ره‌نسی لۆك سیمۆن كرد و تاوه‌كو ساڵی 1962 به‌یه‌كه‌وه بوون و پاشان له‌ویش جیابۆوه و له ساڵی 1970 شووی به جۆناس سولك كرد و تاوه‌كو ساڵی 1995 به‌یه‌كه‌وه بوون. ئه‌م هونه‌رمه‌نده بیره‌وه‌ری سه‌ده‌یه‌كی له‌زاكیره‌یدا هه‌ڵگرتووه. خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی ره‌خنه‌یییه.
منداڵه‌كانی گیلۆت و پیكاسۆ
كلۆد رویز پیكاسۆ فۆتۆگرافه‌ر و سینه‌ماكار و ده‌رهێنه‌ری فیلم و هونه‌رمه‌ندێكی فه‌ره‌نسییه. منداڵی فرانسوا گیلۆت و پابلۆ پیكاسۆیه و به‌خواستی گیلۆت ناوی لێ‌نرا كلۆد گیلۆت. له 15ی ئایاری 1947 له بۆلۆن، فه‌ره‌نسا له‌دایكبووه.
پالۆما پیكاسۆ كچه‌كه‌ی گیلۆت و پیكاسۆ له 19ی نیسانی 1949 له پاریس له‌دایك بووه، دیزاینه‌ری جلوبه‌رگه. به‌ناوبانگه به كۆمه‌ڵه زه‌ڕه‌نگه‌رییه‌كانی بۆ كۆمپانیای تیفانی و كۆمپانیا. كه ئه‌ویش دیزاینی كردووه. پالۆما پیكاسۆ نوێنه‌رایه‌تی زۆر له به‌رهه‌مه‌كانی باوكی كردووه، وه‌ك پالۆما به پرته‌قاڵێك و پالۆما به ره‌نگی شین. خوێندنی فه‌رمی له بواری دیزاینی زه‌ڕه‌نگه‌ریی به‌ده‌ستهێناوه.
گیلۆت