لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کۆنفرانسی سەرجەم مەکتەب و مەڵبەندەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو کە بە گوێرەی لێدوانی هەڤاڵ تەلار لەتیف وتەبێژی رەسمیی کۆنگرە، لەکۆنفرانسەکاندا سێ هەزار و 274 ئەندام مافی دەنگدانیان هەبووە و لەو ژمارەیەش 260 هەڤاڵیان بۆ ئەندامێتی کۆنگرە هەڵبژێردران و تێیدا رەچاوی رێژەی بەشداری ژنان کراوە.
ئەو رێوشوێنانەی ئامادەکارییش بۆ پێنجەمین کۆنگرە دوای ئەوە هات کە لە 20ی مانگی رابردوو، مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک بە سەرپەرشتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبۆوە و بڕیاریدا رۆژی 27/9/2023 یەکێتی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی ببەستێت و دوای ئەوەش ئەنجومەنی سەرکردایەتی دوا کۆبوونەوەی خۆی لە هەولێر کرد و بڕیاری پێویست لەبارەی هەنگاوەکانی ئامادەکاری درا.
وەک زۆربەی هەڤاڵانی یەکێتی جەختی لەسەر دەکەنەوە بڕیاردان لە بەستنی پێنجەمین کۆنگرە لەم هەلومەرجەی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی هەرێم، جگە لەوەی بوێرییەکی زۆرە، هاوکات پابەندبوون بەو سەقفە زەمەنییەشەوە کە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی ئامادەکاری گیرانەبەر لە ماوەی مانگی رابردوودا، ئاماژە و نیشانەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەن، چونکە وێڕای ئەوەی کە بۆ یەکەمین جارە کە کۆنگرە لە نەک هەر لەوادەی پەیڕەویی خۆیدا دەبەسترێت، بەڵکو زیاتر لە دوو مانگیش پێش وادەی خۆی دەبەسترێت، جگە لەوەش بەشێک لە نەیارانی یەکێتی گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد کە کۆنگرە لەوادەی خۆیدا نابەسترێت و دوادەخرێت، بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی و خودی سەرۆک بافڵ وەک هەمیشە بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ دواوە و هەڵوێستەکردن لەسەر هەموو قیل و قالێک بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامە و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو، ئەوەش مژدەبەخشی ئەوەیە بۆ یەکێتییەکان کە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو دەبێت و وەک پابەندبوون بە سەقفە زەمەنییەکەوە، یەکێتیی دوای کۆنگرە یەکێتییەکی پابەندتر دەبێت بە پەیڕەو و دیسپلینی حزبییەوە و کۆنگرە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی حزبی و بە سروشتیکردنی کاری رێکخراوەیی و بەستنی کۆنگرەکان لە وادەی خۆیاندا و بەوەش چیتر دەبێتە رێگر لە کەڵەکەبوونی گرفت و کێشەکانی ناو هەناوی کاری حزبی و رێکخراوەیی.
دۆسێ-جەمال دەروێش