ئا: تەوار شێخ عوسمان
ئەم بابەتەی ئامادەم کردووە، باسێکی خێرایە سەبارەت بە ژیانی شازادە دیانا، شازادەی کۆشکی پێرمێنگهام و هاوسەرەکەی پاشای ئێستای بەریتانیا و دواتریش باسوخواسی کوشتنەکەی و هەندێک لایەنی شاراوەی ژیانی ئەو خاتوونە کە دوای مردنیشی لای زۆر کەس خۆشەویست و سەرنجڕاکێشە.
دیانا فرانسیس سێنەسەر لە 1/7/1961لە شاری نۆرفۆلک لەدایکبووە، سێیەمین منداڵی ئێدوارد جۆن سپێنسەر بووە.
باپیری یەکێک بووە لە خانەدانەکانی نزیک لە خێزانی شاهانەی بەریتانیا، کاتێک باپیری کۆچی دوایی کرد، باوکی دەبێتە لۆرد سپێنسەری هەشتەم و لە موڵک و ماڵی خێزانەکەی ئەلتۆرپ لە ناوەڕاستی ئینگلتەرا نیشتەجێبوون.
ئەم شازادەیە لەگەڵ خێزانەکەی لە پارکهاوس دەژیا کە کۆشکێکی سەردەمی ڤیکتۆریایە و دەکەوێتە سەر گۆڕەپانی کۆشکی شاهانەی سانرینگنهام.
منداڵییەکی سەخت
ژیانی دایک و باوکی دیانا پڕکێشە بوو، بەتایبەتی لەوکاتەی کە وەک کچ لەدایکدەبێت و دەبێتە هۆی نائومێدیی باوکی. چونکە باوکی بڕوای وابووە کە بوونی میراتگرێکی نێرینە، ئایندەی خێزانەکەیان دەپارێزێت، بۆیە کاتێک دیانا لەدایک دەبێت و دەبێتە سێیەم کچ، باوکی خەم دایدەگرێت.
لە ساڵی 1965دا گوشارەکان لەسەر دایکی کەم دەبێتەوە، کاتێک دواجار فرانسیس چارڵزی کوڕ لە دایک دەبێت، ئیدی گرنگیی زۆر بە دیانا نادرێت و هەمیشە دەبێتە قوربانیی ناکۆکییەکانی دایک و باوکی و دەشێت بڵێین کچبوون بۆ ئەو نەبووە مایەی بەختەوەریی.
دیانا لە خوێندنگەشدا خوێندکارێکی سەرکەوتوو نەبوو، لە هەمووشی زیاتر خولیای مەلەوانی و بالێی هەبوو، بەڵام بەهۆی بەرزیی باڵایەوە نەیتوانیووە لە سەمای بالێ-دا بەردەوامبێت.
لەگەڵ ئەوەی لە خوێندنی وانەکانیدا ئەنجامی باش و پێویستی نەبووە، بەڵام بەهۆی رەفتارەکانییەوە وەک «میهرەبانترین و یارمەتیدەرترین کچ»ی قوتابخانەکەی ناسرا.
ساڵی 1978 خوێندنی تەواودەکات و روو دەکاتە لەندەن و لە باخچەیەکی منداڵان دەبێتە چاودێر. ئەم خاتوونە شازادە گەنجە، کەسێکی شەرمن بووە، هەر ئەوەش وایکرد کاتێک هەواڵی شووکردنی بە شازادە چاڕلز بڵاو بۆوە، جیهان بە تەواوی سەرسام بوون.
زەماوەندی لەگەڵ شازادە چاڕلز
لە 29/7/1981 لە تەمەنی 20 ساڵیدا زەماوەندی لەگەڵ شازادە چاڕلز کرد، لە ئاهەنگەکەیدا کە میوانەکانی کۆشک بە سەدان کەس دەبوون و خەڵکێکی ئاسایی بەریتانیاش بەشداریی ئەو رێوڕەسمەیان کرد، لە تەلەفزیۆنیشەوە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا بینەری ئاهەنگەکەیان بوون. لەوێدا هەموان ئەوەیان بینی کە ئەو شازادەیە بە شەرمەوە و بە دڵێکی وەک منداڵەوە دەستی بەرزدەکردەوە و سڵاوی لە ئامادەبووان دەکرد.
ئاهەنگەکەی دیانا وەك چیرۆکە ئەفساناوییەکان دەهاتە بەرچاو، بەڵام لەو چیرۆکانەدا کاتێک شازادە بە کچی دڵخوازی خۆی دەگات، دواتر بە خۆشی دەژین، بەڵام ئەمە لە شووکردنەکەی دیانادا تەواو پێچەوانە بوو، بگرە بۆ ئەم خاتوونە بەدبەختە بووە سەرەتای دەستپێکردنی رێگەکەی بەرەو دۆزەخ.
بەپێی گێڕانەوەکانی خۆی، هەر لەماوەی دەستگیرانیدا تووشی نەخۆشیی لاوازیی جەستە بووە کە بە (ئانارۆکسیا) ناسراوە. هەروەها بە زەحمەت دەیتوانی خۆی لە چاوی کامێراکان بشارێتەوە کە شەو و رۆژ بەدوای ئەو و سێ دەستە خوشکەکەیەوە بوون.
هەر لەو ماوەیەشدا، زانیبووی کە هێشتا شازادە چاڕلز و کامیلا پارکەر بۆولز پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە، هەروەها کە شووی بە شازادەش کرد، بە زەحمەت شازادەی ناسیبوو، چونکە لەماوەی نێوان دەستگیرانداری و زەماوەندەکەیاندا، ئەو دووانە، تەنها چەند جارێک یەکتریان بینی، هەرگیز کاتی تەواویان نەبوو تا بەتەواوی یەکتری بناسن، بۆیە لە مانگی هەنگوینیدا کە بە یەختی شاهانەی بەریتانیا گەشتیان کرد، ئەوکاتە بۆیان دەرکەوت کە چەند لەسەر شتەکان ناکۆکن و چەندیش خاڵی جیاوازییان لە خاڵی هاوبەشیان زۆرترە.
شازادە چاڕلز لە نامەیەکیدا باسی ئەو گەشتەی کەشتییەکە دەکات کە زیاتر لە باوکێک چووە کە لەگەڵ کچە هەرزەکارەکەیدا گەشتێکی کردبێت، نەک تازە ژن و مێردێک کە لە سەرەتای ژیانی پێکەوەبوونیاندا بن.
هەرچەندە جیاوازیی نێوان تەمەنیان تەنها 12 ساڵ بوو، بەڵام لە زۆر رووەوە چارڵز دوو هێندە لە تەمەنی خۆی زیاتر دەردەکەوت، ئەمەش بە هۆی پەروەردەی شاهانەی توندوتۆڵ، تەنانەت لە منداڵیشدا ناچار ببوو وەک بەتەمەنێک بژی نەک وەک کەسێک لە تەمەنی ئاسایی خۆیدا.
شازادە خاتوون چاوەڕوان بوو لە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی شاهانە لە کۆشکی کێنسنگتۆن، بەشێوازێکی گەرم پێشوازیی لێبکرێت لە کۆمەڵگەی خێزانی شاهانەدا، بەڵام لە چاوەڕوانییەکەیدا بەهەڵەدا چوو. لە کۆشکی شاهانە هەر خێزانێک ژیانی خۆی دەژیا، ستافی خزمەتکاری تایبەت بە خۆیان هەبوو، هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی لەناو خێزانەکانی دیکەدا نەبوو، تەنانەت لەناو خێزانی شاهانەشدا ئەگەر دیانا بیویستبایە خەسووی واتە (شاژن) ببینێت، دەبوو وەک هەموو کەسێکی تر داوای وادەی بینینی دابنایە.
لە نەریتی شاهانەدا، ناپاکی شازادە چاڕڵزی مێردی تەواو ئاسایی بوو، رەنگە چاوەڕێی ئەوە بووبێت چاڕلز کە - وەک باوکی و باوباپیرانی - بتوانێت ژیانی خۆشەویستی خۆی لەلایەک بەڕێوەببات، تا ئەوکاتەی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و میراتگرێکی تەختی پاشایەتی دەخاتەوە.
دایکێکی دڵسۆز
بە هێنانە دونیای هەردوو کوڕەکەی شازادە ولیام لە ساڵی 1982 و دواتریش شازادە هاری لە ساڵی 1984 لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خانەوادەی شاهانە بوو کە توانیی جێنشینی تەخت مسۆگەر بکات.
هەمووان وەک دایکێکی دڵسۆز بۆ منداڵەکانی لێیان دەڕوانی کە بەدڵنیاییەوە بەو شێوەیە بوو، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو دەیویست خۆی منداڵەکانی ببات بۆ خوێندنگە، کە ئەمە لە ئەتەکێتی خانەوادەی شاهانەدا نەگونجاو بوو. دیانا بوو بە ئەستێرەیەکی درەوشاوە لەناو خانەوادەی شاهانەدا، لەکاتێکدا چاڕڵز زۆر گرنگیی پێ نەدەدرا نە لەلایەن خەڵکەوە و نە لەلایەن فۆتۆگرافەرە رۆژنامەوانییەکانەوە.
بەدرێژایی ساڵان، دیانا پەیوەندییەکی کراوە و نهێنی لەگەڵ رۆژنامەگەریدا پەرەپێدەدا کە پێچەوانەی نەریتی بنەماڵەی شاهانە بوو.
تێكچوونی خێزانی شاهانە
لە مانگی ئایاری ساڵی 1992دا، وێنەی بەختەوەریی خێزانی شاهانە هەڵوەری، کاتێک کتێبی چیرۆکی ژیانی دیانا بڵاوکرایەوە کە لەلایەن نووسەر و رۆژنامەوانی بەریتانی (ئاندریۆ مۆرتن) نووسرا بوو، کە بە نهێنی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دیانادا سازکردبوو، ئەم کتێبە وەک بۆمبێک لە وڵاتدا تەقییەوە. لەکاتی خۆشیدا نووسەر ئەوەی راگەیاندبوو کە سەرچاوەی نووسینەکەی هاوڕێ باشەکانی شازادە دیانا بووە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە خۆی دەستپێشخەریی ژیاننامەکەی کردبێت.
رەنگە دیانا ئامانجی ئەوە بووبێت کە هەموو ئەوانەی مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کردووە بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە پەشیمان ببنەوە و شتەکان بگۆڕدرێن ئەگەر بزانن کە دیانا چەندە ئازاری چەشتووە، یان رەنگە تەنها ویستبێتی تووڕەیی خۆی لە فێڵکردن و فریودان دەربخات و تۆڵە لە چاڕلزی مێردی و خراپ مامەڵەکردنەکەی بکاتەوە.
دیانا لە کتێبەکەدا باسی ژیانی پڕ ئازاری منداڵیی خۆی کردووە و زۆر بە وردی پەرژاوەتە سەر باسکردنی شووکردنە ناخۆشەکەی، کە چۆن بەخێرایی کەوتۆتە ناو ژیانی ژن و مێردایەتییەوە.
باسی لە کەمبوونەوەی ئارەزووی بۆ خواردن و تووشبوونی بە خەمۆکی کردووە و باسی ئەوەشی کردووە کە چۆن چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
ئاشکراکردنی چەند نهێنییەک
لە کتێبەکەدا چەند نهێنییەکی ئاشکرا کردووە کە خەڵکی تووشی شۆک کرد، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە، شەپۆلێکی هاوسۆزی بۆ دیانا دەربڕدرا کە زۆرێک لەوانە خۆیان لەو بەسەرهاتانەی ئەم خانمەدا دەبینیەوە، بەڵام دیانا لەمەدا هەڵەی کرد.
هەڵەکەی لەوەدابوو وا هەستی دەکرد بە باسکردنی ئەو نهێنییانە و هاوسۆزییەکی زۆر لە خەڵکەوە، دەتوانێت لە رێگەی میدیاوە پارێزراو بێت لەو دژایەتیکردنەی لەلایەن بنەماڵەی شاهانەوە بەرامبەری دەکرێت، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، زۆری نەخایاند پەیوەندیی تەلەفۆنی نهێنی نێوان ئەو و هاوڕێ پیاوەکەی بەناوی (جێمس گیلبی) بڵاوکرایەوە، دەرکەوت کە ئەو دووانە پەیوەندیی سۆزداریی و سێکسییان هەبووە، بەم پێیە دیانا بە هیچ شێوەیەک قوربانییەکی بێتاوان دەرنەچوو، وەک ئەوەی لە کتێبەکەدا ویستبووی خۆی دەربخات!
لەپاڵ ئەوەشدا پەیوەندیی خۆشەویستی چاڕلز و کامیلا بە دنیادا بڵاوببۆوە، بەڵام خانەوادەی شاهانە لێی بێدەنگ بوون.
جیابوونەوە
لە 9/1/1992 هەواڵی جیابوونەوەی دیانا و چاڕلزی شازادەی جێنشین راگەیەندرا، شوێنی نیشتەجێبوونی لە کۆشکی کێنسنگتۆن پاراست، لەکاتێکدا چاڕلز لە ماڵی هایگرۆڤ مابۆوە.
کوڕەکان کە لە قوتابخانەی شەوانە دەیانخوێند، کۆتایی هەفتە و پشووەکانیان لەگەڵ هەردوو دایک و باوکیان بەسەر دەبرد.
لەم نێوەندەدا دادگا بێلایەنیی خۆی پیشان نەدەدا، کە بەردەوام تۆمەتەکانی دیانای بەبێ بنەما رەتدەکردەوە و پێیوابوو کە ئەمە زنجیرەیەک درۆی هەڵبەستراون بۆئەوەی بنەماڵەی شاهانە ریسوا بکات، ئا لێرەدا دەبینین کە زۆرجار دادگای وڵاتانیش لەپاڵ پارەو دەسەڵاتدا تاوانبار بێبەری دەکەن لە تۆمەتەکان! بەڵام هاوسۆزیی خەڵک لە بەرژەوەندیی دیانا بوو.
دوای ئەوە لە هەوڵێکدا بۆ گۆڕینی وێنەکە لەلایەن چاڕلزەوە لە ساڵی (1994)دا، چاوپێکەوتنێکی درێژخایەنی تەلەفزیۆنی سازکرد. کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا دڵسۆزی هاوسەرەکەی بووە؟ شازادە وەڵامی دایەوە: «بە دڵنیاییەوە من دڵسۆز بووم». دوای هەندێک دوو دڵی، ئاماژەی بەوەشکرد، «لانیکەم تا ئەوکاتەی ژن و مێردایەتیمان تێکچوو، سەرەڕای ئەوەی هەردووکمان هەوڵمان دەدا بەو شێوەیە کۆتایی پێ نەیەت».
رۆژی دواتر، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی نووسی: «شازادە چاڕلز یەکەم کەسی شاهانە نییە کە فێڵ لە هاوسەرەکەی بکات، بەڵکو یەکەم کەسە لەبەردەم 25 ملیۆن کەسدا دەرکەوت و درۆی کرد، کە ئەمەش رووبەڕووی رەخنەی زۆری کردەوە، چ لەلایەن خەڵکی ئاسایی و چ لەلایەن رۆژنامەکانەوە.
دواتر دیانا چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی سازکرد و تێیدا خێزانی شاهانەی تۆمەتبارکرد بەوەی بێ هەستن و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە راستیدا ماڵی شاژن ئیرەیی پێ دەبەن، چونکە زۆرخۆشەویستە لەلایەن گەلەوە و ئەوەش خانەوادەی شاهانەی هەراسان کردووە.
کەمبوونەوەی کارە خێرخوازییەکانی
دوای جیابوونەوەکە، کارە خێرخوازییەکانی کەمبوونەوە، بەڵام زیاتر بەشداریی لەو پرسانەدا دەکرد کە بەڕاستی ئامانجی بوو وەک پشتگیریکردن و هاوکارییکردنی نەخۆشانی ئایدز هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بەو نەخۆشییە دەیکرد، چونکە تا ئەوکاتە خەڵک پێیانوابوو هەڵگرانی نەخۆشی ئایدز تەنها بە بەرکەوتنیان بە کەسێکی ساغ نەخۆشییەکەیان بۆ دەگوازنەوە، هەروەها لە پشتیوانییکردنی پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکانیش بەردەوام بوو و کاری زۆریشی دەکرد بۆ قوربانیانی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی جەنگەکان و زۆر چاونەترسانەش سەردانی مەیدانی بۆ چەندین کێڵگەی مین کردووە لە جیهاندا.
دیانا لە جاران زیاتر تەنها بوو و زیاتر بووە نێچیری رۆژنامەنووسان و جێگای قسەوباس، رۆژنامە و گۆڤارەکان پارەیەکی زۆریان دەدا بۆئەوەی وێنەی دیانا بکەنە هەواڵی گەرمی رۆژ، وایان پیشان دەدا کە ئەم خانمە بەبێ بنەماڵەی شاهانەش کەسایەتییەکی دیار و گرنگە بۆ بەریتانییەکان.
وێنەی ئەم خانمەیان وەک ژنێکی گەنجی جدی بڵاودەکردەوە کە بە پانتۆڵ و تیشێرتێکەوە سەردانی قوربانییەکانی مینی دەکرد لە ئەفریقا و بۆسنە و دەیەوێت لە رێگەی جیاجیاوە بازرگانانی ئەم کوشتارگەیە رابوەستێنێت، بەمەش زیاتر هاوسۆزیی خەڵکیی بۆخۆی رادەکێشا.
کەسە نزیکەکانی خێزانی شاهانە وەک خیانەتکارێک باسیان دەکرد، بەڵام لەناو خەڵکی گشتیدا لە هەموو کاتێک خۆشەویستتر بوو.
پەیوەندی لەگەڵ محەمەد ئەلفاید
لە سەرەتای هاوینی ساڵی 1997 دا و دوای ئەوەی پەیوەندییە هاوسۆزییەکەی لەگەڵ پزیشکی نەشتەرگەریی پاکستانی حەسەنات خان کۆتایی هات، شازادە دیانا بە تەنیا مایەوە، دواتر پەیوەندیی لەگەڵ کەسایەتییەکی بازرگانی بەڕەچەڵەک میسریی بەناوبانگدا دامەزراند، ئەویش دودی محەمەد ئەلفاید بوو. دودی ساڵی 1955 لە میسر لەدایک ببوو. وەک باس دەکرێت زۆر لەمێژ بوو محەمەد ئەلفایدی باوکی دودی بەدوای پۆستێکدا دەگەڕا لە چینی سەرەوەی بەریتانیادا، ئەمەش بە هەوڵەکانیدا دیاربوو، کاتێک ڤێللا کۆنەکەی دوک و دوچێسی ویندسۆری لە دەرەوەی پاریس کڕیبوو، هەروەها مۆبیلیاتیشی بۆ دابینکردبوو. جگە لەوەش ئەلفاید خاوەنی فرۆشگای گەورەی بەریتانی هارۆدز و هۆتێلی ریتز بوو لە پاریس.
ئەلفاید دیانای وەک یارییەکی گونجاو بۆ دودی کوڕەکەی بینی و لە سەرەتای هاوینی ساڵی 1997دا شازادەی بانگهێشتکرد بۆ پشوودان لەگەڵ کوڕەکەی لە یەختێکی نایابدا کە بۆ ئەو مەبەستە لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا دروستیکردبوو. دوای ئەو گەشتە پۆلێک فۆتۆگرافەری پاپارازی هاتنەئاراوە کە ژیانی ئەم شازادەیەی هەراسان کردبوو.
بەردەوام ئەم کۆمەڵە فۆتۆگرافەرە چاودێرییان دەکرد، ئەوەبوو لە 30/8دا لە سویتێکدا لە هۆتێل ریتز کە دیانا و دودی ئێوارەخوانێکی درەنگیان خوارد، دوای نیوەی شەو لە دەرگایەکی پشتەوە هۆتێلەکەیان بەجێهێشت بۆئەوەی بچنە شوقەکەی دودی لە پاریس.
نزیکەی 15 فۆتۆگرافەری پاپارازی بە ئۆتۆمبێل و بە ماتۆڕسکیلەوە بەدوای ئۆتۆمبێلە رەشە مارسیدسەکەیانەوە بوون، کە بە خێراییەکی زۆر دەڕۆیشت، بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلەکەی دیانا و دودی خۆی کێشا بە ستوونێکی کۆنکرێتیدا لە یەکێک لە تونێلەکانی پاریس و لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا دودی فاید و شۆفێرەکەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و دیاناش یەک دوو سەحات دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لە 31/8/1997دا هەواڵی مەرگی شازادە دیانا بە بەریتانیا و جیهاندا بڵاوبۆوە، ئەم هەواڵه نەک خانەوادەی شاهانە، بەڵکو شەیدایانی دیانای لە هەموو شوێنێک شۆککرد و دیاناش بۆ ئەبەد ماڵئاوایی لە هەردوو کوڕەکەی و خۆشەویستان و عاشقانی کرد.
ئینگلیزەکان بە قووڵی ماتەمینییان گێڕاو دەستە دەستە گوڵیان لەبەردەمی کۆشکی شاهانەدا دادەنا، وەک هاوخەمی و رێزێک بۆ ئەو خانمە شازادەیە کە تا ئەمڕۆش ناوی بە پرشنگداری و زیندوویی لەناو لایەنگرەکانیدا ماوەتەوە.
هەندێک لە شارەزایانی کاروباری شاهانە دەڵێن: ئەگەر شازادە دیانا هەتا ئێستا بژیابایە، ئەوا وێنەی ئەو جیاواز دەبوو لەناو بنەماڵەی شاهانەدا، ئەوان دەڵێن: دیانا مرۆڤێکی سادە و نەرم و نیان بوو، بەڵام یاخی بوو لە کۆتوبەند و نەریتە قورسەکانی ژیانی شاهانە، هەر لەبەر ئەوەش بووە قوربانی.
چەند تیۆرییەک دەربارەی مردنی دیانا
لەگەڵ مردنی دیانادا کۆمەڵێک سیناریۆ سەبارەت بە مردنی دیانا سەریانهەڵدا. لێرەدا بەربڵاوترینیان و ئەوەی راستە یان هەڵەیە دەخەینەڕوو.
کاتێک مرد دووگیان بوو
شازادە دیانا پێش مردنی، زۆرجار و بە بەردەوامی لەگەڵ دودی ئەلفایدی تەمەن 42 ساڵ دەبینران. ئەوان لە مانگی تەمموزی ساڵی 1997ەوە پەیوەندییان هەبوو و بەشێکی زۆری مانگی ئابی 1997یان لە یەختە لوکسەکەی دودیدا بەناوی (جۆنیکاڵ) لە مۆناکۆ بەسەربردبوو، لەوێ وێنەیەکی زۆریان گیرا، دواتر چوون بۆ پاریس.
پاش ماوەیەک ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی فەرەنسا ئاشکرای کردبوو، کاتێک دیانا سواری ئۆتۆمبێلەکە بووە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدس S280 بووە، شازادە دووگیان بووە.هەروەها محەمەد ئەلفایدی باوکی دودی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە شازادە دووگیان بووە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە پەردەپۆشکران. ئەگەر ماڵی شاهانە ئەوەیان ئاشکراکرد، ئەگەر شازادە بەناوبانگەکەیان لە پیاوێکی موسڵمان دووگیان بێت، ئەوا بۆ ماڵی شاهانەی بەریتانیا وێرانکەر دەبوو.
راستییەکانی دووگیانی دیانا
ئەو دەنگۆیانە لەلایەن دکتۆر جۆن بێرتۆنەوە رەتکرایەوە کە پشکنینی جەستەی شازادەی کردبوو، دکتۆر بێرتۆن بە دەیلی مەیلی بەریتانی راگەیاند، من تێناگەم لەو قسانە کە گوایە شازادە دیانا دووگیان بووە. لە کاتێکدا راپۆرتی پزیشکی لە کەسێک وەرگیراوە کە هەرگیز تەرمی دیانای نەبینیووە. بەوتەی دکتۆر بێرتۆن هیچ کۆرپەلەیەک لە منداڵدانی دیانادا نەبووە، هەروەها هیچ بەرزبوونەوەیەکی هۆرمۆنیش لە خوێنیدا نەبووە.
دیانا دووگیان بوو، بەڵام دودی باوکی نەبوو
بەگوێرەی کریس لافایل، رۆژنامەنووسی فەرەنسی، دیانا دووگیان بووە، بەڵام لە دودی ئەلفاید نا. لافایل بەڵگەی لە ئەرشیفی ئەو نەخۆشخانەیەدا دۆزییەوە کە دیانای لەدوای رووداوەکە بۆ براوە. بەڵام مەحاڵ بوو دودی باوکی منداڵەکە بێت، بەو هۆکارە سادەیەی کە دیانا و دودی ئەلفاید ماوەیەکی کورت بوو یەکیان دەناسی، بەڵکو گومانەکان بۆ دکتۆر حەسەناتی بە رەچەڵەک پاکستانی دەچوو کە پێش دودی ئەلفاید لەگەڵ دیانا پەیوەندییەکی زۆر گەرمیان هەبووە، زۆرێکی تریش پێبانوایە ئەو بابەتە دروستکراوە و دیانا دووگیان نەبوو. ئەو زانیاریی و دەنگۆیانەش وەک فێڵێکی سادە بۆ فرۆشتنی کتێبیەکەی (دیانا) بەکارهاتوون.
بەگوێرەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی پاریس، ئەو زانیارییانەی لافایل دۆزیوێتییەوە، ساختە بووە، هەموو پزیشکە بەشداربووەکانی نەخۆشخانەکە کۆکن لەسەر ئەوەی دیانا دووگیان نەبووە.
شازادە دیانا کوژرا؟
ئەمە تیۆرێکە کە محەمەد ئەلفاید باسی کردووە و دەڵێت: دەزگای نهێنی MI6 ی بەریتانیا لە پشت مردنی دیاناوە بووە.
ریچارد تۆملینسۆن کە پێشتر بریکاری سوێندخواردن بووە، بە دەزگای لێکۆڵینەوەی فەرەنسی راگەیاندووە کە MI6 دەستی لە رووداوەکەدا هەبووە و لە راستیشدا (هێنری پاوڵ)ی شۆفێرەکەی دودی ئەلفاید بریکاری نهێنی بەریتانی بووە، هەروەها هەردوو پاسەوانەکەی دیاناش، (ترێڤەر ریس جۆنز) و (کیس وینگفیڵد) لە دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا کاریان کردووە و (MI6)ش چاودێریی دیانایان کردووە و ئەمەش پیلانێکی تیرۆرکردن بووە دژی سەرۆکی ئەوکاتی سربیا سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ.
دوای نۆ ساڵ لە مردنی دیانا و لە ساڵی 2008دا ریچارد تۆملینسۆن وتەکانی خۆی گۆڕی و رایگەیاند: کە هێنری پاوڵ بریکاری MI6 نەبووە. تەنانەت MI6 رەتیکردەوە کە پاسەوانی یان چاودێریی شازادە دیانایان کردبێت. هەربۆیە تائێستاش مردنی دیانا وەک نهێنییەک ماوەتەوە و ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە کە پیلانێکی تیرۆرکردن هەبێت لە مردنی دیانادا.
پاپارازییەکان دیانایان کوشت
دیانا و دودی لە ماوەی مانگی ئابی ساڵی 1997دا رۆژانە وێنەیان دەگیرا، کاتێک ئەو ئێوارەیەی هۆتێل رێتزیان بەجێهێشت و بە ئۆتۆمبێلەکەیان رۆیشتن، فۆتۆگرافەرەکان شوێنیان کەوتن، بەگوێرەی ئەو سیناریۆیە، ئۆتۆمبێلەکەی دیانا راوەدوونراوە، ئەمەش بووە هۆی رووداوەکە و گیانلەدەستدانی دیانا.
کۆمەڵێک پرسیار
مەرگی ئەم خاتوونە، کۆمەڵێک پرسیاری لەلای ئەفسەرانی پۆلیس ورووژاند، لە تونێلەکەدا کامێرای چاودێری دانرابوو، کە دەتوانرا ساتی رووداوی ئۆتۆمبێلەکە تۆمار بکات و هۆکارە راستەقینەکانی دیاری بکات. بەڵام هەر کە داوای تۆمارە ڤیدیۆییەکان لە کارمەندانی تونێلەکە کرا، دەرکەوت کە لەو شەوەدا، لەناو تونێلەکەدا، کامێراکانی ڤیدیۆی چاودێریی کاریان نەکردووە.
پشکنینی تەرمی شۆفێرە کوژراوەکە پرسیاری نوێی لێکەوتەوە، رێژەیەکی بەرزی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە خوێن و شانەکانیدا دۆزرایەوە، وەک ئەوەی چەند چرکەیەک پێش مردنی خنکێندرابێت. لایەنگرانی تیۆری پیلانگێڕی باس لەوە دەکەن کە جۆرێک لە غاز خراوەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی دودی ئەلفاید، بەهۆیەوە شۆفێرەکە بۆ ماوەیەکی کاتی کۆنترۆڵی لەدەستداوە. زۆر دواتر زانیاری نوێ لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، کە مەی لە خوێنی شۆفێرەکەدا دۆزراوەتەوە و بڕە پارەیەکی خەیاڵی لە ئەکاونتەکانیدا هەبووە.
هەروەها پزیشکەکان پەلەیان نەدەکرد بۆئەوەی دیانا ببەن بۆ نەخۆشخانە، ئەو لە ئامبوڵانسێکدا یارمەتی پزیشکی وەرگرت کە چەند مەترێک لە ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکەوە دووربووە. هەروەها بۆ ماوەی نزیکەی 37 خولەک لە ئۆتۆمبێلە وەرگەڕاوەکەدا ماوەتەوە و دەرنەهێنراوە و دوای رووداوەکە بە گشتی 81 خولەکی دیکە پێش هاتنی ئەمبوڵانسەکە ژیاوە. دوای مردنیشی، هەرچەندە ماوەی نێوان پاریس بۆ لەندەن تەنها سەعاتێک بوو، کەچی بە پێچەوانەی یاساکانەوە، لە پاریس بەپەلە تابووتەکەی دیانا مۆرکرا، چونکە دوای مۆرکردن چیتر ناتوانرێت تابوتەکە بکرێتەوە، محەمەد ئەلفایدی باوکی دودیش ئەوەی راگەیاند: کە ئەو کارە بۆ شاردنەوەی دوو راستی کراوە کە بریتین لە غازی ناو ئۆتۆمبێلەکە و دووگیانیی شازادەی کۆچکردوو. لێکۆڵینەوە رەسمییەکانی ئەوکاتە لە بارەی دۆسێی مردنی دیانا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو و دودی ئەلفاید بە شێوەیەکی نایاسایی کوژراون و قوربانیی مردنی بەڕێکەوت نەبوون، ئەم گومانانە تا ئێستاش نەڕەویونەتەوە.
مردنی دیانا و گۆڕینی ئۆتۆمبێلەکە
سەرەڕای ئەوەی کە لە رۆژی مردنی شازادە و دودی لە پاریس، مارسیدسی کۆنکرێتییان بەکارهێنا، کاتێک دیانا و دودی کەمێک دوای نیوەشەو لە بەرەبەیانی 31ی ئابی 1997 لە هۆتێل ریتز هاتنە دەرەوە، مارسیدسێکی دیکە رەوانە کرا بۆئەوەی هەڵیان بگرێت.نەک هەر لە دوایین ساتدا ئۆتۆمبێلەکە گۆڕدرا، بەڵکو ئۆتۆمبێلی یەدەگی نەبوو، وەک چۆن لە رۆژدا دەکرا و ئەمەش پراکتیزەیەکی ستاندارد بوو بۆ ئەم جۆرە ئاسایشە.
بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی
هەرچەندە لێدوانی جیاواز دەدرا لە بارەی ئەوەی دیانا پشتێنی سەلامەتی نەبەستووە، بەڵام هەموو ئەوانەی دیانایان دەناسی، بە «خاوەنی ئاسایی پشتێنەی سەلامەتی» وەسفیان دەکرد و ئەستەم بوو باوەڕ بەوە بکەن کە دیانا پشتێنی سەلامەتی نەبەستووە. لە هەمانکاتدا پاسەوانەکە لەناو ئۆتۆمبێلی ترێڤەر رایس جۆنز بە پشتێنی سەلامەتی بەسترابۆوە، هەرچەندە ئەمە بۆ پاسەوان نائاساییە، چونکە جووڵەکانی سنووردار دەکات.
هەڵبژاردنی رێگەی دوورودرێژ لەلایەن شۆفێرەکەیانەوە
هێنری پاوڵی شۆفێر بۆ دەربازبوون لە وێنەگرەکان کە بە درێژایی رۆژ بە دوایانەوە بوون، لەبری ئەوەی کورتترین رێگا لە ناوەڕاستی پاریس بۆ شوقەکە هەڵبژێرێت، رێگەیەکی هەڵبژارد کە نەک هەر درێژترە، بەڵکو بە درێژایی کەناراوەکان و بە تونێلی پۆنت دی ئێلمدا تێدەپەڕێت، کە رووداوە دڵتەزێنەکەی لێ روویداوە.
هەڕەشەکردن بە تەلەفۆن سەبارەت بە قەدەغەکردنی مین
لە فیلمی دۆکۆمێنتاریی مشتومڕاوی «کوشتنی نایاسایی»دا سیمۆن سیمۆندز کە هاوڕێیەکی دێرین و گرنگی دیانایە، ئەوە ئاشکرا دەکات کە لەگەڵ شازادە دیانادا بووە کاتێک پەیوەندیی بە «بەرپرسێکی باڵای حکومەتی بەریتانیاوە کردووە سەبارەت بە بەردەوامیی هەڵمەتەکەی بۆ قەدەغەکردنی مین. بەپێی وتەی سیمۆندز، کاتێک دیانا مۆبایلەکەی داوەتە دەستی تا گوێی لە قسەکانی بێت، گوێی لەو پیاوە بووە کە دەڵێت: «ئەو شتانە تێک مەدە کە نازانیت، چونکە دەزانیت رووداو دەتوانێت روو بدات».
سیمۆندز ئەمەی لەکاتی لێکۆڵینەوە لە مردنی دیانادا گێڕاوەتەوە، ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دیانا ئەو قسانەی وەک هەڕەشەیەکی راستەقینە وەرگرتووە و لەو کاتەوە ترسی ئەوەی هەبووە کە هەواڵگریی بەریتانیا گوێ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بگرێت.
دوای ساڵانێک لە مردنی شازادە دیانا دەرکەوت کە تەنانەت لە دەزگاکانی وەک ANB لەو کاتەدا گوێیان لە هەزاران پەیوەندیی تەلەفۆنیی گرتووە، بەڵام لەبەر هۆکاری ئەمنی ئامادە نەبوون بڵاویان بکەنەوە.
نامەیەک کە شازادە دیانا پێشبینی مردنی خۆی دەکات
لە چەند مانگی پێش مردنیدا، دیانا نامەی بۆ دوو هاوڕێی نزیکی نارد، کە بریتیبوون لە (بارێل) یاریدەدەری کۆشکەکەی و پارێزەرەکەی (لۆرد میچم)، لەو نامانەدا بە روونی رایگەیاندووە کە بنەماڵەی شاهانە و هاوسەرەکەی «پیلانی کوشتنی دادەنێن» و «رووداوی ئۆتۆمبێل» روودەدات.
لە کاتێکدا بارێل نامەکەی ئاشکرا کرد و لە رۆژنامەکاندا خستیەڕوو بۆئەوەی هەموان بیبینن، لۆرد میچ نامەکەی دا بە (لۆرد کۆندۆن)ی بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڵام کۆندۆن نامەکەی لە خەڵک شاردەوە.
خێرایی ئەمبوڵانس
کاتێک ئەمبوڵانسەکە دواجار رووداوەکەی بەجێهێشت و بەرەو نەخۆشخانە رۆیشت، بە خێرایی 19 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، هەروەها لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانی خزمەتگوزارییە پزیشکی و فریاگوزارییەکانەوە پرسیاری لێکرا کە بۆچی بە خێرایی نەڕۆیشتووە؟، وەڵامی ئەوە بووە کە ئەمبوڵانسەکە ئامێری پزیشکی و تەکنۆلۆژیای بەرزی تێدابووە و رۆیشتن بە خێرایی دۆخی بریندارەکەی پڕ مەترسیی دەکرد.
گومانەکان زیاتر گەشەیان کرد کاتێک ئۆتۆمبێلەکە ونبوو، سەرەڕای گەڕان بەدوای ئوتۆمۆبێلەکەدا لە سەرانسەری وڵاتدا. وادیاربوو لە هەوایەکی تەنکدا تواوەتەوە. توێژینەوەکانی ئەو پیلانگێڕییە ئاماژەیان بە مردنی جەیمس ئەندانۆن، بریکاری پێشووی MI6 کردووە، کە لانیکەم بە رەسمی چەند ساڵێک دوای مردنی دیانا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
تیشکی رووناکی لە دەرگای چوونە ژوورەوەی تونێلەکە
زۆرێک لە شایەتحاڵەکان بە لێکۆڵەران و میدیاکانیان وتووە: چەند چرکەیەک پێشتر چاویان لە رووناکییەک بووە لە ناو تونێلەکەدا کە لە شێوەی تەقینەوەدا بووە، ئۆتۆمبێلی مارسیدس خۆی کێشا بە ستوونی 13دا. زۆر کەس پرسیاریان کرد کە ئایا ئەم رووناکیی تەقینەوەیە بە مەبەست بووە بۆئەوەی هێنری پاوڵ کۆنترۆڵی لەدەست بدات؟
رزگاربووانی رووداوەکە چییان بەسەر هاتووە؟
زۆرێک لە بیریان دەچێت کە چوار کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و سێ کەس نەبوون. چوارەمیان پاسەوانی جەستە ئەلفیڵد ترێڤەر رامپ جۆنز بوو - تاکە کەس کە لە رووداوەکەدا رزگاری بوو. پێشتر پیاوێکی سەربازی بووە، لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا لە کۆمپانیای ئەلپاودەردا کاریکردووە. لەکاتی رووداوەکەدا، رایس جۆنز تووشی زەبرێکی سەختی سەری بوو: پزیشکەکان ناچار بوون نەشتەرگەریی رووخساری بۆ بکەن. دوای ئەو کارەساتە، محەمەد ئەلفایدی باوکی دودی، رامپ جۆنزی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئەو شەوە نەیتوانیوە دودی و دیانا بپارێزێت.
ترسی دیانا
ساڵانێکی زۆر دیانا بەو بیرۆکەیە دەژیا کە «چارڵز و بنەماڵەی شاهانە بڕیارە بیکوژن». هەرچەندە پێشبینییەکانی کە لە نامەیەکدا بۆ باتلەر لە کتێبی (پۆڵ بارێلا)دا دەربڕدراوە، دوای ماوەیەکی کەم لە جیابوونەوە لەگەڵ چارڵز، بەڵگەی راستەوخۆ نین لەسەر تێوەگلانی بنەماڵەی شاهانە لە رووداوەکەدا، بەڵکو ئەو راستییانە کە لە نامەیەکی لەو شێوەیەدا دەبینرێت زۆر سەرنجڕاکێشە لە نامەکەدا هاتووە: «هاوسەرەکەم پیلانی رووداوی ئۆتۆمبێلەکەم و لەکارکەوتنی سوکان و برینداربوونی سەختی سەرم دادەنێت».راستیی ئەم نامەیە گومانی لەسەر بوو دەیانوت: بارێل ساختەی کردووە.ناسیاوەکانی دیاناش باس لەوە دەکەن کە هەرگیز لە ژیانی خۆی نەترساوە، بەڵام هێشتا ئەگەر ئەم نامەیە لە راستیدا لەلایەن ئەوەوە نووسرابێت، ئەوا بیرکردنەوەیەکی زۆر خەمناک دەهێنێتە بەرچاو.
دەنگۆی پەیوەندیی SAS بەم کارەوە
لە ساڵی 2013 لێکۆڵینەوە لەو بابەتە پەیوەندیدارە، درا بە (دانی فۆنکیل)، سەربازی SAS یەکەکانی دەستبژێری هێزی ئاسمانی بەریتانیا)، نامەیەکی سەرنجڕاکێش دۆزرایەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکارەکەی پێشووی پلانتنیال کە بە ناوی «سەربازێک» رۆیشتووە، شانازی بە تێوەگلانی خۆیەوە کردووە لە کوشتنی شازادە دیانا. وردتر بە دایک و باوکی و هاوسەرەکەی وتووە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە پشت ئەم رووداوەوەیە، بە رەزامەندیی سەرکردایەتی باڵا. پۆلیس هەوڵیدا بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسێیە بکات، بەڵام گەیشتە ئەنجامی نەبوونی بەڵگە و سوێندخواردنی درۆ. سەرەڕای ئەوەش ساڵی رابردوو هاوسەری «سەربازەکە» بە میدیاکانی راگەیاند کە سەرکردایەتی سیاسی پارەیان پێشکەش کردووە بۆ بێدەنگی لە شازادە دیانا و ژیانی لە مەترسیدایە. دوای ئەوە، شوێنپێیەکانی نەما- رەنگە ئێستا ژنێک لە پێشبڕکێکەدا بێت.
دوژمنانی محەمەد ئەلفاید
محەمەد ئەلفاید هەرگیز گریمانە ناکات کە مردنی دیانا کاری هەندێک لە دوژمنەکانی بێت. نەخێر، هەمیشە دەیوت رکابەری کۆمپانیاکانی لە گەمەکەدا نین، بەڵام هەواڵگریی بەریتانیا و بنەماڵەی شاهانە بەشدارن.بەڵام مەحاڵە نکۆڵی لەو راستییە بکرێت کە دودی ئەلفاید خێزانێکی سەرنجڕاکێشی هەبووە. باوکی ملیاردێر بووە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند بووە. تا ساڵی 2013 خاوەنی ریتز پاریس بووە، هەروەها فرۆشگای گەورەی لەندەن هارۆدز و خاوەنی یانەی تۆپی پێی فولهام بووە، زۆرێک دەیانوت هۆکاری رووداوەکە دەکرێت تۆڵەسەندنەوە بێت لەلایەن کۆمپانیای پێ و ئامانجەکە دیانا نەبووە، بەڵکو دودی ئەلفاید بووە.بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەمەش نییە.
مۆسکۆش بەشداربووە
گینادی سۆکۆلۆڤ، سەربازی دێرین لە دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی روسیا، لە کتێبەکەیدا نووسیوێتی، کارمەندانی M16 و X و Y لەو شەوەدا بوون کە دیانا لە پاریس کۆچی دوایی کردووە و لە CVR روسیا بەنیازی ئەوە بووە بزانێت هۆکارەکەی چییە. هەروەها نووسەر رایگەیاندووە کە بریکارەکانی CVR ئاشنا بوون بەم بریکارە بەریتانیانە.
هەردووکیان ئەفسەر MI6ن و ئەو شەوە لە ئەرکێکی نهێنیدا بوون لە پاریس بەبێ ئەوەی ئاگاداری دژە هەواڵگریی فەرەنسی بن. دوای مردنی دیانا یەکسەر پاریسیان بەجێهێشتووە.
هەر لە سەرەتاوە روون بوو کە رووداوێک نییە، ئەوە تەنها کوشتنی ئینگلیزی بوو، متمانە بە سیڤی ئاڕ و خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی تر لە روسیا بکەن. بەپێی داتاکانی SAS یان، یەکێک لە بەشەکانی MI6 بە شێوەیەکی مامناوەند دەستی لە کوشتنەکەدا نییە.ئەم کوڕانە لە لوتکەدا کار دەکەن، هیچ شوێنەوارێک بەجێناهێڵن.
لێکۆڵینەوە رەسمییەکان زۆر حەزیان لە سەلماندنی راستییەکان نەبوو. زیاتر لە 170 شایەتحاڵی گرنگ، لە نێویاندا پزیشکێک کە تابووتەکەی دیانای مۆرکردووە (لەماوەی ئەم پڕۆسەیەدا، دووگیانییەک لە پشکنینی خوێنی دوای مردنیدا شاردراوەتەوە)، هەرگیز چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نەکراوە تا دەرەنجامێکی هەبێت.
رۆژێک دوای رووداوەکە، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رایانگەیاند: (شۆفێرەکە کەسێکی مەیخۆر بووە و وەک بەرازێکی مەست بووە)، دواتر دەرکەوت لە کاتێکدا ئەم لێدوانە دراوە، هێشتا ئەنجامی پشکنینی بوونی ئەلکحول لە خوێنی شۆفێرەکەدا دەرنەچووە.
جگەلەوەش شۆفێرەکە سێ رۆژ پێش کارەساتەکە لە پشکنینی چڕی پزیشکی دەرچووە، لە جگەرەکەشیدا هیچ نیشانەیەکی بەکارهێنانی مەی دەرنەکەوتووە.
دەرەنجام
کارەساتە ترسناکەکەی 31/8/1997 ژیانی یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سەدەی رابردووی برد کە شازادە دیانای وێڵز یان لیدی دی، وەک زۆر کەس پێیان دەوت. ملیۆنان کەس سەرسام بوون بە کەسایەتییەکەی، بەهۆی کۆمەڵێک پڕۆژەی خێرخوازییەوە، نازناوی شازادەی گەلی وەرگرتبوو و ناوی لە لیستی 100 گەورەترین بەخشەری ئینگلیزدا بووە.
هەرچەندە زیاتر لە 26 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەو شازادەیەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێستا یادی لە دڵی ملیۆنان کەسی ئەو وڵاتەدا بەزیندوویی ماوەتەوە.نمونەیەک لە سەلیقە و ستایل، دایکی دوو منداڵ و خۆشەویست، ژنێکی باش وەک هەمیشە بە وێنەی خانمێکی ئەرستۆکراتی باس دەکرێت.
هەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچی دیانادا، ئینگلیزەکان بە دەستە گوڵی تازەوە دەچنە دەروازەی زێڕینکراوی کۆشکی کێنسنگتۆن.
ئەوەی کە دیانا بە بەراورد لەگەڵ زۆر کەسی دیکە لە ماڵی شاهانەدا ئەوەندە کاریزما و هاوسۆزی بوو، پێگەی ئایکۆنی پێبەخشیبوو. دیانا بوێری ئەوەی هەبوو ئەوە بڵێت کە بیری لێدەکاتەوە و هەستی پێدەکات. ئەو یەکەم کەسی شاهانە بوو کە بە ئاشکرا دەستی لە نەخۆشانی ئایدز داو لە ئامێزی دەگرتن، بەمەش ئەو چەواشەکارییەی شکاند کە ئایدز لە رێگەی دەستلێدانەوە دەگوازرێتەوە. ئەو سەردانی کێڵگە مینەکانی کردووە بۆئەوەی سەرنجی جیهان بۆ ئەو زیانە ترسناکانە رابکێشێت کە بەهۆی مینەکانەوە دەیگەیەنێت و توانی یاساکانی بواری مین بگۆڕێت.بە ملیۆنان کەس بە نموونەیان دەزانی و ژنان لە هەموو جیهاندا کۆپی ستایلی جلوبەرگەکەیان دەکرد.
سەرچاوە:
Expressen.se Svt nyheter Svenska.yle.fi offnen
شازادە چارلز و دیانا
شازادە دیانا و دودی فاید
شازادە دیانا و منداڵەکانی