بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چوار ساڵدا بەرنامە و ستراتیژی خۆی لەسەر بنەمای یەكێتیی ریزەكانی گەل و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك خستەگەڕ و راستكردنەوەی رێڕەوی حزبایەتی كردە بنەمای خەباتی نوێ و درێژەدان بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال بەشێوەیەك یەكێتی لە قۆناغی زێڕینی یەكڕیزیی، یەكبڕیاری و یەكهێزیدایە بۆ گەشەپێدان و پاراستنی سێ یەكێتییە پیرۆزەكە، یەكێتیی كۆمەڵانی خەڵك، یەكێتیی ناو یەكێتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوای كۆنگرەی چوارەوە دەستیكرد بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە و ستراتیژە سیاسییەی لەسەر ئاستی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و بوارەكانی تر بڕیاری لێدرا و هەنگاوەكانی بۆ گەشەپێدانی جومگە سیاسی و ئۆرگانییەكانی لەسەر ئاستی حزبی و حوكمڕانی لە هەرێم و عیراق خستەگەڕ.
قۆناغی دوای كۆنگرەی چوار، مرۆڤایەتی و هەرێمی كوردستانیش تووشی قەیرانێكی قووڵ بوونەوە، ئەویش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو كە یەكێتی بەرپرسانە تەواوی بەرنامەكانی خستە خزمەت توانا مرۆییەكان و بەدەنگەوەچوونی هاووڵاتییانەوە، بۆ ئەمەش تەواوی دارایی و توانا ئیدارییەكانی خۆی بۆ زاڵبوون بەسەر پەتاكە و پاراستنی گیانی خەڵك تەرخانكرد. یەكێتی هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵكو وەك یەكەم هێزی سیاسی لە هەرێم، تەواوی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی لەپێناو كۆكردنەوەی دەرمان، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و كردنەوەی ناوەندی تەندروستی خستەگەڕ. لەماوەی ئەو دوو ساڵەشدا لەسەر ئاستی حزبیش مەكتەب و ئۆرگانەكان رێكخرانەوە و وەك پێویستی رۆژ، ئەرك و بەرپرسیارێتیان دیاریكرا و پەیوەندییەكان لەسەرهەموو ئاستەكان بە بەرنامە گەشەی پێدرا.
هەشتی تەممووزی ساڵی 2021، خاڵی وەرچەرخان، راستكردنەوەی رێرەو و ژیاندنەوەی حزبایەتی بوو لە تەواوی جومگەكاندا. لەدوای ئەو قۆناغەشەوە یەكێتییەك هاتە كایەوە كە یەكگوتاری، یەكبڕیاری، كاری پێكەوەیی، بەهێزكردنەوەی گیانی هەڤاڵێتی و بونیادنانەوەی متمانە لە ناوخۆی حزب و لەگەڵ خەڵكیش بەرنامەكانی ئاڕاستە دەكرد.
ئەوەی روویدا، هاتنەناوەوەی دەستی سەوزی یەكێتی بوو بۆ ژیاندنەوە و ئاساییكردنەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵك. بۆ گەڕانەوەی ئارامی و سەروەریی یاسا. یەكێتی بووەوە بەو یەكێتییەی سەرۆك مام جەلال بونیادی نابوو و بە گوڕوتینێكی سیاسیی بەهێزەوە رووبەڕووی ئاڵەنگاری و ململانێ سیاسییەكان لە هەرێم و عیراق بووەوە. سەنگەرێكی بەهێزی بەرگریكردن بوو لە مافەكانی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی لە شان گرت.
لە یەكەم وێستگەی دوای 8ی تەممووز یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەركەوتنی بەدەستهێنا و وەك هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێم پێگەی خۆی بەهێزتركرد. توانی بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرباری فشارە ناوخۆییەكان و قۆڵبادانە سیاسی و ئیقلیمییەكان، پێگەی كورد لە بەغدا بەدەستبهێنێتەوە و پۆستی سەرۆك كۆمار و چەندین پۆستی تر لەسەر ئاستەكانی وەزیر و بریكاری وەزیر دەستەبەربكات.
لەسەر ئاستی عیراق
یەكێتی بەسەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ بڕیاریدا قورسایی سیاسی خۆی بباتەوە بەغدا و یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی گرێدا، لەو پێناوەشدا دەرگای سیاسی ماڵی مامی لە بەغدا خستەسەرپشت و میوانداریی لایەن و پارتە سیاسییەكانی عیراقی كرد بەبێ جیاوازی. لە پێناو ئاشتەوایی سیاسی و بونیادنانی حوكمڕانییەكی بەهێز لە عیراق لەلایەك و پاراستنی ماف و شایستەكانی خەڵكی كورستان و پێگەی سیاسی كورد لە عیراق، رۆڵی خۆی بەبەهێزییەوە خستەگەڕ. لەو كاتەوە سەرۆك بافڵ زیاتر لە 170 دیدار و سەردانی سیاسی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق و باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەكان ئەنجامداوە و پێداگریی لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، سەروەریی یاسا، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕووبوونەوەی بەهەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی كردووە.
دوور لە بیركردنەوەی حزبی، نەتەوەیی و ئاینی، هەوڵی بۆ گەیشتن بە دیالۆگێكی نیشتمانیی بونیادنەرانە دا، بەشێوەیەك كە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و عیراق لەپێناو مافەكانی خەڵكدا هەنگاوبنێن و دوور لە هەموو بەرژەوەندییەكی حزبی، هەنگاو بۆ داهاتوویەكی گەشتر بنێن.
یەكێتی وەك هێزێكی دەربەست، بەرپرسیار، خاوەن بڕیار و پێگەی سیاسی سووربوونی خۆی بۆ چارەسەركردنی سیاسییانەی كێشەكان و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد لە بەغدا دووپاتكردووەتەوە. لە هەموو جووڵە سیاسییەكانیدا داوایكردووە هەموو هێزە سیاسییەكان بەتایبەت لەنێوان هەرێم و عیراق، بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان لەبەرچاوبگرن و پێكەوەیی و لێكتێگەیشتن بنەمای كاركردنیان بێت. سازشی لە پارێزراوی و رێزلێگیراویی قەوارەی هەرێم، مافە یاسایی و دەستوورییەكانی گەلی كورد نەكردووە و ئەمانەش هێڵە سوورەكانی یەكێتین و قابیلی بەزاندن نین.
یەكێتی لەسەر هێڵێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانە بۆ پاراستنی مافی هەموو گەلانی عیراق، هاوبەشیی راستەقینە، سازان لەسەر بنەمای هاوبەش و رەتكردنەوەی سیاسەتی زۆرینە و كەمینە كاریكردووە و بەردەوامیش دەبێت. باوەڕیشی بە دۆستەكانییەتی لە بەغدا تاوەكو پێكەوە لەپێناو خزمەتكردنی وڵات و پاراستنی سەقامگیریدا كاربكەن.
تیمی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان لە بەغدا راسپێردران كە داكۆكیكاری راستەقینە و سەرسەختی خەڵك بن و بەرگری لە هاوبەشێتی كورد لە عیراق و مافە دەستوورییەكانی هەرێم بكەن. هاوكار و هەماهەنگی ئەو لایەنانە بن كە باوەڕیان بە مافەكانی گەلەكەمان هەیە.
لەسەر ئاستی هەرێم
پەیوەندییە سیاسییەكانی یەكێتی لەگەڵ هەموو حزب و لایەنەكان رێكخرایەوە، ستراتیژێكی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەر بنەمای پاراستنی دیموكراسی، ئازادی، مافی مرۆڤ، یەكسانی و دادپەروەریی لەسەر سەروەتی وڵات بۆ خەڵك پەرەپێداوە. لەبەرامبەر تەنگژە سیاسییەكان لە هەرێم، خاوەنی دیدی كاری پێكەوەیی و پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان و یەكخستنەوەی ماڵی كورد بوو كە بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە باڵایانەش سەرۆكی یەكێتی لە قۆناغی راستكردنەوەی رێڕەوەوە زیاتر لە 60 دیداری سیاسی لەگەڵ لایەنەكانی هەرێم ئەنجامداوە. لە هەموو دیدارەكانیشدا سەرۆكی یەكێتی جەختی لە یەكخستنی هێز و تواناكان كردووەتەوە بۆ بەرجەستەكردنی یەكڕیزی و یەكگوتاریی نیشتمانیی كوردستانی لەپێناو پاراستن و بەدیهێنانی مافی راستەقینەی هاوبەشێتی كورد لە عیراق، كە سەرچاوەكەی دیدگایەكی بەرپرسیارانە و باڵا بێت لە دەرەوەی تێڕوانینی حزبی و بەرژەوەندیی تایبەت. ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ خەڵك و بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم كە ئەمانەش ئامانجی نەگۆڕی یەكێتی بووە.
یەكێتی هەموو ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییانەی بە نەرێنی لە سەرپرسی ئازادی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و حوكمڕانی دەدوێن و بوونەتە مایەی مەترسی بۆ قەوارە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان، بەهەندوەرگرت و پێش هەموو هێزە سیاسییەكان بێدەنگیی شكاند و شانی خستە ژێر بەرپرسیارێتی و راستكردنەوەی رێرەوی حوكمڕانی و داكۆكیكردن لە ئازادی، دیموكراسی و مافی مرۆڤ.
لەسەر پرسی دیموكراسی و هەڵبژاردن، یەكێتی بەدەنگی بەرز داكۆكی لە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پارێزگاریكردن لە مافی سەربەخۆی پێكهاتەكان و كورسییەكانیان كردووە تاوەكو نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن و هیچ لایەنێك بۆ بەرژەوەندیی خۆی، كورسیی كۆتاكان بەكارنەهێنێت.
هاوكات لە هەوڵی بەردەوامدا بوو تاوەكو پرسی نەوت، وزە و سەرچاوە داراییەكانی كوردستان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێت و لە خزمەت ژیانی هاووڵاتیان و ئاوەدانیی هەرێمدا بێت.
بۆ ژیانی حزبیی خۆی، یەكێتی بەسەرپەرشتی سەرۆك بافڵ یەكەمین دیداری یەكێتی سازكرد و یەكێتییەكان بەشداری راستەقینەبوون لە بەرهەمهێنانی پڕۆژەی سیاسی بۆ سەرجەم ئۆرگانەكان و دیدگای حزب بۆ سێكتەرەكانی حوكمڕانی لە هەرێم. گۆڕانكارییەكان بەردەوامبوون و لەسەر بنەما، راسپاردە و راپۆرتی بەرهەمهێنراوی دیداری یەكێتی، تەواوی ئۆرگانەكان رێكخرانەوە و خرانەوە خزمەتی گشتی.
گۆڕانكارییەكان بەردەوامبوون، تەواوی مەڵبەندەكانی یەكێتی لەم چوارچێوەیەدا رێكخرانەوە، رۆڵی ژنان و كاریگەرییان لە ژیانی حزبایەتی بەهەند وەرگیرا و رێژەی ژن لە 20 % ـەوە بۆ 25 % دیاریكرا. هاوكات پڕۆژەی خولی هۆشیاری و دڵنیایی جۆری، پەرەپێدانی توانای كادر و دەرخستنی رۆڵیان و هێنانە پێشەوەی گەنجان لە تەواوی ئۆرگانەكان خرانە بواری جێبەجكردنەوە و ژیانی حزبایەتی بووژێندرایەوە.
هاوكات لە خەمخۆری یەكێتی بۆ لاوان و خوێندكاران خودی سەرۆكی یەكێتی لە نزیكەوە بەشدار و چاودێرە لە گوێگرتن و جێبەجێكردنی ئەو خواستانەی هەیانە. دەیان كاتژمێری بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خوێندكاران، بەدەنگەوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخانكرد. بۆ بەردەوامیی ئەم پڕۆسە گرنگە یارمەتیدانی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا و نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكانی خستە ئەستۆی یەكێتی، لەبری كپكردنی دەنگی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان، بە كردەوە و خزمەت وەڵامیدانەوە. لە ئەنجامی ئەم خزمەتانەشدا، خوێندكارانی سلێمانی پێشەنگی یەكەمەكانی هەرێم و عیراقیان گرت و زانكۆی سلێمانیش لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێم پێشەنگی و یەكەمی بەدەستهێنا.
یەكێتیی وەك یەكەمین هێزی سیاسی لە كوردستان و عیراق خەمی پاراستنی ژینگەی كردە كاری لەپێشینەی خۆی و هەڵمەتی نیشتمانیی روواندنی یەك ملیۆن نەمام و سەوزكردنی كوردستانی راگەیاند و لەماوەی ساڵێكدا جێبەجێیكرد. هاوكات پشتیوانیی لە پڕۆسەی وزەی پاك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا دەربڕی و لە دامەزراوەكانیدا ئەم هەنگاوە دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەبەرامبەر جیاكاری دارایی و حوكمڕانی لە سنووری سلێمانی، یەكێتی تەواوی توانای دارایی خۆی خستە خزمەتی گشتی و كەرتەكانی تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، شارەوانی و ژینگەپارێزی و پشتیوانیی دارایی راستەوخۆی كرد لە پێناوی خزمەتكردنی خەڵك و پەكنەكەوتنی ئەم سێكتەرە گرنگانە كە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە ژیانی خەڵكەوە هەبوو.
پەیوەست بە بواری ئەمنی و سەربازی، یەكێتی لەدوای 8ی تەممووز بە سەرپەرشتی و بڕیاری سەرۆك بافڵ، پڕۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزەكانی 70ی دەستیپێكرد و لە تەواوی لیواكاندا ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و تاوەكو ئێستا پێنج لیوا رێكخراونەتەوە. هاوكات سەرباری فشار و بەربەستە حزبی و سیاسییەكان لە هەرێم، 30 لیوای هاوبەش رێكخراونەتەوە كە دوو لیوایان لە چوارچێوەی هێزەكانی عیراقدایە بۆ پارێزگاریكردن لە ناوچە دابڕێندراوەكان، هەروەها فیرقەیەكی سەربازیش لە سلێمانی دروستكرا وەك یەكێك لەدەستكەوتە گرنگەكان.
هاوكات لە رووی لۆجستی، پێشخستنی توانای سەربازی، پڕچەككردن و پێشخستنی داراییەوە، گرنگی زیاتر بە هێزەكانی 70 دراون و لەسەر بنەمای زانستی و دیسپلینی نوێ رێكدەخرێنەوە و ئەم پڕۆسەیەش بەردەوامی هەیە. لە رووی مەشق و راهێنانەوە بە شێوەیەكی گشتی گۆڕانكاری نەوعی لە هێزی یەكێتیدا كرا، هێزی كەسی و گروپ نەهێڵران و ئێستا تەنیا یەك هێز هەیە، ئەویش هێزی یەكێتی و كوردستانە.
پەیوەست بە هێزە ئەمنییەكانیش لەسەر ئاستی ئاژانسی زانیاری و دەزگا ئەمنییەكان، گۆڕانكاری گەورە كرا و تەواوی ئەم دەزگا ئەمنییانە خرانە دەستێكی ئەمینەوە و خرانەوە خزمەتی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە.
ئەوەی پەیوەستە بە خواستی خەڵك، كادر و ئەندامی یەكێتی، گرێدانی پەیوەندی خەڵك و یەكێتی و بەدەنگەوەهاتنی داواكارییەكانیان، سەرۆك بافڵ هێڵی سەوزی دامەزراند وەك رایەڵەیەكی بەردەوامیی سەرۆك، یەكێتی و خەڵك كە هەموو دەنگە جیاوازەكان بە لێپرسراوە حزبی و حكومییەكان دەگەیەنێت و لە خزمەت هەموو چین و توێژە جیاوازەكاندایە. بەبێ گوێدانە پێشینەی حزبی، ئاینی و نەتەوەیی هەموو سەرنجەكان وەردەگرێت و بەدواداچوونیان بۆ دەكات. كە لەماوەی سێ مانگی كاركردنیدا 18 هەزار پەیوەندیی پێوەكراوە.
پەیوەست بە بواری دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی، یەكێتی و نوێنەرەكانی بەشدار و بانگهێشتكراون بۆ كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەتی لە ئەوروپا، جیهانی عەرەبی، ئاسیا و ئەمریكا. لەسەر ئاستی باڵیۆزخانە، كونسوڵ و نوێنەرایەتییەكان یەكێتی ئاستی پەیوەندییەكانی لە هەڵكشاندایە و لە چوارچێوەی بەرەژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان پەیوەندییەكانی گەشەپێداوە.
لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە، بێ گوێدانە هەڕەشە ئیقلیمییەكان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە مافی دراوسێیەتی لەگەڵ گەلەكەمان بووە و كاری بۆ بەردەوامیی پڕۆسەی ئاشتی كردووە. باوەڕی تەواوی بە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بووە و تاوەكو پرسی كوردیش چارەسەرنەبێت، سەقامگیریی لە ناوچەكە بەدینایەت.
بە شێوەیەكی گشتی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە قۆناغێكی زێڕینی یەكڕیزیی، یەكبڕیاری و یەكهێزیدایە بۆ گەشەپێدان و پاراستنی سێ یەكێتییە پیرۆزەكە یەكێتیی كۆمەڵانی خەڵك، یەكێتیی ناو یەكێتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.