سایکۆلۆجیای جەماوەر و رەهەندە تیۆرییەکانی ئەڵیاس کانێتی

09:25 - 2022-05-18
دووتوێ
431 جار خوێندراوەتەوە

ئا: فەلاح کەریم

ئەڵیاس کانێتی

ژیانی کۆمەڵایەتی یان تێکەڵبوون بە کۆمەڵ کارێکی رۆتینی و بابەتێکی سەلمێنراوی دەروونییە بۆ مرۆڤ. ئەمەش لە ترسێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە مرۆڤ هەمیشە لە ناخیدایە

بۆ ناسینی زیــاتری ئەڵیاس کانێتی (Eliac Canetti) دەبێت واوەتر لە تیۆرسێنانی مۆدێرن بڕۆین و لەڕووی مێژووییەوە زیاتر بچینە ناو بابەتی جەماوەرەوە کە جەنگی یەکەمی جیهان خاڵی یەکلاکەرەوەیە بۆ هەردوو قۆناغەکەی. قۆناغی یەکەم تیۆرییەکانی جەماوەرناسی لە شۆڕشی فەرەنساوە هەتا جەنگی یەکەمی جیهان. کە زیاتر باس لە ترسی چینی بۆرجوازی دەکەن لە چینی چەوساوەی شارەکان، ئەم تێڕوانینەش لە دیدگاکانی گۆستاڤ لۆبۆن-دا رەنگیدانەوە بەتایبەت لە سەروبەندی کۆمۆنەی پاریس، هەروا سیگمۆند فرۆید-یش بەدوای لۆبۆندا هاتووە و دەکرێت بەئەمان بوترێت قۆناغی یەکەم یان کلاسیکی ئەم تیۆرییەیە. قۆناغی دووەم تیۆرییەکانی سایکۆلۆجیای جەماوەرە لە سەدەی بیستدا کە زیاتر لە ژێر کاریگەری تیۆرییەکانی تۆتالیتاریزمدان، بەڵام جیاوازی ئەڵیاس کانێتی لەوەدایە کە لە هەردوو قۆناغەکە دوورکەوتۆتەوە (بەرای مەک ماکلیلاند) لەنێوان سایکۆلۆجیای جەماوەر و کرداری رۆژانەی مرۆڤەکاندا پەیوەندییەکان دەدۆزێتەوە و تەنیا دەروونناسی جەماوەرییە کە ترادیسیۆنی تیۆرییە جەماوەرییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستی تەواوکردبێت، رەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە کانێتی لەگەڵ ئەوەی ئاشنای ئەزموونی گەشەکردنی جەماوەر بووە، لەرۆژگاری ئێمەشەوە نزیکە.
بەرهەمەکانی کانێتی لە بوارەکانی ئەفسانەناسی، نەتەوە ناسی، مرۆڤ ناسی و سایکۆلۆژی هەتا رۆمان و شانۆنامەدایە. لەم بوارەدا بەرهەمە بەناوبانگەکەی (جەماوەر و دەسەڵات 1960) کە زۆرترین قسە و باسی لەبارەوە کراوە، یەکێکە لە شاکارەکانی سەدەی بیست بۆ زیاتر تێگەیشتن لە سایکۆلۆجیای جەماوەر.

کانێتی و جەماوەر:
سەبارەت بە دیاردەی جەماوەر و تێگەیستن و ناسینیان، سێ رووکاری بنچینەیی لە تێڕوانینەکانی ئەڵیاس کانێتی- هەن: بابەتی جەماوەر رووبەڕووبوونەوەیان وەک بابەتێکی سەربەخۆ. ناسین و گرنگی جەماوەر و لێکدانەوەی توانا و نەرمییان. هەروەها ناسینی میکانیزمەکانی جڵەوکردنی توانای خەڵک و بزووتنەوە پۆپۆلیستیەکان.

جەماوەر وەک بابەتێکی سەربەخۆ:
لای کانێتی ئەم بابەتەش دابەش دەبێت بۆ سێ بابەتی جیاوازتر کە بەمجۆرەن:
_ئاگابوون لە خواستی گروپێکی دیاریکراو و توانای دەروونیی ئەو گروپە بۆ راکێشانی خەڵک بۆ خۆی. بێگومان ژیانی کۆمەڵایەتی یان تێکەڵبوون بە کۆمەڵ کارێکی رۆتینی و بابەتێکی سەلمێنراوی دەروونییە بۆ مرۆڤ. ئەمەش لە ترسێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە مرۆڤ هەمیشە لەناخیدایە، کانێتی نموونەی بۆ ئەم بابەتە هەروا دەستپێدەکات، رقی مرۆڤ لە تێکەڵبوون، بێزارییەک کە دەستمان لێ هەڵناگرێ و هەندێکجار لە تێکەڵبوون دووردەکەوینەوە یان دەمانەوێت دووربکەوینەوە. ئەم دیاردەیە ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێ کە هەمیشە بابەتی (ترس لەوانیتر) زۆر قووڵە و هەیە، بەڵام تەنها رێگا چارەیەک کە لەبەردەم مرۆڤدا بێت ئەوەیە تێکەڵ ببێتەوە لەگەڵ گروپدا و لەناو گروپ یان کۆمەڵدا ئەو ترسە دەڕەوێتەوە. لێرەدایە ئیتر تاک گیرۆدە یان تێکەڵ بە جەماوەر یان گروپ دەبێت و کانێتی ناوی ناوە (هەڵگەڕانەوەی ترس لە تێکەڵی)، یان ترس لە دەست لێدان، بەمشێوەیە جەماوەر دروستدەبێت، بەرهەمێکی پێچەوانە لە ترس لە تێکەڵبوون و خواست بۆ هاوکاری و لابردنی سنوور و ماوەکان ئەم پێویستیە بەردەوامەی مرۆڤ پەیوەندی بە پێش مۆدێرنێتە و دوای ئەوەوە نییە، پێویستییەکە هەیە و بەردەوامە و نابڕێتەوە. 
کانێتی لە ساڵی 1936 دایکی دەمرێ و بەتەنها لە ڤیەننا دەژی، لە ساڵی 1937 هاتنی سوپای هیتلەری بۆ ڤیەننا بینی و ئەوەی بینی کە چۆن خەڵک پێشوازییان لێدەکەن، باشتر لە راستیی کردەوەی خەڵک تێگەیشت. لەوێدا تێگەیشت کە هەستی مرۆڤ بۆ زیادکردنی ژمارەی خۆی چەند بەهێزە. ئەمەش ئەو هەست و سەرمەست بوونە بەکۆمەڵییە بوو کە کانێتی ناوی نا، کۆمەڵی وەکیەک. کانێتی بەچاوی خۆی ئەوەی بینی کە چۆن کاتێک گروپ سەرمەست دەبن و دەگەنە حاڵەتی شێتی، هەموو مرۆڤەکان سەرگەرمی یەک کار دەبن، دەستیان رووە و پێشەوە و دواوە دەبەن و قاچ دەدەن بە زەویدا، هەروەک بڵێی یەک پەیکەرن و هەڵدەپەڕن، لەم کاتەدا مرۆڤ هەست بە یەکسانییان دەکات و بێجگە لە ماندوێتی لەش هیچ شتێکیتر ناتوانێ بیانوەستێنێت.
-پێداگری لەسەر رەهەندی ناعەقڵانی مرۆڤ و گرنگی هەست و سەرمەستی لە هەڵوێستی سیاسییدا. بەباوەڕی کانێتی نزیکبوونەوە و تێکەڵیی لەگەڵ کۆمەڵ، جەماوەر یان گروپێکدا هەستێکی بەکۆمەڵی هەموو بوونەوەرەکانە کەمترن ئەوانەی کە بەتەنیا دەژین و دەیانەوێ دووربن لە هەستی بەکۆمەڵ، راستە بوونەوەرەکان حەزی پاراستنی ئازادی و بیرکردنەوەی خۆیان هەیە، بەڵام خواستی بەیەکەوە بوون خواستێکی دێرینە و لەمێژینەیە، بابەتەکە تەنها ئەوە نییە کە بەرژەوەندی کۆیاندەکانەوە، بەڵکو خواستی سەلماندن یان نیشاندانی خود لە کۆمەڵدا زیاتر رەنگدەداتەوە و دەردەکەوێ. 
کانێتی زۆر سوودی لە چەمکی (سەرمەستبوون) وەرگرتووە، بۆ ئەوەی پێمان بڵێ کە هۆکاری سەرەکی گرێ خواردنی تاک لە جەماوەر یان گروپدا هەمان سەرمەستی یان هەستەکانێتی و پەیوەندی بە عەقڵەوە نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە پێچەوانەی بۆچوونی عەقڵانیانە لە سیاسەتدا، ئەوەندە بەسە مرۆڤ لە سەربەخۆیی بێزار بێت، ئەمەش پەلکێشی دەکات بۆ ئەندامێتی لە گروپدا، بەڕای کانێتی هەڵوێستی سیاسی هەموو دژ بەیەکە دەروونییەکانی مرۆڤ بۆ ئەندامبوون لە گروپدا دەردەخات.
-ئاستی لێکدانەوەی گشتگیرانە و سەروتر لە تاک. بۆچوونی کانێتی گروپ و جەماوەر بە هەمانشێوەی تاک خاوەنی کەسایەتی خۆی و کردەوەی تایبەتی خۆیەتی. بۆ ئەوەی لە ئاست و تایبەتمەندی گروپ و جەماوەر بگەیت دەبێت لە پەیکەری گشتی گروپ یان جەماوەرەکە بکۆڵێتەوە.

-ناسینی جەماوەر و لێکدانەوەی توانا و نەرمیی:
کۆتایی بابەتەکەی سەرەوە کلیلی ئەم بابەتە گرنگەیە لای کانێتی. کاتێک کە جەماوەر وەک بوونەوەرێکی زیندووی جودا بناسرێت، کەواتە جووڵە و کردەوەکانیشی جیاوازترە لە تاکەکانی و پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر هەیە، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە کەمتر لە دەروونناسانی ئەم بوارە نزیکی کەوتوونەتەوە. بەرای کانێتی جەماوەر یان گروپ بەهۆی (خاڵیبوونەوە) یان (کۆتاییهاتن) بەدیدێت. بەهۆی خۆ خاڵیکردنەوەوە ئەندامانی جەماوەر (وەکییەکی) دەبن.
هەروەک باسکرا مرۆڤەکان بەشێوەی دژ بەیەک لە پەیوەندی و جیابوونەوە بێزارن و ساتی تێکەڵبوون لەگەڵ گروپدا رزگاربوونیانە لە ترس و دەبێتە هۆی سووکبوونی شانیان. خاڵیبوونەوەش کاتێک روودەدات کە مرۆڤەکان بەدوای ئەوەوەبن کە هەموویان بەدوای نەهێشتنی ماوەکانی نێوانیان و وەکیەکی و یەکسانییەوە بن، بەجۆرێک وەک بڵێی یەک جەستەن، هەتا ئەوکاتەشی کە خاڵیبوونەوە و ژمارەی گروپەکە زیاتر بێت، یەک جەستەیی بەردەوام دەبێت و لەبەریەکهەڵناوەشێت، بۆیە بۆ گروپ یان جەماوەر هەمیشە هەبوونی ئەندامی تازە گرنگە.
جەماوەر لە ناخدا خواست و حەزی بۆ وێرانکردن لە هەموو شتێک زیاترە. حەزی کاولکردنی شوێن و شتەکان تا رادەیەک کە بگاتە لووتکەی خۆی، لەمڕوەوە دەڵێت: ئاگر باشترین سومبولی جەماوەر یان گروپە و کۆنترۆڵ و لغاوکردنی گروپ یان جەماوەر لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا دەبێت.
بۆ جەماوەر، کانێتی چوار تایبەتمەندی دیاریکردووە: خواستی بەردەوامی بۆ زیادبوون، وەکییەکی لەنێوان ئەنداماندا، خواستی تێربوون ئەوکاتەی کە خاڵیبوونەوە دەگاتە ترۆپک و پێویستی جەماوەر بە ئایندەبینی، ئایندەبینییەک کە وەکیەکی بەهێز دەکات.
دەکرێت جەماوەر کراوە یان داخراو بێت، بەڵام بەزۆری کراوەن، چونکە مەیلیان بۆ زیادبوون زیاترە، گروپ یان جەماوەر بەردەوام دەیەوێت گەشە بکات و لەهەموو بوار و ئاستەکاندا پێشبکەوێت، جەماوەرە داخراوەکان زیاتر مەبەستیان مانەوەیە هەتا فراوانبوون، هەربۆیە چوارچێوە و سنوورەکانی گرنگن و لەو جۆرەدا گەشەکردن دەکرێتە قوربانی ئارامیی، لەمجۆرەدا دیاردەی (تێپەڕاندن) زۆر گرنگە. تێپەڕاندن واتە گواستنەوەی لەناکاوی جەماوەری داخراو بۆ کراوە. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە (لێکهەڵوەشانەوە) هەمیشە لەناخی جەماوەردایە و کانێتی وەک (ترسێک) باسی دەکات و ئەگەری هەیە لەهەموو کاتێکا و لەهەموو شوێنێک دووبارە ببێتەوە. ترس بەهۆی مەترسییەوە، دەبێتە هۆی راکردنی لەناکاو، هەروەک راکردنی بوونەوەران یەک یەکی بوونەوەرەکان کاتێک بەشێوەی گروپ دەژین، بەڵام کە هەست بە مەترسی دەکەن هەریەک بەلایەکدا هەڵدێت و کەس ئاگای لەویتر نامێنێت.
فۆرمناسی کانێتی بۆ جەماوەر زۆر وردە و بەهۆی نموونەی زۆرەوە ویستوویەتی تابلۆکە تەواو بکات هەتا وێنەیەکی کامڵ لەبەرچاومان بێت. کانێتی دوو پێوەری گشتی بۆ ناسینەوەی توێژەکانی جەماوەر خستۆتەڕوو: 

پێوەری یەکەم:
لەسەر بنەمای شێوە و رەنگی جەماوەر یان گروپەکەیە. بەپێی ئەم پێوەرە جەماوەر بۆ جۆرەکانی: کراوە و داخراو، لەسەرخۆ و خێرا، بینراو و شاراوە، وەستاو و جوڵاو دابەش دەبێت.
جەماوەر بەبێ رێگریکردن لە گەشە و زۆربوونی جەماوەرێکی کراوەیە. جەماوەری وابەستە بە سنوورداربوونەوە، جەماوەری داخراوە. جەماوەری لەسەرخۆ و خێرا، ئەو گروپانەن کە بە دوور و نزیکییان لە ئامانجەکەوە لەیەکتر جیادەکرێنەوە. ئامانجی نزیک هی جەماوەرە خێراکەیە. جەماوەر یان گروپی سیاسی، وەرزشی و شەڕانی و ... لە جۆری جەماوەری خێران ئامانجی دوور پەیوەستە بە گروپی لەسەرخۆوە، هەرچی ئامانج دوورتر و گرنگتر بێت، جەماوەر لەسەرخۆترە. لەمانە سەرنجڕاکێشتر لای کانێتی مردووەکانن. مردووەکان نموونەیەکی گرنگن لە جەماوەر و لە کۆتاییدا وەک جەماوەرێکی نادیار سەرهەڵدەدەنەوە. 

پێوەری دووەم:
دابەشکردنی گروپەکانە لەسەر بنەمای ناوەڕۆک و کرۆکیان. مەبەست لە ناوەڕۆک ئەو هەستەیە کە گروپەکە لە دەوری کۆدەبنەوە. بەپێی ئەم پێوەرە گروپەکان پێنج جۆرن: جەماوەری بێ زەوق، گروپی یاخی، جەماوەری قەدەغە، گروپی پێچەوانە یان هەڵگەڕاوە و گروپی جەژن.
کانێتی زۆر بە وردی نموونەی بۆ هەریەک لەمانە هێناوەتەوە و سومبولی بۆ هەمووشیان دروستکردووە وەک: ئاگر، دەریا، باران، رووبار، دارستان، خەرمان و گردۆڵکە و.. ئاگر لە هەموویان گرنگترە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، مرۆڤ زۆرترین کات وەک سیمبولێکی خۆی بەکاریهێناوە. ئاگر لەناکاو، گشتگیر و لەخۆوە دەچێتە ئاسمان و وێرانکەرە و هەمیشە مرۆڤ لەهەوڵی کۆنترۆڵکردنیدا بووە.
 
ناسینی میکانیزمەکانی کۆنترۆڵی تواناکانی جەماوەر:
جەماوەر توانا و وزەکانی لەناوناچن و ناکرێت کۆتاییان بێت، بەڵام دەکرێت جڵەو بکرێن، ئەگەر ئەمەش نەکرێت وەک هەر کارەساتێکی سروشتی دەتوانێ زیانی زۆر گەورە دروست بکات. لەسەر ئەم بنەمایە کانێتی چەندین رێگە و شێوازی بۆ کۆنترۆڵکردن و جڵەوی توانای جەماوەر باسکردووە.
_ گۆڕینی هەستەکانی جەماوەر و سنووردارکردنیان. بەرای کانێتی دەبێت هەوڵبدرێت هەرچی لەتوانادایە بکرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لە جەماوەردا بهێنرێتە ئاراوە. بەدرێژایی مێژوو هەمیشە کۆنترۆڵکردنی جەماوەر لە هەردوو ئاستی دەرەکی و ناوخۆیدا پیادەکراوە. رێگەگرتن لە گەشە و درێژکردنەوەی تێربوون یەکێکن لە میکانیزمەکان، بەڵام دەبێت بەبێ داخستنی هیوا و ئامانجەکان بێت، چونکە هەر گروپێک بە هێز دابخرێت، دەبێتە دەسکەلای بەکارهێنانی لەلایەن ئەوانیترەوە. بە باوەڕی کانێتی میکانیزمی کۆنترۆڵ و دوورکەوتنەوە لە لەناوچوونی گروپەکان، لەرێگەی دیاریکردنی ئامانجی دوورەوە دەبێت. هەروەها پێویستە رێکخستنەوە و هاوسەنگی دەروونی لەناو گروپەکەدا سەرلەنوێ رێکبخرێتەوە کە دەبێتە هۆی ناوەندێتی هاوسەنگ و بەهێز. بە کورتی کانێتی دەڵێت: هەرچی ئامانج دیاریکراوتر، دوورمەوداتر و دڵنیاکەرەوەتر بێت، رەفتاری گروپ کۆنترۆڵکراوتر دەبێت. 
-راوکردنی جەماوەر بەهۆی ئامانجی دوورمەودا و دووبارەکردنەوەی سرووتەکان بەشێوەی بەردەوام. بە باوەڕی کانێتی ئایینەکان رێگەی گونجاویان بۆ راوکردن و راگرتنی جەماوەر هەیە، ئەوان ئامانجی جەماوەریان پەڕاندۆتەوە بۆ جیهانێکی تر کە هەتا مردنیان ئەیانهێڵنەوە. زیاتر گرنگی بە مانەوەیان دەدەن هەتا گەشەکردنیان. کۆبوونەوەی ئیمانداران لە شوێن و کاتێکی دیاریکراودا یەکسانی لە سرووتەکاندا بەدیدەهێنێت. ئایینە گەورەکانی جیهان بەشێوەیەکی رۆتینی ئەم مەراسیمانە دووبارە دەکەنەوە و لەم رێگەیەوە کار لە هەست و سۆزیان دەکەن و دەرمانی دەروونیان پێدەبەخشن.
بە بۆچوونی کانێتی: بەهۆی ئەم توانایەی ئایینەکانەوەیە کە دەستبردن بۆ قەدەغەکردنیان کارەسات دروست دەکات، هەرچەند ئەزموونەکان نیشانیان داوە کە رووبەڕووبوونەوەی ئایینەکان بۆتەهۆی سەرهەڵدانی بەجیهانیبوون، بەڵام سەرکوتکردنی ئایین گروپێکی کراوەی بێ سیستم دەهێنێتە ئاراوە و لەو کۆمەڵگە ترادیسیۆنانەی کە ئایین خەریکە توانای خۆی لەدەستدەدات، هەمیشە ئەگەری سەرهەڵدانی گروپی توندڕەو، کراوە، بێ کۆنترۆڵ، تۆقێنەر و... بێنە ئاراوە. 
_قوربانییدان بە گروپە نائارامەکان: گروپە نائارامەکان ئەوانەن کە ئامانجەکانیان نزیک و زوو بەدیهاتووە. لەم شێوە گروپانەدا، خێرایی، دڵنیایی، لە لاوازیی قوربانیکردن و هەستی خۆبردنەپێشەوە زۆر دیارە. کانێتی بە بەڵگەی مێژوویی نیشانیداوە کە چۆن لە مێژوودا بەهۆی قوربانیکردنی هەندێک یان سوتاندیان لە ئاگردا هەموو گروپەکە کۆنترۆڵکراوە. هەربۆیە دەڵێت: بێ بەڵگە نییە کە کودەتاکان هەمیشە لەسێدارەدانی زۆری تیایە. بەرای کانێتی کۆنترۆڵکردنی ئەم گروپانە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە و وەک لەسێدارەدانی سیاسییەکان.
_رێکخستن و رێگەگرتن لە هەوڵی تاک لایەنە لەگروپە قەدەغەکاندا. هەمیشە قەدەغەکردن هەستی بەرەنگاربوونەوە دروستدەکات. رەتکردنەەوە دەبێتەهۆی بەدیهاتنی گروپی نێگەتیڤ و بارودۆخێکی خراپ دروستدەکات. یاخیبوون نموونەیەکی روونی گروپی قەدەغەیە.
بەبڕوای کانێتی گروپی قەدەغە رقی لە وێرانکارییە و کاتێک کە لە گروپی قەدەغەوە دەگوێزرێتەوە بۆ گروپی چالاک یان جێگیر مەترسیدار دەبێت، ئەگەر ئومێد بە بەرەنگاری بەردەوام نەبێت ئەم گروپانە دەبنە تێکدەر. بە باوەڕی کانێتی لەناو ئەو گروپانەی کە لە بەرەنگاری بێئومید بوون، مەترسی تەقینەوە زیاتر دەبێت. ئەمەش لەنێو کەسە بێئومێدەکانی سەدەی 21دا هەڕەشەیەکی جدییە.
_دروستکردنی سیستمی دوو جەماوەریی. تەنیا رێگەی دروست بۆ مانەوەی جەماوەر یان گروپ و کەمکردنەوەی کۆنترۆڵیان دروستکردنی جەماوەری ترە. سیستمی جەماوەری واتە دروستکردنی جەماوەرێکی تر لەبەرامبەریدا.

باشترین رێگە بۆ مانەوەی جەماوەر، دروستکردنی جەماوەری ترە

ئەم کارە دەکرێت بە ململانێ لەگەڵ یەکتر یان هەڕەشە لەسەر یەکتر بهێنرێتەکایەوە. بەتایبەت ئەگەر هەردووکیان یەکسان و بەرامبەر بن، جێگیری و ئارامی دروست دەکەن، بەڵام ئەگەر ناهاوسەنگ و یەکێکیان خۆی بە لاواز ببینێت ئەوا (راکردن) پەیدادەبێت و ئەگەر رێگەی بەردەمی داخراو بێت ((ترس)) باڵا دەبێت.
دوالیزم لەسەر سێ بنەمای دژ بەیەک بەدیدێت: ژن و پیاو، مردوو و زیندوو، دۆست و دوژمن. هەرچەند دەگوترێت کە لەم سێ بنەمایە تەنها بنەمای دۆست و دوژمن بە بەهێزی خۆی ماوەتەوە کە لەسەر بنچینەی کوشتن و لەناوبردنی ئەویترە، بەڵام کانێتی وای نیشان دەدات کە لە سیستمە دوو حزبیەکاندا (لەپەرلەمانە پێشکەوتووەکاندا) میکانیزمەکانی جەماوەر و سایکۆلۆجیای سوپا وا داڕێژراوە کە ئەم سیستمە سوودی هەبێت و ئەو شەڕی مردن و ژیانەی کە لە جەنگی راستەقینەدا روودەدات گواستراوەتەوە بۆ هەڵبژاردنەکان، بەجۆرێک کە لەو هەڵبژاردنانەدا بابەتەکە پەیوەندی بە هەق و لەسەر هەقبوونی زۆرینەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو رێوشوێنانەوە هەیە کە لە کاتی سەرنەکەوتندا هیچ کام لە لایەنەکان لەناو ناچن.
لەگەڵ ئەوەی میکانیزمی دوو جەماوەری بۆ کۆنترۆڵکردنی توندوتیژی نێوان هەردوو جەماوەرەکە گرنگە، بەڵام لە جیهانی چەپ و راست و لەو کاتەی کە رووبەڕووبوونەوە سیاسییەکان سەنگەر لەیەکتر دەگرن، مەترسی تەقینەوەی جەماوەرەکان زیاتر دەبێ، سەرەڕای ئەمەش لەگەڵ ئەوەی هاوسەنگی جەماوەر لە جێگیری سیستمی دوو جەماوەریدا، کاتێک هاوسەنگ نین، ئەگەری گۆڕانی جەماوەرە لاوازەکە بە مەترسیدار یان راکردوو هەیە و توندوتیژی دەهێنێتەکایەوە.
_خاوکردنەوەی میتاپۆلیزم و کۆنترۆڵکردنی جەماوەری پێچەوانە. هەر بڕیارێک کە مرۆڤ ناچار بە گوێڕایەڵی بکات، دڕکێکی بەئازارە و برینێک جێدەهێڵێ، ئەمە پەیوەندی بە بەڵگە عەقڵانییەکانی مرۆڤەوە نییە. هەمیشە بڕیارەکانی سەرەوە و گوێڕایەڵی بۆیان دڕکێکە و مرۆڤەکان بەدوای بوارێکدا دەگەڕێن دڕکەکە لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە. کاتێک مرۆڤەکان بۆ لابردنی دڕکەکان کۆدەبنەوە، جەماوەری پێچەوانە دروست دەبێت. ئەمە ئەنجامی شۆڕش و بێدادی بن دەستەکانە لە باڵادەستەکان، کۆیلەکان لەبەرامبەر خاوەنەکانیان، زۆرترین جەماوەریش بێ سەروبەرەن، بەڵام ئەوەی کە دەیانهێڵێتەوە و لەپشت پەردەوە روودەدات، رەوتی هێواشی (پێچەوانەبوونەوەیە). گرنگترین میکانیزمی کۆنترۆڵی جەماوەری پێچەوانە ئەوەیە کە رەوتی پێچەوانەبوونەوە خاوبکاتەوە. بۆ نموونە دینەکان، میتاپۆلیزمی ئەو دنیا باس دەکات، سەرەنجام ئەوانەی کە برسین و هەژارن تێردەبن، ئەوانەی ئازاریان بینییوە باشترین پلەوپایەیان پێدەدرێت، ئەوانەی دەسەڵات و سەرمایەیان هەبووە دەخرێنە ئاگری دۆزەخەوە. ئەم ئومێدەی دین بە هەژارانی دەدات رێوشوێنێکی ژیرانەیە بۆ کۆنترۆڵی گۆڕین بۆ شۆڕش و راپەڕین و ناڕەزایەتی. لەڕاستیدا ئەوەی لە دینەکاندا روودەدات، پێچەوانەی راپەڕین و شۆڕشە، پەیڕەوانیان ملیان بۆ خواستی خوداوەند شل دەکەن و قبووڵکردنی دڕکی یاسایە و دەبێت پەیڕەوی لێبکەن.
_بەرگری لە ناسنامە و سیمبولە نەتەوەییەکان. بە باوەڕی کانێتی جەماوەری مرۆڤایەتی کە لە شێوەی نەتەوەدا دروستبووە، دەبێت هەست بە مەزنی بکات. بۆیە زیندوو راگرتنی سیمبولە نەتەوەییەکان ئەگەری کۆنترۆڵکردنی جەماوەری نەتەوەیی هێناوەتە ئاراوە، بۆ نموونە پەیمانی ڤێرسای لەدوای جەنگی یەکەمی جیهان وای لە ئەڵمانەکان کرد هەڵوەشانەوەی سوپای ئەڵمانیا و قەدەغەکردنی سوپا وەک تێکشکانی شکۆی نەتەوەییان بێت و سەرەنجام بووە هۆی سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیی جەماوەریی توندڕەو کە بووە هۆی دەرکەوتنی هیتلەر و جەنگی دووەمی جیهان. بۆیە کانێتی پێیوایە: بەڵگە مێژووییەکان لەم سەدەیەدا ئەوە نیشان دەدەن کە نەتەوەپەرستی هەستێک نییە کە بە (گڵۆکاڵ) (واتە بچووککردنەوەی جیهان تا ئاستی ناوچەی جوگرافیایی نەتەوەیەک) و دروستبوونی گروپە فرەنەتەوەییەکان  لەناوبچێت.
_هەڕەشەی سەرهەڵدانی کەسێتی نەمر. لەبەشێکی تری بەرهەمەکەیدا (جەماوەر و دەسەڵات) کانێتی باس لە کەسێتی رزگاربوو دەکات کە دەتوانێت ببێت بە حەزێکی شێتانە. ئێمە هەتا ئێستا باس لە کەسێتی ئەوانە دەکەین کە رزگاریان بووە و هەمیشە بەڵا بوون بۆ گیانی مرۆڤ. لایەنگیری زۆر بۆ پەرستنی قارەمان و پەرستنی کەسەکان هێشتا لەناوماندا بەهێزە و نیشاندەری ئەو مەترسییەیە کە هەر یەکێکمان دەمانەوێت وەک ئەوانە بین. کانێتی دەڵێت: مەترسییەکە ئەوەیە کە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا توانای ئەوانەی کە کەسێتی رزگاربوو و نەمرن ئەوەندە بەهێز بووە کە دەتوانن بە یەک ئاماژەی پەنجە ملیۆنەها کەس بکوژن.
_مانەوەی جەماوەری شووشەیی. جەماوەری شووشەیی ئەو جەماوەرەیە کە یەکگرتووییان گرنگتر لە ژمارەیانە، بەردەوامن و ئەندامەکانیان ناسراو و شوێنی تایبەتیان بۆ یەکتربینین هەیە، وەک سەرباز و خەڵکی بەناوبانگ. بەزۆری لەجۆری کۆمەڵی داخراون، بەڵام ئەندامەکانیان مولتەزیمتر و بە پرەنسیپترن. ئەمانە وەک ئاگری ژێر کا لەپڕێکدا دەردەکەون و دەگەشێنەوە. کانێتی کە باس لە جەماوەری ئەڵمانی و سەرکەوتنی نازیزمی ئەڵمانیا دەکات، باس لەم گروپانە دەکات. بۆ نموونە گروپە میلیشیاییە نەتەوەییەکانی پروسیا وەک جەماوەری شووشەیی کاریانکرد و رۆڵیان لە بەهێزبوونی حزبی نازی لە ساڵانی 1920-1930 و پێکهاتنی رایشی سێیەم لەئەڵمانیا هەبوو.
_زیادبوونی هەڕەشەی رۆژانەی خۆفرۆشە بچووکەکان. هەمیشە لەناخی جەماوەردا هەستی چاودێریکردن هەیە. ئەم هەستە بەهۆی هەڕەشەیەکەوەیە کە دوو جۆرە: یەکەم ئەوەی کە لەدەرەوەی گروپەکەوەیە و لەسەر هەموویەتی. دووەم ئەوەی ناوخۆییە کە بە (خۆفرۆشە بچووکە نادیارەکان) ناوبراوە و دەبێتەهۆی هەڵوەشاندنەوەی توانای گروپەکە.
_پارە و جەماوەر، پارە دەتوانێت ببێتە سیمبول و کاریگەری لەسەر دروستکردنی جەماوەر هەبێت. وەک کانێتی دەڵێت: کاتێک کە کێشەی دارایی یان قەیرانی ئابووری سەرهەڵدەدات، هەستی رق لێبوونەوەی خەڵک یان جەماوەر بەرامبەر خاوەن سەرمایەکان زیاتر دەبێت و بەردەوام دەبێت و گەلێک هۆکاری بەدبەختی دەبەستنەوە بەوانەوە و هەتا دوای قەیرانەکەش درێژەی دەبێت، بەڵام لەهەمانکاتدا دەشبێتە سەرەتای سەرهەڵدانی گروپی یاخی و لەئەنجامی بەردەوامی ئەو رقەشدا بیری تۆڵەکردنەوە سەرهەڵدەدات وەک چۆن هیتلەر و حزبی نازی جولەکەیان کردە ئامانجی رق و کینەیان و کردیانن بە کرمی زیانبەخش.
_مەترسی گەشەی رۆژانەی کۆمەڵگە و لەدەست دەرچوونی جەماوەرە مۆدێرنەکان. کانێتی لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە جەماوەر لە جیهانی مۆدێرندا مەیلی بۆ لەخۆبایی بوون هەیە. حەزێکی مەترسیدار بۆ زیادبوون و رێگەنەگرتن لە گەشەی کۆمەڵگە هەیە. بێگومان لەگەڵ گەشەی شارەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانیشدا بواری دروستبوونی جەماوەری زیاتر دێتەئاراوە، ئەڵبەتە ئەمە پەیوەندی بە گەشەی سەرمایەداریشەوە هەیە: زۆریی بەرهەم، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی لەگەڵدایە، هەرچەند بەرهەم زیاتر بێ، پێویستی بە بەکارهێنەری زیاتر هەیە. هەروەک ئەوەی کە پێشتر باسکرا، لە روانگەی کانێتی_وە لە رابردوودا رێگەچارەی جۆراوجۆر بۆ کۆنترۆڵکردن گیرابووەبەر، لەرێگەی ترادیسیۆن و دینەکانەوە میکانیزمی وەها گیرابووەبەر کە دەیتوانی جڵەوی جەماوەر بکات. رۆشتن بۆ کەنیسە و مزگەوتەکان، دووبارەکردنەوەی بەردەوامی رێورەسمەکان لەو هەوڵانە بوون، بەڵام ئێستا زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان وایکردووە ئەو رێوشوێنانە بە ئاسانی لەبار نەبن بۆ کۆنترۆڵکردن. بەڕای کانێتی هۆکارەکانی پێکهاتنی جەماوەر هێندە زۆربووە کە تەنانەت هیچ کەس (زۆر بە ئەزموون و زیرەکەکانیش) توانای ئەوەیان نییە پێشبینی پەیدابوونی جەماوەری نوێ بکەن.

سەرچاوە: دو فصلنامە علمی- پژوهشی (پژوهش سیاست نظری) شمارە (26) پاییز و زمستان 1398 ل 253-286علی اشرف نظری و نگین دهکردی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان