وته‌بێژی كۆنگره‌: له ‌كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌به‌كان 260 ئه‌ندامی كۆنگره‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن

12:13 - 2023-09-21
کوردستان
445 جار خوێندراوەتەوە

كۆنفرانسی مەڵبەند و مەكتەبەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیپێكرد و سێ هەزار و 274 ئەندام بەشدار دەبن بۆ هەڵبژاردنی 260 ئەندامی بەشداربووی پێنجەمین كۆنگرە.
تەلار لەتیف، وتەبێژی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی بەسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە كۆنفرانسی مەڵبەند و مەكتەبەكاندا ئەندامانی بەشداربووی كۆنگرە بەشێوەیەكی دیموكراسی هەڵدەبژێردرێن، لەو چوارچێوەیەشدا لە سەعات 8ی بەیانییەوە كۆنفرانسەكە دەستیپێكردووە و بڕیارە تا سەعات 4 ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بێت".
وتیشی، "لە مەڵبەندەكان دوو هەزار و 495 ئەندام مافی دەنگدانیان هەیە و 175 ئەندامی كۆنگرە هەڵدەبژێرن، لە مەكتەبەكانیش 779 ئەندام مافی بەشداریكردن لە دەنگدانانیان هەیە و 85 ئەندامی كۆنگرە هەڵدەبژێرن".
هەر لەوبارەیەوە ستران عەبدوڵڵا، لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی گەلی كوردستان رایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی كۆنفرانسی سەرجەم مەڵبەند و مەكتەبەكانی یەكێتی دەستیپێكردووە و هەڤاڵان لە پڕۆسەیەكی دیموكراسیدا نوێنەرەكانیان دەنێرنە كۆنگرە".
وتیشی، " بڕیارە كۆنگرەی یەكێتی لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، لە رۆژی یەكەمدا میوانێكی زۆر بانگهێشت دەكرێن كە ئەمەش نەریتێكی سەركەوتووی سەرۆك مام جەلال بووە و لە رۆژانی دوواتریشدا كۆنگرە بەردەوام دەبێت".
راشیگەیاند: "كۆنگرە نوێگەری لە كار و كۆدەنگی لە بڕیار بۆ داهاتووی یەكێتی دێنێتە كایەوە، ئەمە جگە لەوەی گۆڕانكاری لە پەیڕەوی حزب و ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتیدا دەكات".
بڕیارە رۆژی 27ی 9ی 2023 پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی لە سلێمانی ببەسترێت و 600 ئەندام بەشداری تێدابكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەعات 8ی بەیانی بۆ 4ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 21-9-2023، لە پڕۆسەیەكی دیموكراسیدا كۆنفرانسی مەڵبەند و مەكتەبەكان بەردەوام دەبێت.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان