د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق گەیشتە قەزای حەمدانییە لە پارێزگای موسڵ و رایگەیاند، ھەموو جیھان خەمبارە بۆ قوربانیانی رووداوەکە و ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکن بۆ برینداران.
سەرۆک کۆمار لە سەردانەکەیدا بۆ حەمدانییە سەردانی ئەو کەنیسەیەی کرد کە پرسەی قوربانیەکانی رووداوی حەمدانییەی لێیە و لە نزیکەوە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان کرد و رایگەیاند، ھەموو جیھان خەمبارە بۆ ئەو رووداوە.
سەرۆک کۆمار وتیشی، ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکین بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە و ئەوانەشی گیانیان لەدەست دا بە شەهید هەژمار دەکرێن. ئێمە ھەمیشە پشتیوانی مەسیحییەکانی عیراق دەبین لە ھەر شوێنێک بن.
کەسوکاری قوربانیەکان داوایان لە سەرۆک کۆمارکرد لە نزیکەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ھۆڵێکی بوک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە بکات.
سەرۆک کۆماری عیراق دوای رووداوەکەی حەمدانیە لە راگەیەنراوێکدا داوای لە ھێزە ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدار کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەستپێبکەن و کەسانی کەمتەرخەم بدرێنە دادگا.