خزمەتکردنی هەڵەبجە پرسێکی ئەخلاقییە

04:02 - 2023-09-21
کوردستان
227 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە ئەحمەد جەبووری (ئەبو مازن)، ئەمینداری گشتیی پارتی ئەلجەماهیر.
لەدیدارێکدا چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆی لەبارەوەکرا و داواکرا هەموولایەنەکان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هاوکار و هەماهەنگبن.
لەدرێژەی دیدارەکەدا ئیدانەی هێرشە تیرۆریستیەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت کرا و جەخت لە یەکخستنی هەڵوێستەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کرایەوە، داواشکرا بەزووترین کات ئەو کێشانە چارەسەربکرێن کە پەیوەستە بە مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی کرد بۆ چارەسەری کێشەکان و رایگەیاند، پشتگیریی هەر هەنگاوێک دەکەین کە ئامانج لێی بەدیهێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ هاوڵاتییان، هەماهەنگی و کاری هاوبەشیش فاکتەری سەرەکیی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەیە.
لەبارەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی شارەکەوە، سەرۆک بافڵ داوای یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی کرد و رایگەیاند، خزمەتکردنی هەڵەبجە پرسێکی ئەخلاقییە و دەبێت هەمووان پێکەوە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان بدەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان