نامە بچووکەکان مێژوویەکی گەورە دەگێڕنەوە

10:42 - 2023-09-25
کەلتور
3732 جار خوێندراوەتەوە

د. ئاراس محەمەد ساڵح

کتێبی (نامەکان) بەرهەمێکی نوێی مامۆستا ئیحسان موفتیە، ئەم کتێبە ژمارەیەک نامەی دەستنووسی کاک ئەحمەدی شێخی سلێمانییە، لە رۆژگاری خۆیدا ناردوویەتی بۆ مەلا عومەری مەلا ئەبوبەکری گچکەی هەولێری، نووسەر جارێکی تر نامەکانی نووسیوەتەوە و لەگەڵ پێشەکییەک و چیرۆکی دۆزینەوە و نامەکان لە کتێبخانەی بنەماڵەکەیاندا، لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوەی لەبارەی ناوەرۆکی ئەو نامە بچووکانەوە کردووە.
بنەماڵەی مەلا گچکەی هەولێری یان ئەربیلی، یەکێکن لە بنەماڵە زانستییە دێرینەکانی کوردستان، لە رۆژگاری دەوڵەتی سەفەویدا لە گوندی سڵواتئاوای نزیک شاری سنەوە هاتووەنەتە هەولێر، لەدوای جێگیربوونیان لەو شارەدا مزگەوت و خوێندنگەیان کردووەتەوە و لە مزگەوتی گەورەی قەڵادا چەند سەدەیەک خزمەتی زانست و خوێندەواریان کردووە.

پۆستی فتوای هەولێریان وەرگرتووە
ئەم بنەماڵە بەهرەمەندە لەگەڵ پێگەیاندنی سەدان مەلای گەورەدا خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندبوون، بەدرێژایی مێژووی خزمەتی زانستییان سەدان کتێبی دەستنووس و بەڵگەنامە و کەشکۆڵیان پاراستووە و هەتا ئێستا لە ئەرشیفی بنەماڵەکەیاندا پارێزراوە.
   بنەماڵەی زانستی مەلا گچکەی هەولێری کە دواتر نازناوی مەلا فەندی و موفتی بڕاوە بەسەریاندا، نازناوی موفتی بەهۆی ئەوە بووە پۆستی فتوای هەولێریان وەرگرتووە، فەندی یان ئەفەندی بەکەسانی خوێندەوار وتراوە و زیاتر تورکمانەکان بەکاریانهێناوە، ئەم خێزانە بەهرەمەندە بەهۆی ئەو پێگە زانستییەی هەیانبووە لەگەڵ زۆرێک لەگەڵ بنەماڵە زانستی و ئاینییەکانی کوردستان پەیوەندی بەهێز و نامە گۆڕینەوەیان هەبووە، یەکێک لەوانە بنەماڵەی کاک ئەحمەدی شێخی سلێمانی بووە، کاک ئەحمەدی شێخ کوڕی شێخ مارفی نۆدێی بووە، لە ساڵی (1793) لە سلێمانی لەدایک بووە و لە ساڵی (1887) کۆچی دوایی کردووە لە ژوورەکەی خۆیدا لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بە خاک سپێراوە، لە دوای کۆچی باوکی مامۆستا و مودەڕیس و شێخی تەریقەتی قادری بووە لە مزگەوتی گەورەی سلێمانیدا.

پەیوەندی و قادری و نەقشبەندیی
ئەم بەرهەمە پێکهاتووە لە پێشەکییەکی کاک محەمەد گۆران کە کتێبەکەی نرخاندووە، هەروەها نووسەر کورتە باسێکی لەبارەی پەیوەندی و قادری و نەقشبەندییەوە نووسیوە، چونکە بنەماڵەی مەلا فەندی هەولێری نەقشی بوون و بنەماڵەی کاک ئەحمەدی شێخ قادری بوون، هەروەها باس لە هەنگاوەکانی کاک ئەحمەدی شێخ کردووە لە نزیک خستنەوەی هەردوو تەریقەتەکە.
  پاشان نووسەر بە کورتی باسی بارودۆخی سەردەمی کاک ئەحمەدی شێخی کردووە، هەروەها ئاماژەیەکی کورتی کردووە بە بایەخدانی دەوڵەتی عوسمانی بە پیاوە ئاینییەکان و تەریقەتەکان لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، باسی رۆڵی کاک ئەحمەدی شێخی کردووە لە ناردنی دەیان مورید و شوێنکەوتووی خۆی بۆ شەڕی عوسمانی و رووسی لەساڵانی (1875-1876) لە قەفقاس. 
 خاڵێکی گرنگ کە نووسەر ئاماژەی پێکردووە هاتنی شێخ عەبدولعەزیزی کوڕی شێخ عەبدولقادری گەیلانییە بۆ ناوچەی ئاکرێ، بە پێی زانیارییەکان نووسەر هەر لە ڕۆژگاری شێخ عەبدولقادر و کورەکانییەوە تەریقەتی قادری لە کوردستاندا بڵاوبوەتەوە و لەوێوە پەلی هاویشتووە بۆ وڵاتانی تر.
  لە باسی بنەماڵەی زانستی مەلا گچکەی هەولێریدا ئاماژەی بە مێژووی مزگەوتی گەورەی قەڵای هەولێر کردووە و بە ئەزهەری کوردستان ناوی بردووە، لە دوای نیشتەجێبوونی خانەوادەی زانستی مەلا گچکەوە، مزگەوتی گەورەی قەڵا بووەتە ناوەندێکی زانستی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، لە هەموو ناوچە جیاوازەکانەوە دەیان فەقێ روویان تێکردووە و لە زانستی مامۆستاکانی بەهرەمەندبوون، هەروەها جێگەی کۆبوونەوەی پیاوەگەورەکان و خوێندەوار و شاعیران بووە.
 
باسی ئەو شیعرانەی کردووە
لە بڕگەیەکی تری نووسینەکەیدا باسی خۆشەویستی شێخ رەزای تاڵەبانی کردووە بۆ کاک ئەحمەدی شێخ و بنەماڵەی مەلا گچکەی هەولێری و باسی ئەو شیعرانەی کردووە کە بۆ ئەو دوو خانەوادەی داناوە، هەروەها باسی سەفەری حەجی مەلا عومەرە فەندی هەولێری کردووە لە ساڵی (1881)دا.
  پاشان هاتووەتە سەر باسی هەر شەش نامەکەی کاک ئەحمەدی شێخ کە کاتی خۆی ناردوویەتی بۆ حاجی مەلا عومەری هەولێری، لە نامەی یەکەمدا کاک ئەحمەدی شێخ داوای لە مەلا عومەرە فەندی کردووە وەک زانیارییەکی ئاینی گەورە داوا بکات و رێگری بکات لەو دەروێشانەی بەرد و ئاگر دەخۆن، چونکە ئەو کارانە لە تەریقەتی قادریدا رێگەپێدراو نییە.
 لە نامەی دووەمدا كاك ئەحمەدی شێخ داوا لە مەلا عومەرە فەندی هەولێری دەکات کە ژمارەیەک فەقێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنێرین بۆ لاتان سەید حوسێن ناوێک کە خەڵکی بانە بووە لەگەڵیاندا بووە، کاک ئەحمەد داوا لە مەلا عومەر دەکات هاوکاریان بکەن و جێگەی بکەنەوە و دەرسیان پێبڵێن، چونکە پێگەی زانست و فێربوون زۆر پیرۆز و گەورەیە لە ئیسلامدا.
لە نامەی سێیەمدا کاک ئەحمەد سکاڵانامەیەکی بە حاجی عەزیز ناوێکدا ناردووە بۆ مەلا عومەر و داوای لێدەکات هاوکاری بکەن، چونکە حاجی عەزیز لەوانەیە پەیوەستە پێیانەوە، ئیتر باس لەوە ناکات کێشەکە چییە، زۆر بە کورتی نامەکەی بۆ نووسیوە.

ئاماژە بە چەند کتێبێک دەکات
 لە نامەی چوارەمدا کاک ئەحمەد سوپاسی مەلا عومەر ئەفەندی دەکات لە خزمەتکردنی بە دین و نوێکردنەوەی، هەروەها ئاماژە بە چەند کتێبێک دەکات کە داوا بکرێت بخوێنرێنەوە، هەموو کتێبەکانیش لە بواری عەقیدە و زانستی کەلامدان.
 لە نامەی پێنجەمدا کاک ئەحمەدی شێخ سوپاسی مەلا عومەرە فەندی دەکات کە کتێبەکانی عەقیدەی بڵاوکردوەتەوە، هەروەها داوای لێکردووە بە هەردوو زمانی فارسی و عەرەبی بڵاویان بکاتەوە، بۆ ئەوەی فەقێ و مەلای کورد سودیان لێوەربگرن، لەو رۆژگارەدا مەلای کورد فارسی و عەرەبیان زانیوە و هێشتا زمانی کوردی نەبووەتە زمانی کتێبەکانی خوێندن لە حوجرەکاندا.
لە نامەی شەشەم و کۆتاییدا کاک ئەحمەدی شێخ لەدوای سڵاو و نزای خێر بۆ مەلا عومەر ئەفەندی داوای لێدەکات کە سەید فەیزوڵا کە یەکێک بووە لە موریدەکانی کاک ئەحمەدی شێخ سەفەری موسڵ دەکات و دەچێتە هەولێر، کە هاوکاری بکەن و کارئاسانی بۆ بکەن.
هەموو ئەم نامانە پەیوەندی و خۆشەویستی  نێوان زانایانی ئەو رۆژگارەی کوردستان پیشاندەدەن، کە چۆن هاوکاری یەکتریان کردووە، هەروەها جیاوازی نەکردن لە نێوان قادری و نەقشبەندیدا، کاک ئەحمەدی شێخ مورید و فەقێی خۆی ناردووە بۆ خوێندنگەی مەلا عومەر ئەفەندی لە هەولێر  مەنسوبی نەقشبەندی بووە، هەتا لای ئەو بخوێنن و لە زانستی سوودمەند ببن.

نامەکان مێژووی لەسەر نییە
کاک ئەحمەدی شێخ لە کۆتایی نامەکانیدا ناوی خۆی بە سەید ئەحمەدی نۆدێی نووسیوە، لایەنێکی بەهێزی ئەم نامانە ئەوەیە هەموویان دەقی بنەڕەتی و بە خەتی خودی کاک ئەحمەدی شێخ نووسراونەتەوە، هەروەها هیچ یەکێک لە نامەکان مێژووی لەسەر نییە، هەموو نامەکانیش بە زمانی فارسی نووسراون، ئەوەی تێبینی دەکرێت نووسینەکانی کاک ئەحمەدی شێخ زۆربەیان بە فارسی نووسراون.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەرهەمە ئەوەیە بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی هەموو بابەتەکان نووسراونەتەوە، ئەمەش کارێکی زۆر گرنگە بۆ توێژەرانی هەرسێ زمانەکە و بە ئاسانی سودی لێوەردەگرن.
ئەم بەرهەمەی نووسەر بە چاپ و دیزانێکی زۆر جوان چاپکراوە و هەڵەچنی کراوە و بە شێوەیەکی زۆر رێکوپێک بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ دەستخۆشی زۆرمان بۆ نووسەر مامۆستا ئیحسان موفتی، داوا لە بەڕێزیان دەکەین بەردەوامبێت لە توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی کتێبخانەی بنەماڵەکەیان، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵەران و مێژوونووسان.



بابەتە پەیوەندیدارەکان