جەماوەر چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن رەفتار دەکات؟

09:13 - 2022-05-18
دووتوێ
310 جار خوێندراوەتەوە

خوێندنەوەیەک بۆ سایکۆلۆجیای جەماوەر

ئا: کوردەوان محەمەد سەعید

گۆستاڤ لۆبۆن

جەماوەر ناتوانێ بە ئاوەز بڕیار بدات، لە گیانی رەخنەگرانەش بێبەشە، لەبەرئەوە زۆر خۆشباوەڕە و زۆر زوو باوەڕ دەکات. توانایەکی لەڕادەبەدەریشی هەیە لە فووکردنە شتەکان و شێواندنیاندا. جەماوەر تەنیا لە رێگەی هەست و سۆزی پەڕگیرانە و دروشمی توندوتیژانەوە دەتوانرێ ببزوێنرێ

دەستەواژەیەک هەیە بە ناوی سایکۆسۆسیۆلۆژیا، واتە زانستی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی، کە ئێستا بۆتە یەکێک لە گرنگترین زانستە مرۆییەکان، گۆستاڤ لۆبۆن یەکەم کەس بوو قسەی لەسەر ئەم زانستە کرد، ئەویش لەو کتێبەیدا کە وا لەبەر دسەتماندایە، ئەم کتێبە بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە دەروونی جەماوەر و شێوازی بیرکردنەوەی و ئەو هۆکارانەش کە کاری تێدەکەن و دەبنە بنەما بۆ رەفتارەکانی. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئەم کتێبە بۆتە رێبەر و سەرچاوە بۆ دەسەڵاتدار و رێبەرانی بزوتنەوە جەماوەرییەکان، بۆ تێگەیشتن لە دەروونی جەماوەر و ئاراستەکردنی بەرەو ئاڕاستەی دڵخوازی سەرۆک، باشترین نموونەش ئەو جەماوەرە زۆرەیە کە هیتلەر لە جەنگی دووەمی جیهانیدا کۆیکردنەوە و بەکاریهێنان.
نەک هەر کتێبەکە، بگرە لۆبۆن خۆیشی ببووە سەرچاوە و سەرکردەکان سەردانیان دەکرد و لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەیەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکرد، ئەو کتێبە لەگەڵ ئەوەشدا کە 150 ساڵ بەسەر نووسینیدا تێپەڕێوە، تا ئێستاش پێزی خۆی لەناو رووناکبیراندا لەدەست نەداوە، نووسەر لەم کتێبەدا وەڵامی روونی بۆ کۆمەڵە پرسیارێکی زۆر لەبارەی جەماوەرەوە پێیە، بۆ نموونە: جەماوەر چۆن دەجوڵێت؟ گروپە شۆڕشگێڕەکان چۆن دروست دەبن؟ چی وا لەجەماوەر دەکات هەمووان لەبۆتەی یەک ئامانجدا بتوێنەوە؟ تۆ بڵێی بیروباوەڕێکی دیاریکراو بێت یان ئایین؟ رۆڵی سەرکردە لە شۆڕشەکاندا چییە؟ لە هەمووی هەستیارتر ئەو پرسیارەیە کە دەڵێ: جەماوەر بە سروشتی خۆی هۆشیار و دیموکراتە یان تەنیا بوونەوەرێکی هەڵچووە؟

سەردەمی جەماوەر:
ئەو کودەتا گەورانەی بەر لە گۆڕانی شارستانییەکان روو دەدەن، وا دەردەکەون کە بەهۆی گۆڕانکاری گەورەی سیاسییەوە روو دەدەن، بەڵام بە لێکۆڵینەوەی ورد دەردەکەوێ هۆکاری راستەقینە، گۆڕانکاریی قووڵە لەهزری گەلاندا، سەردەمی ئێستامان سەردەمی گۆڕانکارییە، رەگوڕیشەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ دوو کارکردی بنەڕەتی: تێکشکاندنی بیروباوەڕە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ هاتنە ئارای مەرجی نوێ بۆ مانەوە و بیرکردنەوە. راستییەکەی سەردەمی نوێ سەردەمی راگوزەری پڕ لە ئاژاوەیە و ئاسان نییە پێشبینی بکرێت داهاتوو بە چی دەگات. لەکاتێکدا کە هەموو بیروباوەڕە کۆنەکانمان هەرەس دەهێنێت و ستوونە کۆنەکانی یەک لەدوای یەک دەکەون، دەبینین خەباتی جەماوەر تاکە هێزە کە هیچ شتێک هەڕەشەی لێ ناکات، لەبەرئەوە ئەم سەردەمە هەر بەڕاستی سەردەمی جەماوەرە، چونکە ئێستا پێوەری میللەتان ئەنجومەنی دەسەڵاتدارەکان نییە، بەڵکو رۆحی جەماوەرە، هێزی جەماوەر سەرەتا وا سەریهەڵدا، کە لە هزرو دەروونی هەندێک کەسدا چەکەرەی کرد و دواتر بەهۆی گردبوونەوەی جەماوەری جۆراجۆرەوە پەرەیسەند، چونکە ئەو گردبوونەوانە بوونەهۆی گەڵاڵەبوونی هزری جەماوەر و پاشان وردە وردە سەندیکا و بۆرسەی کاریان پێکهێنا و لەوێشەوە نوێنەری خۆیان ناردە ئەنجومەنە حکومییەکان.
بنیاتنانی هەر شارستانییەک، رێسای جێگیر و سیستمی دیاریکراوی هەیە، دەبێ لە قۆناغی خۆڕسکەوە هەنگاو بنێت بۆ قۆناغی ئاوەز و توانای پێشبینی داهاتوو بگۆڕێت بۆ ئاستێکی بەرزی رۆشنبیری، بەڵام ئەم تایبەتمەندییانە لە جەماوەردا نییە، جەماوەر توانایەکی وێرانکەری هەیە و وەک ئەو میکرۆبانە کار دەکات کە دەبنە یارمەتیدەر بۆ شیکردنەوەی جەستە لاوازەکان یان شیکردنەوەی لاشە، کەواتە ناسینی دەروونی جەماوەر سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دەسەڵاتدارێک کە نەیەوێت بە تەنیا خۆی حوکم بکات، هەموو دەسەڵاتدارە مەزنەکان بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن دەروونناس بوون، بۆ نموونە ناپلیۆن بۆناپارت زۆر بە جوانی لەسەر دەروونی جەماوەر کاری دەکرد، جگە لەوەش جەماوەر ناتوانێ راوبۆچوونی دیاریکراوی خۆی هەبێت، بەڵکو بە گوێیدا دەدرێت، لەبەرئەوە دەکرێ باجێکی زۆر ستەمکارانە لای جەماوەر رەنگە بە پڕۆسەیەکی ئاسایی وەربگیرێت، بە تایبەت ئەگەر زۆر دیار و بەرچاو نەبێت، چونکە مرۆڤ بە گوێرەی بنەما تیۆرییەکانی ئاوەز رەفتار ناکات.

وشەی جەماوەر:
لە واتا ئاساییەکەیدا واتە کۆمەڵێک خەڵک کە لە شوێنێک کۆبوونەتەوە، ئەوجا ئەو خەڵکە هەر ناسنامەیەکی هەبێت، لە رووی دەروونییەوە ئەو کۆمەڵە خەڵکە هەندێک تایبەتمەندی هاوبەش وەردەگرن کە جیاوازە لە تایبەتمەندی تاکەکان، هەر لێرەشەوە رۆحی جەماوەری دروست دەبێت، کە کاتییە و من ناوی دەنێم جەماوەری رێکخراو یان جەماوەری دەروونی و دەچێتە ژێر رکێفی یاسای یەک ئاوەزی جەماوەرییەوە.
تایبەتمەندییە دەروونییەکانی جەماوەر بریتین لە: نەمانی کەسێتی هۆشیار و زاڵبوونی کەسێتی ناهۆشیار، هەموان بەرەو یەک ئاراستە دەڕۆن، ئەویش بەهۆی هاندان و لاساییکردنەوەی بیری یەکدییەوە و بەهۆی حەزی گۆڕینی بیری هاندەرانەوە بۆ کرداری راستەوخۆ، بەم جۆرەش تاک تایبەتمەندی خۆڕسکی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە رۆبۆت و بە ویستی خۆی رەفتار ناکات. جەماوەر وەک مرۆڤ لە رووی هزرو ئاوەزەوە پلەی نزمترە لە تاک، بەڵام دەکرێ جەماوەریش بەرەو باشتر ببرێت، لە رێگەی جۆری هاندانەکەوە، راستە کاری جەماوەر پاڵەوانێتییەکی کوێرانەیە، بەڵام مێژووش بەم پاڵەوانێتییانە نەبێت دروست نابێت.
جەماوەر زیاتر لەو گەڵایانە دەچێت کە رەشەبا بەملاولادا پەخش و پەڵایان دەکات، ئەم تایبەتەمەندییەش وا دەکات کۆنترۆڵ کردنی قورس بێت، خۆ ئەگەر پێویستییەکانی رۆژانەی ژیان نەبوایە، کە دەبێتە جۆرێک لە رێکخەری نادیاری رووداوەکان، ئەوا سیستمە دیموکراسییەکان نەیاندەتوانی بەردەوام بن، لە هەموو جەماوەرێکیشدا رەگەز رۆڵ دەبینێت، جەماوەری لاتینی جیاوازی هەیە لەگەڵ جەماوەری ئەنگلۆسەکسۆنی، یان بۆ نموونە جەماوەری ژنان لە هەموو شوێنێک هەیە، بەڵام لاتین زۆرترین جەماوەری ژنی هەیە.
جەماوەر ناتوانێ بە ئاوەز بڕیار بدات، لە گیانی رەخنەگرانەش بێبەشە، لەبەرئەوە زۆر خۆشباوەڕە و زۆر زوو باوەڕ دەکات. توانایەکی لەرادەبەدەریشی هەیە لە فووکردنە شتەکان و شێواندنیاندا. جەماوەر تەنیا لە رێگەی هەست و سۆزی پەڕگیرانە و دروشمی توندوتیژانەوە دەتوانرێ ببزوێنرێ، چونکە گوێ لە گفتوگۆ و چەلەحانێی ژیرانە ناگرێت، چونکە ئەو تەنیا لە هەستە سادە و پەڕگیرەکان تێدەگات، چەوسانەوە و دەمارگیری دوو هەستی روون و ئاشکران بۆ جەماوەر و بە ئاسانی وەریدەگرن و بەکاریشی دەهێنن، کە جەماوەر هەمیشە ئامادەیە بۆ یاخیبوون لە دەسەڵاتی لاواز و سەر بۆ دەسەڵاتی بەهێز نەبێت ناچەمێنێ، هەر کاتێکیش هێزو هەیبەتی دەسەڵات پچڕپچڕ بوو، جەماوەر دەگەڕێتەوە بۆ سروشتەکەی خۆی و دەست دەکات بە ئاژاوە، پاشان دەبێتەوە بە کۆیلە، دووبارە ئاژاوە دەنێتەوە.
باوەڕبوون بەوەی گیانی شۆڕشگیڕانە لە سروشتی جەماوەردا چێنراوە، بێئاگایی تەواوە لە سایکۆلۆجیای جەماوەر، چونکە راپەڕینە کوتوپڕەکان کە ناوبەناو روو دەدەن، تەنیا دیاردەیەکی تێپەڕ و کاتین، ئەگەر لێیگەڕێی سەرەتا بە ئاژاوە دەست پێدەکات و دواتریش بە شێوەیەکی سروشتی بەرە و کۆیلایەتی دەچێت، راستە کە جەماوەر شۆڕش بەسەر دامەزراوەکانیدا دەکات و ناوەکانیان دەگۆڕێت، بەڵام لە دڵەوە رێزی لێدەگرێت و دەبینیت لە کۆتاییدا هەر دەگەڕێتەوە بۆ لای. دروستکردنی کاریگەریش لەسەر ئەو تاکەی بەشداریی لە جەماوەردا دەکات، لە رێگەی شکۆ و ئابڕومەندی و ئایین و نیشتمانەوە دەکرێت، کەواتە دەکرێ جەماوەر هەڵگری باڵاترین ئاکاری جوانیش بێت.

بیروبۆچوونی جەماوەر:
جەماوەر بە هەر بیروبۆچوونێک هان درابێت، ناتوانێ زاڵ بێت بەسەریدا ئەگەر لە شێوەیەکی سادەو ساکاردا نەبێت، ئەگەر بیروبۆچوونەکە سادە بوو، هەر ئەوەندەی لە ناخی جەماوەردا جێی کرایەوە، ئیدی دەبێتە هێزێک هیچ شتێک بەرگەی ناگرێت، ئەو بیروبۆچوونە پێویستی بە بەڵگەهێنانەوەش نییە تا جێی خۆی بکاتەوە، راستە حەقیقەتێکی روون و درەوشاوە گوێی لێ دەگیرێت، بەڵام دەبینیت هەمان ئەو کەسە دوای چەند رۆژێک دەگەڕێتەوە سەر قسەو باسەکانی جارانی، لەبەر ئەوەی کەوتۆتە ژێر کاریگەری بیروبۆچوونەکەی پێشووەوەو لای بۆتە هەست و سۆزی رەگداکوتاو، لەبەرئەوە جەماوەر تا رادەیەک لەو کەسە دەچێت کە دەنوێت و ئاوەزی بۆ ماوەیەکی کاتی لە کاردەکەوێ و خۆی دەداتە دەست وێنەی باق و بریق و چڕوپڕی خەیاڵ، هێزی دەوڵەتانیش هەر لەسەر بنەمای خەیاڵی گەلان دامەزراوە و زانینی هونەری دروست کردنی کاریگەری لەسەر خەیاڵی جەماوەریش واتە زانینی هونەری بەڕێوەبردنی جەماوەر.

هۆکارەکانی دروستبوونی بیروباوەڕ لای جەماوەر:
هۆکارەکانی دروستبوونی بیروباوەڕی جەماوەر دوو جۆرن: هۆکارە دوورەکان و هۆکارە نزیکەکان. هۆکارە دوورەکان وەک رەگەز، نەریتی کەڵەکە بوو، جەماوەر بوونەوەرێکی زیندووە، وەک هەر بوونەرێکی زیندووی دیکەش لە رێگەی نەریتی کەڵەکە بووەوە نەبێت گۆڕینی ئەستەمە، سەرکردە راستەقینەکانی گەلانیش بەشێکن لە نەریتی کەڵەکەبوو، بەبێ نەریتی کەڵەکەبووش شارستانی دروست نابێت، هەروەها کات یان زەمەن، چونکە کاتیش ئەو هۆکارەیە کە لەسەر ئاگرێکی هێواش بیروڕای جەماوەر پێدەگەیەنێت، هەندێک بیروڕا کە لە زەمەنێکی دیاریکراودا پێک دێت، لە زەمەنێکی دیکەدا ئەستەمە پێک بێت، چونکە سیستمە سیاسییەکانیش لە شەو و رۆژێکدا ناڕوخێن، بەڵام دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی رەگەزن، رەنگە هەندێجار بۆ دروستبوونی سیستمێکی سیاسی دیاریکراو چەند سەدەیەک پێویست بێت و چەند سەدەیەکیشی پێویست بێت تا بگۆڕێت، گەل هیچ کاتێک توانای ئەوەی نییە دامەزراوەکانی خۆی بگۆڕێت، بەڵام دەتوانێ لە رێگەی شۆڕشەوە ناوی دامەزراوەکانی بگۆڕێت. هەروەها هۆکاری پەروەردە و فێرکردن یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی بیروباوەڕ، دەتوانین بە ئاسانی بیسەلمێنین کە فێرکردن مرۆڤ ناکاتە خاوەن ئاکاری جوانتر، خۆشبەختتریشی ناکات، رەفتار و ئاکارە بۆماوەییەکانی ناگۆڕێت، خۆ ئەگەر بە شێوەیەک خراپ جێبەجێ بکرێت، ئەوا هەر زیانیشی دەبێت، وای دابنێ دەوڵەتێک بەهۆی کتێبە رەزا قورسەکانی قوتابخانەوە دروست بێت، دەی خۆ هەموو خوێندکارەکان نابنە کارمەند تیایدا، تەنیا ژمارەیەکی کەمیان بە کارمەند وەردەگیرێن و ئەوانی دی هەموو بێکار دەبن، کەواتە بە گشتی بەهۆی پەروەردە و فێرکردنەوە دەکرێ رۆحی جەماوەر باش بکرێت یان خراپ، بە هەردوو بارەکەدا کاریگەریی هەیە.
هۆکارە نزیکەکان، یان راستەوخۆکان، وەک: دروشم، خەیاڵ و بیری جەماوەر بە خێرایی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی وێنە و وشەی بەهێزی ئەوتۆ کە پەیوەست بێت بە وێنەکەوە، ئەو وشانەی ئاسان نییە واتاکەیان بە وردی دەستنیشان بکرێت ئەگەری هەیە کاریگەری گەورەتری هەبێت، بۆ نموونە وشەی (دیموکراسی)، کاتێک جەماوەر هەستی تووڕەیی دادەگرێت بەرامبەر بەو وێنە و وشە کۆنانەی لە رێگەی کودەتا سیاسییەکانەوە هاتوونەتە ئاراوە، ئەرکی یەکەمی سەرشانی دەسەڵاتداری راستەقینە گۆڕینی وشەکانە بێئەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکان دەستکاری بکات، کەواتە لێهاتوویی دەسەڵاتداران لەوەدایە کە چۆن یاری بە وشەکان بکەن.
هۆکارێکی دیکەی نزیک، وەهمە، چونکە گەلان روو دەکەنە وەهم، وەک چۆن مێروو روو دەکاتە رووناکی، هەرکەسێک توانی وەهم لای جەماوەر دروست بکات، دەتوانێ ببێتە سەرۆکیان، هەر کەسێکیش بیەوێ وەهمی جەماوەر بڕەوێنێتەوە و راستییەکەیان تێبگەیەنێت دەبێتە قوربانیی. هۆکارێکی دیکە ئەزموونە، تاکە میتۆدی کاریگەر بۆ چاندنی حەقیقەت لە رۆحی جەماوەردا بە شێوەیەکی تۆکمە و تێکشکاندن و رەواندنەوەی وەهمە مەترسیدارەکە ئەزموونە. 
بە شێوەیەکی گشتی ئەزموونی نەوەیەک سوودێکی ئەوتۆی بۆ نەوەی دوای خۆی نابێت، لەبەرئەوە پێویستە ئەزموونەکان لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی دیکە دووبارە بکرێنەوە بۆ ئەوەی کاریگەری دروست بکات  و هەڵەیەکی رەگ داکوتاو لانیکەم لەق بکات، هۆکاری ئاوەزیش لە ئارادایە، بەڵام هۆکاری نەرێنییە، لەبەرئەوەی جەماوەر کار بە ئاوەز و گفتوگۆی ژیرانە ناکات، بەڵکو کار بە هەست و سۆز دەکات و ئەوانەش کە دەیانەوێ جەماوەر ببزوێنن، هەمیشە هەست و سۆزی جەماوەر دەکەنە ئامانج نەک ئاوەز.

چەندین رێگا بۆ لە خشتەبردنی جەماوەر هەیە


بزوێنەرەکانی جەماوەر:
هەر کاتێک کۆمەڵێک بوونەوەر کۆبوونەوە، بە شێوەیەکی خۆڕسکانە خۆیان دەخەنە ژێر باڵی سەرکردەیەکەوە، ئەمە بۆ جەماوەری مرۆڤ رۆڵی مەزن دەگێڕێت، چونکە جەماوەر بریتییە لە مێگەلێک کە ناتوانێ دەستبەرداری سەرۆک بێت. بۆیە دەتوانین بزوێنەرەکانی جەماوەر بکەین بە چەند بەشێکەوە، لەوانە: چالاکوانانی خاوەن ویست و ڤیانی بەهێز، بەڵام کاتی، لەگەڵ هەندێکی دیکەیان کە ویستی بەهێز و هەمیشەییان هەیە، ئەم سەرکردانە بیروبۆچوونی خۆیان لە رێگەی جەختکردنەوەی پەتی و دوور لە هەرجۆرە گفتوگۆیەکی ژیرانەوە دەگوازنەوە بۆ جەماوەر، بەردەوام دووبارەشی دەکەنەوە بە هەمان داڕشتن و هەمان ئەو وشانەی پێشووەوە، سەرەنجام پەیامەکەیان دەخزێتە کەلەبەرەکانی قووڵایی نائاگاوە و دەبنە پاڵنەری هەموو کار و کردەوەیەکمان، پاشان ئەم بیروبۆچوونانە وەک پەتایەکی فکری بەناو جەماوەردا بڵاو دەبنەوە.
ئەم بیروبۆچوونانە دەبێ سام و هەیبەت و رێزیان هەبێت، کە سەرکردەکانی هەیانە و لە رێگەیەوە کارمان تێدەکەن و وامان لێ دەکات سەرسام بین و رێزیان لێبگرین، سام لە رێگەی ناوی کەسەکە یان سەروەت و سامان یان لە رێگەی ناوبانگەوە بەدەستدێت، دەکرێ خودیی و تاکەکەسی بێت و دابڕاو بێت لە مۆرکی هەر نازناوو دەسەڵاتێک، ئەمجۆرە کەسە وا دەکات دەوروبەرەکەی کوێرانە ملکەچی بن، وەک چۆن ئاژەڵێکی ماڵی ملکەچی خاوەنەکەیەتی، بەڵام ئەمجۆرە لە سام، لەگەڵ شکستدا لەدەست دەچێت و نامێنێت، چونکە ئەو پاڵەوانەی دوێنێ جەماوەر چەپڵەیان بۆ لێدەدا، سبەی ئەگەر بەخت یاوەری نەبوو، بە ئاشکرا پشتی تێدەکەن.

سنوورداربوونی گۆڕینی بیروباوەڕی جەماوەر:
هەندێک بیروباوەڕی مەزن هەیە کە بۆ ماوەی سەدان ساڵ بەردەوام دەبێت و دەبێتە کۆڵەکە بۆ شارستانی، پێکهاتن و نەمانیشی بۆ هەر نەتەوە و رەگەزێک دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی، ئەمجۆرە لە بیروباوەڕ لە دوای دروستبوونی، تێکشکاندنی ئاسان نییە، لە رێگەی شۆڕشی پڕ لە توندوتیژییەوە نەبێت کە دوای تێکشکانی هەژموونی خۆی لە دەست دەدات و خەڵک دەکەونە گفتوگۆ بۆ رەخنە لێگرتنی. لەسەرو ئەم بیروباوەڕە مەزن و جێگیرەوە، هەندێک بیروبۆچوونی رووکەشانە هەن کە بەردەوام دروست دەبن و لەناو دەچن، هەندێکیان مانەوەیان هەر زۆر کاتییە و گرنگترینیان ژیانی نەوەیەک تێ ناپەڕێنێت.

پۆلێنکردنی جەماوەر:
دەکرێ جەماوەر پۆلێن بکەین بۆ چەند جۆرێک، لەوانە: جەماوەری نەگونجاو، وەک جەماوەری شەقام و جەماوەری هۆشیار، وەک ئەنجومەنی پەرلەمانەکان، جگە لە هۆکاری سەرەکی رەگەزیش، گرنگترین پۆلینکردنی جەماوەری نەگونجاو لە نێوان هۆشیار و ناهۆشیاردایە، چونکە جەماوەری هۆشیار زیاتر هەست بە بەرپرسیاری دەکات، پاشان جەماوەری گونجاویش هەیە، کە دەستە و تایەفە و چینەکان دەگرێتەوە، تایەفە کەسانێک لە خۆ دەگرێت کە سەر بە رۆشنبیری و پیشەی جیاجیان، لەبەرئەوە جگە لە بیروباوەڕی ئایینی و تایەفی هیچ شتێکی دیکە بە یەکیانەوە نابەستێتەوە، بەڵام دەستە یان گروپ باڵاترینیانە، چونکە دەستە و گروپ تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هەمان پیشەیان هەیە، وەک دەستەیەکی سەربازی، بەڵام چین تاکەکانی بنەچەی جیاجیایان هەیە و تەنیا هەندێک بەرژەوەندی تایبەت پێکیانەوە دەبەستێ وەک چینی بۆرژوا.

جەماوەری تاوانبار:
تاوانی جەماوەر بە شێوەیەکی گشتی لەرێگەی هاندانێکی گەورەوە روو دەدات، ئەو کەسانەش کە بەشداریی تێدا دەکەن، باوەڕی تەواویان بەوە هەیە کە ئەرکی خۆیان بە جێگەیاندووە. دەتوانین دیمەنی کوژرانی بەڕێوەبەری زیندانی باستیل بەنموونە بهێنینەوە، چونکە ئەو کەسەی کوشتی، چێشتلێنەرێکی گەڕۆک بوو، چوو بۆ باستیل تا بزانێ چی روو دەدات، بەڵام کاتێک زانی کە هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێ ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرێت و ئەو ئەرکەش کارێکی نیشتمانییە، بەڕێوەبەری باستیلی سەربڕی.

جەماوەری هەڵبژاردن:
ئەمجۆرە جەماوەرە دەکرێ بە چەند رێگەیەک لە خشتە ببرێ، لەوانەش کەسی کاندید سامی هەبێت، ئەمەیان لە هەمووی گرنگترە، بەڵام بەتەنیا سەرکەوتن مسۆگەر ناکات، بەڵکو دەبێ کاندید بە زمانی لوس دەنگدەر بدوێنێ و زۆرترین بەڵێن بدات، هەروەها دەبێ کاندیدی بەرامبەری، وتەی رکابەرەکەی پان و پلیش بکاتەوە، ئەویش لە رێگەی هۆنینەوەی کۆمەڵێک تۆمەت و دووبارە کردنەوەیان. هەروەها پرۆگرامە نووسراوەکە نابێ زۆر ورد بێت، چونکە ئەگەر وابێ رکابەرەکان دەتوانن بەرەنگاری ببنەوە، سەبارەت بە بەڵێنەکانیش، کاندید دەتوانێ بەڵێنی زۆر گەورەی چاکسازیی بدات، بێئەوەی جێبەجێیشی بکات، چونکە دەنگدەر ئەم بەڵێنانەی بیر دەچێتەوە، هەرچەندە هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ئەو بەڵینانە یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام هەندێک شتی دیکەش کار دەکاتە سەر جەماوەر، وەک وشە و دروشم، چونکە ئەو کەسەی بزانێ وشە و دروشمەکان باش بەکاربهێنێت، بە ئاسانی کار دەکاتە سەر جەماوەر.

ئەنجومەنی نوێنەران:
تایبەتمەندییە گشتییەکانی جەماوەری پەرلەمانی جیاوازی نییە لەگەڵ جەماوەرەکانی دیکە، ئەویش بە هەمان شێوە زۆر بە توندی دەکەوێتە ژێر کاریگەری هاندانەوە، هەموو خولێکی پەرلەمانیش نوێنەران کاتێک راوبۆچوون دەدەن، ترسی بەردەوامی دەنگدەریان پێوە دیارە، بەڵام هەمیشە بە دیوی سەرکردەی بزوێنەردا دەشکێتەوە، چونکە لەکۆتاییدا هەرئەوان خاوەنی راستەقینەی راو بۆچوونن لە گفتوگۆکاندا و نوێنەر ناتوانێ راوبۆچوونی پێشینەی جێگیری هەبێت بەرامبەریان، کەواتە ئەنجومەنی نوێنەران دواهەمین شوێنە کە جێگەی دەرکەوتنی بلیمەتی هەبێت، بەڵام بلیمەتیش تەنیا لەرێگەی وتاری رەوان و گونجاوەوە لەکات و شوێنی گونجاودا دەتوانێ ئەسپی خۆی تاو بدات.
لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکانیشدا، تا ئێستا باشترین شێوازە کە گەلان دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان و تەنیا دوو مەترسیش هەڕەشەی لێدەکەن، ئەوانیش زیادەڕۆی لە خەرجیدا و سنووردارکردنی پلە بە پلەی ئازادی تاک، چونکە نوێکردنەوە و داڕشتنی بەردەوامی یاساکان، بازنەی جووڵەی ئازادانەی تاک یان هاووڵاتی بچووک دەکاتەوە.

قۆناغەکانی گۆڕانی شارستانییەکان: 
سەرەتا هەندێک لە پیاوانی سەر بە رەچەڵەکی جیاجیا بەهۆی کۆچ و داگیرکارییەکانەوە کۆدەبنەوە، هیچ شتێک بەیەکیانەوە نابەستێ، بەڵام دواتر کات کاری خۆی دەکات و ئەم نەگونجاوانە ئاوێتەی یەکدی دەبن و رەگەزێک پێکدەهێنن، لێرەوە دەکرێ شارستانییەکی نوێ دروست بێت، دوای ئەوەی شارستانی دەگاتە ئاستێک لەهێز و ئاڵوز دەبێت، لەگەشە کردن دەوەستێ، هەر کە وەستا دەکەوێتە بەر تانەی تێکشکانێکی زۆر خێرا، تێکشکانی نموونەی باڵای مرۆڤ کە بەشداری لەدروستکردنی شارستانیدا هەبووە، لەگەڵ لەدەستدانی نموونەی باڵادا لە کۆتاییدا رەگەزیش رۆحی خۆی لەدەست دەدات و ئەوەش سووڕی ژیانی هەر گەلێکە، واتە گۆڕان لە کێویبوونەوە بۆ دۆخی شارستانی لەرێگەی خەونێکەوە، پاشان لەبەریەکهەڵوەشانەوە بەهۆی نەمانی خەونەکەیەوە.

سەرچاوە: https://tinastnews.tn

بابەتە پەیوەندیدارەکان