سەرۆک بافڵ لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبۆوە

06:03 - 2023-09-21
عیراق
344 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا کۆبۆوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی فراکسیۆنی یەکێتی کرد بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، مووچە و قووتی خەڵکی هەرێم و پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان راپەڕاندووە و هەوڵەکانیان لەپێناوی پاراستنی بەرژوەندییەکانی کوردستاندا بووە. داواشیکرد، بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەکەن.

سەرۆک بافڵ داواشی لە فراکسیۆنی یەکێتی کرد، هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن لە خواستەکانی خەڵکدا بن و پەرلەمان بکەن بە سەکۆی بەدیهێنانی مافەکانیان، لەبارەی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە سەرۆک بافڵ وتی، خزمەتکردنی هەڵەبجە ئەرکتانە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکاندا هەماهەنگبن تاوەکو کۆدەنگییەکی نیشتمانی سەبارەت بەو پرسە دروست دەکرێت. 
لەبارەی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان فراکسیۆنە کوردییەکانەوە لە بەغدا، سەرۆک بافڵ فراکسیۆنی یەکێتی راسپارد، لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنە کوردییەکان هاوکاربن و وەک بەرەیەکی کوردستانی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەل بکەن و دوور لە هەموو لایەنگیرییەکی ‌حزبی نوێنەری کورد و کوردستان بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان