سه‌رۆك كۆمار پڕ‌ۆژه‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی ده‌نێرێته‌ په‌رله‌مان

03:43 - 2023-09-25
عیراق
300 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌پێناوی راپه‌راندنی زیاتری كاره‌ یاساییه‌كان و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عیراقدا، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات، له‌ناویشیاندا پڕۆژه‌یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدراڵییه‌، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش ده‌ڵێت: "په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ رێكه‌وتنی سیاسی ده‌وێت".
دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی له‌ده‌ستووردا هاتووه‌
كاروان یاروه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌سایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "له‌ ده‌ستووری عیراقدا هاتووه‌، كه ‌پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی دابمه‌زرێت، به‌ڵام له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا و له ‌خوله‌كانی پێشوودا په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دابمه‌زرێنێت".
وتیشی، "دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ و چه‌ند ئه‌نجومه‌نێكی تر كه‌ له‌ ده‌ستووردا ئاماژه‌یان پێدراوه‌، رێكه‌وتنی سیاسی لایه‌نه‌كانی ‌ناو په‌رله‌مانی ده‌وێت، تا ئێستاش ئه‌و رێكه‌وتنه‌ نەکراوە".
د.له‌تیف ره‌شید: پڕ‌ۆژه‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی گرنگه‌
د. له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عیراق له ‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پارێزه‌رانی عه‌ره‌بیدا رایگه‌یاند: "پڕ‌ۆژه‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی، گرنگییه‌كی تایبه‌تی بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان هه‌یه‌ و ده‌توانێت چاودێر بێت به‌سه‌ر په‌رله‌مانه‌وه‌".
ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له ‌هه‌وڵی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی فیدراڵیدایه‌، كه‌ زۆرێك له‌ وڵاته فیدراڵییە‌كانی جیهان كاری پێده‌كه‌ن.
 عه‌لی ته‌میمی، شاره‌زای یاسایی به‌سایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگه‌یاند: "ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی به‌و پێیه‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی تێدا ده‌بێت، ده‌توانێت سه‌رجه‌م ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ په‌رله‌مان ده‌ریده‌كات، وردبینی بۆ بكات و رایبگرێت".
به‌پێی ماده‌ی 65ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نێكی دادوه‌ریی كه‌ پێشی ده‌وترێت (ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی) دابمه‌زرێت، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ نوێنه‌رانی هه‌رێم و پارێزگاكان، هه‌یكه‌ل و ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌یاسا رێكده‌خرێت و پێویسته‌ سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌نگی پێبده‌ن.  
ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی كه‌ ئه‌ركی چاودێریكردنی پرۆژه‌كانی په‌رله‌مانه‌، بۆ ئێستای عیراق زۆر گرنگه‌ له ‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ و بڕ‌یاره‌ بنێردرێته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكلدایه‌ له ‌خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌ماندا چه‌ند جارێك پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی نێردراوه‌ته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كانەوە دروستنه‌كراوه‌.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان