لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو بانكانە كۆبووەوە كە بڕیارە قەرز بدەن بە هەرێمی كوردستان. هەر لەو چوارچێوەیەدا د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی رایگەیاند: رۆژی 20-9-2023، لە چوارچێوەی بەدواداچوونەكانی لیژنەی دارایی بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی، لیژنەی بەدواداچوونی كاری بانكەكان لە لیژنەی دارایی میوانداری بەڕێوەبەری بانكەكانی رەشید، رافیدەین و TBIیان كرد، بۆ پرسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی 700 ملیاری دیناری مانگانە بە قەرز بە هەرێمی كوردستان بۆ مانگەكانی 9، 10، 11".
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو لە كۆبوونەوەكەدا، بانكەكان ئاماژەیاندا بەوەی پێدانی ئەو قەرزە پێویستی بە چەند رێكارێكی كارگێڕی هەیە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو دەكرێن.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو قەرزە سوودی لەسەرە یان نا؟ لەوەڵامدا د. نەرمین مەعروف رایگەیاند ئەوە دەسەڵاتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانكەكانە و هێشتا بڕیاریان لێ نەداوە بەڵام لە بارمتەی ئەو قەرزەدا، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ئەسپاردەیەكی هاوتای قەرزەكە لەو بانكانە دادەنێت لە بەرامبەر كاتی گێڕانەوەی بڕی قەرزەكە لە پاكتاوی دارایی پشكی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوودا.