دامەزراروەی تەندروستی جیهانی ئاماری تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرای لە جیهاندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە جیهاندا، بۆ دوو هێندە زیادی کردووە.
هەروەها باسی لەوەشکرد، لە چوارقوڕنەی جیهاندا، تەنیا 470 هەزار تووشبوو بە نەخۆشی کۆلێرا تۆمارکراوە بەڵام ئاماری راستی تووشبوون، زۆر لەو ژمارەیە زیاترە. بە جۆرێک گومان دەکرێت ساڵی 2022 ملیۆنێک و 300 هەزار کەس تاکو چوار ملیۆن کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بووبن.
هاوکات جەختی لەوەشکردەوە، گۆڕانکاری کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی شەڕ هۆکاری پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و پەرەسەندنی میکرۆبی کۆلێرایە.
وڵاتانی ئەفغانستان و سووریا و کامیرۆن و نەیجیریا و عیراق، ئەو وڵاتانەن زۆرترین پەتای کۆلێرای تێدا بڵاوبۆتەوە.
سەرچاوە: DW