ره‌نگین عه‌بدوڵڵا
له شارستانێتی گریکه‌وه (ئه‌رستۆتالیس) ئه‌وه‌ی پێوتوین: سروشتی جه‌ماوه‌ر به جۆرێکه ئاخاوتنی ساده و ساکاری نه‌خوێنده‌وارێک، له ئارگۆمێنت و قسه‌ی خوێنده‌وارێک زیاتر کاریگه‌ریی له‌سه‌ری جێده‌هێڵێت
فەیلەسوف و بیرمەندی گه‌وره (کارل مارکس) له شیکردنەوەی چەمکی جه‌ماوه‌ردا خاوه‌ن میتۆد و خه‌یاڵێکی فراوانە، کاتێک له‌و باوه‌ڕه‌دایه «هه‌موو ئایدیایه‌ک کاتێک هێز و کاریگەری به‌ده‌ست دەهێنێت، که دەکەوێتە ژێر رکێفی جه‌ماوه‌ره‌وه(1)، ئه‌گه‌ر ئه‌و میتۆدە کارکردن بێت له‌سه‌ر بایه‌خی هه‌نارده‌کردنی ئایدیا، لەهەمانکاتدا وه‌ستانه له‌سه‌ر تێگەیشتن لە خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر، دەرئەنجامی ئه‌و کاریگه‌رییه قووڵه‌ی ئه‌و هێزه ده‌توانێ له‌سه‌ر کۆمەڵگە و سیستم به‌جێیبهێڵێت.
جه‌ماوه‌ر وه‌ک چەمکێکی فرە ره‌هه‌ند، شیتەڵکردن و لێکۆڵینەوە لێی گرێدراوە به زانست و بواره‌کانی تره‌وه، به جۆرێک له زانستی کۆمه‌ڵناسیدا به «کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک مرۆڤ له شوێنێکی دیاریکراو یان به‌ڕێکه‌وت، به‌هۆی دروشمێکی نه‌ته‌وه‌یی یاخود پیشه‌یی یاخود ره‌گه‌زیی» داده‌نرێت، بەڵام له‌رووی سایکۆلۆژییه‌وه هه‌مان پێکهاته‌ی مرۆیی وا پێناسه ده‌کرێت که بریتییه له: بونه‌وه‌رێکی کاتیی که پێکهاتووه له چه‌ند که‌سێکی په‌رتوبڵاو، به‌ڵام ساتێک له ساته‌کان ریزه‌کانیان رێکخستووه(2) یان له هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که کۆنه‌ستێک کۆیانده‌کاته‌وه و پاڵیان پێوه ده‌نێت بۆ هه‌ر ره‌فتارێک(3). ئه‌م پڕۆسەی جه‌ماوه‌رناسییه ئه‌گه‌ر وه‌ک سوژە‌یه‌ک له (گۆستاف لۆبۆن)ه‌وه سه‌رچاوه بگرێت، ئه‌وه قۆناغی شرۆڤەکارییەکانی زانای کۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی (جان بۆردیار) و (پۆل ئادیلمان) و ئه‌وانی دیکه درێژه‌ی ئه‌و کاروانه‌ن که دیوه جیاوازه‌کان و گرێدراوییه‌کانی ئه‌م چه‌مک و دیارده‌یه به‌بواره‌کانی دیکه‌وه گرێدەدەنەوە(4).
پرۆسه‌ی یه‌کخستنی کۆنه‌ستی جه‌ماوه‌ر و کارکردن له‌سه‌ر پانتاییه‌کانی خه‌ڵک بۆ رێکخستنی ره‌فتار، هه‌روه‌ک گۆڕینی ئاراسته‌کانی بیرکردنه‌وه و زه‌ینی ئه‌و گشتە- له خه‌ڵک لای (محه‌مه‌د حه‌سه‌نه‌ین هه‌یکه‌ل) پێویستی به‌وه هه‌یه له‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی «باوه‌ڕه‌کان وه‌ک پارچه به‌ردێک بده‌یته جه‌ماوه‌ر، لەڕێگه‌ی ته‌رجەمەکردنی باوه‌ڕ بۆ ره‌فتاری رۆژانه‌ی مرۆییانه به خه‌ڵک بگات»(5). لێره‌شه‌وه جه‌ماوه‌رناسی به سکێچێکی نوێی پەیوەست به‌ستوونه سه‌ره‌کییه‌کانی میدیا و سیاسەت ده‌توانێ ئه‌و رۆڵه ببینێت که (هه‌یکه‌ل) له‌ناو ئه‌و مه‌ساحه مرۆییه‌دا وێنەی ده‌کات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌بێ بوونی رۆڵ له رێکخستن و یه‌کخستننی جه‌ماوه‌ر، دیارده‌ی سه‌رکێشی و ریسک له‌ژێر ناونیشانی (یاخیبوونی جه‌ماوه‌ریی) سه‌رهه‌ڵده‌دات، که فه‌یله‌سوفی ئیسپانی (ئۆرتێگا) ده‌یبه‌ستێته‌وه به‌ده‌رکه‌وتنی جۆرێک له مرۆڤی شه‌قام که هێزی جڵه‌وگرتنی جه‌ماوه‌ری له‌ده‌ستدایە، یان له‌ڕێگه‌ی پڕۆسەی به (مێگه‌لکردن)ی خه‌ڵکه‌وه هێزی پۆپۆلیستی چانسی ده‌رکه‌وتن و گەشەکردنی بۆ ده‌ڕە‌خسێت، له شارستانێتی گریکیشه‌وه (ئه‌رستۆتالیس) ئه‌وه‌ی پێوتوین: سروشتی جه‌ماوه‌ر به جۆرێکه ئاخاوتنی ساده و ساکاری نه‌خوێنده‌وارێک، له ئارگۆمێنت و قسه‌ی خوێنده‌وارێک زیاتر کاریگه‌ریی له‌سه‌ری جێده‌هێڵێت. ئه‌مه‌ش کڕۆکی هه‌ستیاریی ئه‌و به‌رپرسیارییه‌تیه‌یه که له‌تێگه‌یشتن و کارکردن له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر پێمان ده‌ڵێت(6).
میدیا و جه‌ماوه‌ر
چه‌مکی جه‌ماوه‌ر له‌زۆر کۆنسێپتی دیکه جیاوازه و ئه‌و تایبەتمەندییە لەمپەری به‌رده‌م به‌کارهێنانی توێژە‌ر و ئه‌کادیمستەکانە، به‌شی سه‌ره‌کی گرفته‌که له‌سه‌رچاوه و ریشه‌ی زمانه‌وانیی چه‌مکه‌که‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌تایبه‌ت که له زمانی ئینگلیزی‌دا (جه‌ماوه‌ر) به‌دوو زاراوه و وشه‌ی جیاواز ده‌خوێنرێته‌وه، یه‌که‌میان (Audience) گوزارشتە بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه‌ی که توانای خوێندنه‌وه و بیستنی په‌یامی میدیایی هه‌یه و دووه‌میش (Public) ئاماژە‌یه بۆ ته‌واوی خه‌ڵک له سنوورێکی دیاریکراو، سه‌ره‌ڕای جیاوازی هه‌ردوو وشه و زاراوه‌که دامه‌زراوه‌کانی میدیا و پسپۆڕان وشەی (Audience) بۆ پێناسه‌کردنی وه‌رگر یاخود جەماوەر به گونجاوتر ده‌بینن. دەرئەنجامی ئه‌و جیاوازییه له زانستی نوێی میدیا و له‌بواری په‌یوه‌ندی جه‌ماوه‌ریدا ئێستا له‌جێگه‌ی ده‌سته‌واژه(mass) توێژه‌ران ئیدیۆمی (Audience mass) وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ رۆڵی دووه‌م له‌پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندی جه‌ماوه‌ریی وه‌ک ده‌سته‌واژه‌ی گونجاو له‌کرده‌ی میدیایی به‌کارده‌هێنرێت(7).
ئامرازەکانی راگه‌یاندن به مانا ته‌قلیدیەکەی (رۆژنامه و ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ) و هۆیه هاوچه‌رخه‌کانی جیهانی ماس میدیاش، که سه‌رچاوه‌ی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاریین، هه‌موویان پێکه‌وه ره‌سمی ئاگایی و هۆشیاریی وه‌رگر ده‌که‌ن و وا له‌تاک ده‌که‌ن هۆشیارییه‌کی گشتگیریی به‌رامبه‌ر کێشه و بابه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه هه‌بێ و توانستی شیکردنه‌وه‌ی پرسه‌کانی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه که ئامرازه‌کانی راگه‌یاندن له توانایاندایه ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵگه بگۆڕن، به‌ڵام ئه‌سڵ له‌کاریگه‌ریی سیاسه‌تی میدیایی و روماڵی دامه‌زراوه‌کانی راگه‌یاندن له‌وه‌دایه سروشتی ئه‌و په‌یامه چیه که پێشکه‌شی وه‌رگرانی ده‌کات، چونکه پسپۆڕانی راگه‌یاندن و کۆمه‌نیکه‌یشن هه‌ڵوه‌سته له‌وه ده‌که‌نه‌وه که زۆر وڵات و سیستمی سیاسی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئامرازه‌کانی راگه‌یاندن به‌ئاراسته‌یه‌کدا کۆنتڕۆڵ بکه‌ن که په‌یامە سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌کانی خۆیان بڵاوبکه‌نه‌وه، پرۆسه و داینامیکیه‌تی په‌یوه‌ندیی میدیایی قسه‌کردنه له‌سه‌ر په‌یدابوونی کارلێک، واتا داننان به پڕۆسه‌که‌دا و دواتریش ده‌رخستنی ئه‌و سروشته داینامیکیه‌ی که ئاواز و ریتمه‌که‌ی وه‌ک دیارده‌یه‌کی مرۆیی به‌ڕێوه ده‌بات و سه‌رپه‌رشتی ده‌کات، به‌و جۆره‌ش نابێت پڕۆسه‌ی میدیایی به پڕۆسه‌یه‌کی نه‌گۆڕ و جێگیر له رووی کات و شوێنه‌وه دابنرێت، چونکه دواجار سروشتی ئه‌و کارلێکه‌یه کاردانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و وه‌رگری لێده‌که‌وێته‌وه، په‌یامێکی سه‌نگین و به‌رپرس هۆشیاری و ئاگایی به‌رهه‌م دەهێنێت و مه‌سجێکی کرچ و کاڵی پۆپۆلیستیش به‌ریه‌ککه‌وتن و جه‌ماوه‌رێکی بارگاویی به رق و توڕە‌یی و سه‌رکێشی به‌رهه‌م دەهێنێت.
نووسه‌ری عه‌ره‌ب (هاشم ساڵح) تایبەتمەندییەکانی جه‌ماوه‌ری میدیایی و به‌شدار له کرده‌ی په‌یوه‌ندی جه‌ماوه‌ریی واپێناسە ده‌کات، که به‌شوێنه‌وه په‌یوه‌ست نیه، له‌هه‌ر جوگرافیایه‌ک جه‌ماوه‌ر هه‌ر له‌ژێر یه‌ک مانشێتی ره‌فتار و ئاکاردا کۆده‌بنه‌وه، به‌و مانایه‌ی خه‌سڵه‌ته‌کانی جه‌ماوه‌ری میدیایی له‌هه‌موو روبه‌ڕێکی جیهانیی هه‌ر به یه‌ک شێوه شکڵ ده‌گرن و خۆیان ده‌نوێنن، ساویلکه‌یی، په‌رش و بڵاویی، نائاگایی و دوودڵی و هه‌ڵچوون، له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌یه که جه‌ماوه‌ر خاوه‌ندارێتیان ده‌کات، کاتێکیش میدیا ئه‌و خه‌سڵه‌تانه بۆ ئامانجی ناپه‌سه‌ند به ئامانج ده‌گرێ، ئه‌وه به گوته‌ی (جۆی مۆرگان) به‌رپرسی رادیۆی ئه‌مریکا له کۆتایی (1930): ئه‌وا کۆنتڕۆڵی جه‌ماوه‌ر له‌ده‌ست ده‌چێ و هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ناتوانێت ئازاد بێت(8).
جه‌ده‌لی میدیا و جه‌ماوه‌ر، کارلێکی یه‌ک جەمسەری دامه‌زراوه‌کانی راگه‌یاندن له پڕۆسه‌ی کۆمه‌نیکه‌یشندا، کرده‌یه‌کی زۆریش بێخەوش نییه، به‌ڵکو له‌پشت سروشتی میدیا و خاوه‌ندارییه‌تی و ئامانجی پاره‌دارکردنی دنیایه‌ک خه‌یاڵی شه‌یتانی و خۆویستی تاکە کەسی هه‌یه، ده‌یان که‌یسی تەوقیتکراو له‌رێگه‌ی روماڵێکی فریو دەرەوە به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا ده‌ته‌قێنرێنه‌وه و له‌رێگه‌ی کرده‌ی داڕشتنه‌وه‌ی په‌یامه‌وه هه‌رچی ئەوەی وەک مێشێکە به گامێش ده‌خرێته ناو زاکیرەی خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره‌وه، ئه‌مه‌یە بیرمه‌ندی ئه‌مریکی (نۆام چۆمسکی) پڕکردووه له به‌دگومانی، گومانێک په‌یوه‌ند به (میدیا) و (جه‌ماوه‌ر) چۆمسکی له‌و باوه‌ڕە‌دا بێت که رێکاره‌کانی کۆنتڕۆڵکردنی ئه‌ندێشه و بیرکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌گروپ و کۆمه‌ڵگادا په‌یوه‌ندیداره به‌وجۆرە له‌و میدیایه‌ی که ده‌سه‌ڵات مه‌به‌ستێتی له‌رێگه‌یه‌وه به خه‌ڵک بگات و رامیان بکات، ئه‌وه‌ی چۆمسکی له زاڵبوونی میدیا به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا به ستوونه سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌بینێ، مامه‌ڵه‌ی میدیایه له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر وه‌ک بووکه‌ڵه و ستراتیژی یاری پێکردن و خوڵقاندنی قه‌یران و وروژاندنی هه‌ست و سۆز و هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵکە له دۆخی نائاگاییدا، ئه‌مه‌ش شتگه‌لێکه له لێکه‌وته‌کانی شکستی پرۆسه‌ی میدیایی و په‌یوه‌ندیی جه‌ماوه‌ری، که که‌ناڵ و دامه‌زراوه‌کان له‌باره‌یه‌وه ده‌که‌ونه هەڵە و شکستەوە. به‌و مانایه‌ی ره‌گه‌زه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی زاڵبوون به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و کۆنتڕۆڵکردنی جه‌ماوه‌ر له رێگه‌ی میدیاوه، پڕۆسەی به‌کارخستنی ستراتیژێکه که به‌هۆیه‌وه ئاڕاسته‌کانی رای گشتی له‌سه‌ر پرس و گۆڕانکارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌گۆڕێت، کاره‌کته‌ری جڵه‌وکردنی ئه‌و ستراتیژه نوخبەی سیاسی و ئاکتەرەکانی ناو دنیای کاپیتالیزمن، که له‌رێگه‌ی پاره‌دارکردنی میدیاوه باری سه‌رنجی جه‌ماوه‌ر بۆ پرسی لاوه‌کی راده‌کێشن، ئه‌م ستراتیژه پشت ئه‌ستووره به کۆمه‌ڵێک ته‌کنیک و میکانیزمی جیا و داتا و زانیاریی بێ که‌ڵک بۆ لاڕێبردن و فریودانی کۆمه‌ڵگا به‌و ئاراسته‌یەی ئه‌وان ئه‌یخوازن(9).
یه‌کێک له زانا به‌ناوبانگه‌کانی بواری میدیا (واڵته‌ر لیبمان) له‌تیۆره‌که‌یدا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر شکستی دامه‌زراوه میدیاییه‌کان ده‌کات له‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر ئاراسته بکه‌ن بۆ چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی دروست، ئه‌وه‌ی میدیا ده‌توانێ له‌پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی په‌یام و جێهێشتنی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر وه‌رگران و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی بیکات، ته‌نها خۆی له‌وه‌دا دەردەخات که ده‌توانن جه‌ماوه‌ر رێنمایی بکه‌ن بۆ چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه، خودی ئه‌و پڕۆسەیەش له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به ئاگا و هۆشیاردا جه‌ماوه‌ری وه‌رگران به ته‌نها پشت به ئامرازه‌کانی راگه‌یاندن نابه‌ستن بۆ ده‌ستخستنی زانیاریی، به‌ڵکو له‌گەڵیشیدا خۆی ده‌بێته گه‌ڕیده‌ی به‌ده‌ستهێنانی هۆشیاریی زیاتر. لەڕاستیدا ئامرازه‌کان ناتوانن مرۆڤ ئاراسته بکه‌ن و فێری بکه‌ن چۆن بیربکه‌نه‌وه، به‌ڵام له توانایاندا هه‌یه سه‌رنجی بۆ بابه‌تێکی دیاریکراو رابکێشێت و کاربکاته سه‌ر تاک و ئاراسته‌ی بکات به‌ره‌و دیدگایه‌کی جێگیر.
کۆمه‌ڵگا یاخود به تێرمه لۆبۆنییه‌که ملکه‌چ و گوێ له‌مستی ئه‌ندێشه‌ی نوخبە سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌کانه، ئه‌وانه‌ی سه‌روکاریان له‌گه‌ڵ وشه و ره‌وانبێژییه نه‌ک دۆکۆمێنت و ئارگۆمێنت، له‌رێگه‌ی کارکردن له‌مه‌ساحه‌کانی نائاگایی و نه‌ستی مێگه‌لییەوە هه‌ڵده‌سوڕێن و له دواندنی ئه‌ندێشه و ئاگایی تاک دوور ده‌که‌ونه‌وه. ئه‌مه ئه‌و دۆخه‌یه که میدیای کوردی تێیکه‌وتووه و هێنده‌ی به‌رهه‌مهێنانی چه‌له‌حانێ و گفتوگۆی بێزه‌نتی کردۆته خوو، ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی ئارگۆمێنتی جددی و روماڵی سه‌نگین و مامه‌ڵه‌یه‌کی به‌رپرسانه نییه له‌گه‌ڵ پرسه سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کان.
جێگەی داخە قه‌یرانی میدیای ئێمه فره و جۆراوجۆره، له‌سه‌رو هه‌موو گرفته‌کانه‌وه شوناسی میدیایی ئێمه که‌وتۆته به‌ر نه‌شته‌ری دابه‌شبوونێکی نائاکارییه‌وه، ئه‌وە سەرەڕای ئەوەی میدیا به پاکێجێکی پڕ قه‌یران ئاخنراوه. به‌هۆی رۆڵی لاواز له روماڵ و پووچیی ناوه‌ڕۆکی په‌یام و له‌ده‌ستدانی پێوه‌ره‌کانی پیشه‌ییبوون میدیای کوردی خۆی بۆته به‌شێک له‌و ته‌نگەژە و پاشاگه‌ردانییه‌ی هەیە و دوورکه‌وتۆتەوە له ئه‌رکی راسته‌قینه‌ی خۆی.
تێگه‌یشتن له‌گرنگی و کاریگەری میدیا و به‌رپرسیارییه‌تی کاری راگه‌یاندن، ته‌نیا بۆ کاره‌کته‌ر و به‌رپرسه‌کانی نا، به‌ڵکو بۆ وه‌رگر و جەماوەریش زۆر گرنگە، به‌وپێیه‌ی ئه‌و تێگه‌یشته یه‌کێک له پێوه‌ره بنه‌ڕه‌تی و بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانه، که به‌هۆیه‌وه دەتوانین رێژە و قەبارەی سوود و زیانەکانی میدیا لەناو کۆمەڵگایەکدا دیاریبکەین. پاشان پەیوەست بە میدیای نوێ و شۆسیال میدیا، کە دواجار هاووڵاتییەکی ئاساییش هەنووکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتوانێ یان دەیەوێ رۆڵی میدیاکار ببینێ. ئەم تێگەیشتنە لە چییەتی میدیا و رەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی، زۆر هەستیارترە. ئه‌م گرفته جه‌وهه‌رییه له میدیای کوردی به‌جۆرێک دابڕانێکی جه‌وهه‌ریی له‌نێوان جه‌ماوه‌ردا دروستکردووه. به‌مانایه‌کیتر ئه‌و سروشته‌ی که میدیای خه‌ڵک و گۆڕانکارییەکانی بەسەر ماناکانی رۆژنامه‌نووسیدا هاتووه و هه‌موو که‌س له ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی تایبەتمەندێتی پیشه‌یی و ئاکاریی و یاسایی ده‌توانێ په‌یام بنێرێ و کارلێک له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و وه‌رگردا دروست بکات، به‌جۆرێک جه‌ماوه‌ری په‌رشوبڵاوکردۆتەوە ئاسته‌کانی ئاگایی و هۆشیاریشی خستۆته به‌رده‌م نه‌شته‌ری پاشه‌کشه و پووچگه‌رایی راسته‌قینه‌وه، چونکه له سایه‌ی ئه‌و دۆخه‌وه ئه‌وه‌ی له‌ناو جه‌ماوه‌ر و وه‌رگر دروست ده‌بێت بریتییه له: ساویلکه‌یی و رووکه‌شی و ملکه‌چی و زۆر خه‌سڵه‌تی تریش، ئامانجیش له‌و ئاڵوگۆڕه نه‌رێنییه په‌یوه‌ندی به لاوازی و بێ ناوه‌ڕۆکی ئه‌و په‌یامانه‌وه هەیە که له رێگه‌ی سۆشیال میدیا و سه‌کۆ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه هه‌نارده‌ی ناو جه‌ماوه‌ر ده‌کرێن.
سیاسه‌ت و جه‌ماوه‌ر
ستوون و پایه‌کانی هه‌ر پرۆسه‌یه‌کی کۆمه‌نیکه‌یشن له‌سه‌ر بنه‌مای (وێنه Image) و (سیمبول Symbol) له‌ناو میمۆری مرۆڤدا باڵا دەکەن، ئه‌و دوالیزمی فۆرمه‌له‌بوون و خه‌مڵینه‌ی ناو یاده‌وه‌ریی له‌ناو ته‌واوی کارلێکه‌کانی ژیاندا به جۆرێک له جۆره‌کان خۆی دووباره ده‌کاته‌وه، لێره‌شه‌وه چه‌مک و تێگه‌یشتنی په‌یوه‌ندی وه‌ک کایه‌یه‌کی زانستی سه‌رهه‌ڵده‌دا، دەتوانین بڵێین کۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهان سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی مه‌یلی راسته‌قینه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانه، که پاشتر دوو قوتابخانه سه‌روده‌ری شیکاری په‌یوه‌ندییه‌کان ده‌که‌ن و بنه‌ما و نەخشەکانی دیاری ده‌که‌ن، ئه‌وانیش قوتابخانه‌ی (ئه‌مبریقی Empirical) که له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی (لازارسفیلید) و قوتابخانه‌ی (ره‌خنه‌یی) که به‌رهه‌می فه‌یله‌سوفەکانی فرانکفۆرت (هۆرکایمه‌ر، ئه‌دورنۆ، ئه‌ریک فرۆم)ن، که جه‌خت له‌سه‌ر ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندی ده‌که‌نه‌وه. مه‌دلولی په‌یوه‌ندی به‌وپێیه‌ی پرۆسه‌یه‌کی (سایکۆـ سۆسیۆلۆژییە) له‌ناوەڕۆکیدا هه‌ردوو ئاست (نێره‌ر/وه‌رگر) کارلێک ده‌که‌ن و به‌مه‌ش بنه‌مایه‌کی مه‌عریفی گرنگ که دواجار ده‌بێته بنه‌مای په‌یوه‌ندیی ده‌رده‌که‌وێت(10). له‌سۆنگه‌ی تێگه‌یشتن له سروشتی په‌یوه‌ندییه‌کان لەسەر بنەمای قوتابخانه هزرییه‌کان، ده‌کرێت وا له په‌یوه‌ندیی سیاسی بڕوانین که وێنه‌یه‌که له وێنه‌کانی زانستی په‌یوه‌ندییه‌کان، که گوزارشته له کۆمه‌ڵێک په‌یامی نێردراو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئه‌لیتی سیاسییه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ر و وه‌رگران، که خۆی له‌دیالۆگ و گوتار و زانیارییدا ده‌بینێته‌وه، کۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش به ئامانجی زاڵبوون و هه‌ژموونه به‌سه‌ر ره‌فتاری وه‌رگراندا.
ماکس ڤێبه‌ر وا پێناسه‌ی په‌یوه‌ندیی سیاسیی ده‌کات که کۆمه‌ڵێک ته‌کنیک و ئاراسته‌یه که بکه‌ر و نێره‌ره سیاسییه‌کان له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردن و راهێنان و راوکردنی رای گشتی و جه‌ماوه‌ر پێی هه‌ڵده‌ستن، ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسیسه‌ش بۆ ده‌سته‌بژێری سیاسی سانا ده‌کاته‌وه پارتی سیاسی و کاره‌کته‌ر و ده‌زگا میدیاییه‌کانن، که وا ده‌که‌ن پێکهاته‌ی جڤات و هاووڵاتی ئه‌و ئایدیا و بیرۆکانه په‌سەند بکه‌ن، هه‌ندێکیش وا پێناسەی په‌یوه‌ندی سیاسیی ده‌که‌ن که کۆمەڵێک پرۆسه‌ی هه‌نارده کراوه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی گشتییه‌وه بۆ دروستکردنی کاریگه‌ری و وه‌رگرتنه‌وه‌ی فیدباک له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه، به‌ڵام ره‌نگه دروستتر یان پێناسه‌که‌ی (دۆمینیک واڵتون) بێت که به فه‌زایه‌کی گشتی ناویده‌بات، له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌دا دیالۆگی ناکۆک و به‌ریه‌ککه‌وتوو له‌نێوان سێ لایه‌نی کارای پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندی که شه‌رعیه‌تی ئاخاوتنیان له‌سیاسه‌تدا هه‌یه، ئه‌وانیش (پیاوانی سیاسه‌ت، میدیاکاران، جه‌ماوه‌ر ـ له‌رێگه‌ی راپرسییه‌وه).
تایبەت به‌تێگه‌یشتنی سیاسی و قوتابخانه بیرییه‌کان دەربارەی کۆنسێپتێ جه‌ماوه‌ر، ئه‌وه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه جه‌ماوه‌ر له‌دیدگای سیاسی‌دا هه‌ڵگری واتایه‌کی دیکه‌یه، واتاکانی جه‌ماوه‌ر به‌پێی جیاوازیی ئایدیا و سیستمه سیاسییه‌کان جیاوازه و یه‌ک مانای ئه‌بستراکت و روونی نییه، به‌ڵکو هه‌ر بیرمه‌نده و دەرەنجامی تێگه‌یشتنی خۆی بۆ تاک و کۆمه‌ڵ، مانای به‌خشیووه به چه‌مکی جه‌ماوه‌ر، تێگه‌یشتنی مارکسیانه بۆ جه‌ماوه‌ر، ته‌واو جیاوازه له تێگه‌یشتنی فاشیانه، ئه‌مانه‌ش جیاوازن له تێگه‌یشتنی بیرمه‌ندێکی وه‌ک (گۆستاڤ لۆبۆن) و ئه‌ویش چوونیه‌ک نییه له‌گەڵ فه‌لسه‌فه‌ی لیبراڵ، کە جیاوازتر له هه‌موو ئه‌مانه له چه‌مک و مانا‌و سروشت و پێکهاته‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌ڕوانێت، بۆیه له‌ڕووی سیاسییه‌وه ئاسان نییه پێناسه‌یه‌کی ورد و پڕاوپڕی چه‌مکی جه‌ماوه‌ر بکه‌ین.
مامەڵەی پارتی سیاسیی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر له‌سۆنگه‌ی په‌یوه‌ندیی سیاسی، به‌خشین و وه‌رگرتنی ئه‌رکه سه‌ره‌کیه‌که‌یه، چونکه خودی کایه‌ی سیاسه‌ت که حزب نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات هه‌ر له‌منداڵدانی جه‌ماوه‌ره‌وه دێته‌ده‌ر، خودی جه‌ماوه‌ریش به‌دوای هێزێک و بتێکی میتافیزیکی و سیاسی‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو وزه جه‌سته‌یی و عه‌قڵییه‌کانی خۆی راده‌ست بکات، ئه‌م کارلێک و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان (پارت) و (جه‌ماوه‌ر) پرۆسه‌یه‌کی ته‌واوکاریی و گرنگه، خۆ ئه‌گه‌ر پارتی سیاسی نه‌توانێت له په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌که‌ی له‌ناو جه‌ماوه‌ردا جێگه بگرێ و کاریگه‌ریی به‌جێ بێڵێت، ئه‌وه هه‌م هێز و پارته سیاسییه‌کان به‌ره و پوکانه‌وه و لاوازبوون ده‌چن و هه‌میش به بڕوای (ئۆرتیگا) یاخیبوون و پرۆتێستۆ کردنی سیستم و کۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت ده‌بێته بژارده‌یه‌کی سه‌ره‌کی، رووی خراپی ئه‌م دیارده و «یاخیبوونیه میللیه« له‌وه‌دا کورت ده‌بێته‌وه که «بووکه‌ڵه‌ی شه‌قام» و مرۆڤی بازاڕیی هێز و سه‌نگ و کاریگه‌ریی په‌یدا ده‌که‌ن و له‌ناو جه‌ماوه‌ر ده‌بنه مۆدێل، ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه که (نێره‌ر)ی سیاسی له داڕشتنه‌وه‌ی په‌یامە سیاسییه‌کان پێویسته ره‌چاوی بکه‌ن.
له‌دۆخی دروستبوونی دابڕان و زیادبوونی بۆشایی نێوان (ده‌سه‌ڵات) و (جه‌ماوه‌ر)، ئه‌وه ته‌نها جه‌ماوه‌ر نیه به‌ره‌و یاخیبوون هه‌نگاو بنێت، به‌ڵکو ڕێڕەوی ده‌سه‌ڵاتیش به‌ره‌و جۆرێک له سه‌رکێشی به‌سه‌ر شه‌رعیه‌ت و دیموکراسیدا وه‌رده‌چه‌رخێت، به‌جۆرێک له‌و دۆخه‌دا ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆر به مانا ترادیسیۆنالییه‌که‌ی هه‌وڵده‌دات رۆڵی جه‌ماوه‌ر نادیده بگرێ، له‌کاتێکدا تۆتالیتاریزم جه‌ماوه‌ر وه‌ک به‌شێک له‌سیستم به‌کارده‌هێنێت. بۆ زۆرێک له تیۆریستان ئه‌و سه‌رکێشیه بریتییه له دیکتاتۆری به بنکەیەکی جه‌ماوه‌رییه‌وه، (ئێمیل لێدرێر) له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکه‌وه نووسیوویه‌تی «ده‌وڵه‌تی تۆتالیتا‌ر، ده‌وڵه‌تی جه‌ماوه‌ره«. ئه‌مه (هانا ئارێنت)یش له گۆڕینی چینه‌کان و له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هاوسۆزیی و پێکه‌وه‌یی جه‌ماوه‌ر باسی ده‌کات و به‌سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی تۆتالیتێریزمی داده‌نێت.
لەهەرێمی کوردستان سیستم و هێز و پارته سیاسییه‌کانی له دابڕانێکی ته‌واوه‌تیدان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر، گرفتی گه‌وره‌ی په‌کخستنی پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندیی سیاسی له‌نێوان ئه‌و دوالیزمه‌دا له نه‌مانی مه‌سج و لاوازبوونی ئامرازه‌کانی گه‌یاندنی په‌یامه، به‌جۆرێک حزبی سیاسی که رۆڵی (نێره‌ر) دەبینێت به ته‌واوی له (وه‌رگر) که جه‌ماوه‌ره دوورکه‌وتۆته‌وه و هه‌ر یه‌کێک له‌و کۆڵەکانە سه‌ر به کاتیگۆرییه‌کی جودان، ئه‌و جیاوازیی و په‌رت و بڵاوییه ئه‌گه‌ر سەرەتا وا خۆی پیشان بدات که زوویربونێکی کاتییه، به‌ڵام له قووڵاییدا له جیابونەوەیەکی هه‌میشه‌یی ده‌چێت که چیتر جه‌ماوه‌ر وه‌ک یه‌که‌یه‌کی گشتگیر که خاوه‌ن کۆنه‌ستێکی هاوبه‌شه خۆی نانوێنێ، به‌ڵکو له‌په‌رش و بڵاوییه‌کی کوشنده‌دا ده‌ژین، هه‌ندێکیان ده‌بنه خۆراکی گوتاری یاخیبوون و خه‌یاڵه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی (ئۆرتیگا) دووپات ده‌که‌نه‌وه، که جڵه‌وی بیر و ئاگایی خۆیان ته‌سلیم به «پیاوانی شه‌قام» ده‌که‌ن و به‌شێکی دیکه‌ش ده‌بن بە که‌ره‌سته‌ی گوتاری پڕ له هاش و هوشی پۆپۆلیزم و له‌رێگه‌ی ئه‌لیته به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌که‌ی کۆمه‌ڵگاوه ده‌ستبه‌رداری کۆنه‌ستی گشتی ده‌بن. ئه‌وه‌ی ده‌شمێنێته‌وه له‌ناو خه‌یاڵی بێده‌نگی و دابڕانی خۆیدا دووره په‌رێز ده‌مێنێته‌وه.
کایه‌ی سیاسه‌تی دابڕاو له خه‌ڵک و حزبیی داماڵراو له جه‌ماوه‌ر، له سیما سه‌ره‌کییه‌کانی ژیانی سیاسی ئێمه‌ن، ئه‌وه خه‌وشێکه تا ئێستاش پارتی سیاسی کوردی نه‌ک دانی پیانانێت، به‌ڵکو له سه‌ر هه‌مان خه‌یاڵی رابردوو قەوانی پێگە و ژماره مێژووییه‌که‌ی لێده‌داته‌وه، له‌کاتێکدا به‌بێ پێداچوونه‌وه به په‌یام، به‌بێ گۆڕینی ئامراز، هێزه‌کان له مردنێکی حه‌تمی نزیک ده‌بنه‌وه. ئەم میدیا و سیاسەتەی وەک دوو کایە جەماوەر ئاراستە دەکەن رەنگبێ وا بخوێنرێتەوە کە بەهەشت و یۆتۆپیایەک بۆ ئادەمیزاد فەراهەم بکەن، بەڵام ئاراستەکانی جەماوەر لەسایەی ئەو دوالیزمەدا لە رێکردن دەچێت بەرەو دۆزەخ.
پەراوێزەکان:
1- فی نقد مقولة «الاستبداد الشرقي» في بلادنا، خلیل العناني، ماڵپه‌ڕی ئه‌لجه‌زیره، 2021.
2- معنی الاستبداد (ما هو، المفهوم والتعریف)، احمد عطاالله، تێزی ماسته‌ر له زانكۆی خه‌رتوم له بواری زانسته سیاسییه‌كان، 2019.
3- الاستبداد السیاسي والدیني وحدة فی الاهداف.. واڵاسالیب، سمیر اندلوسی، مۆسسه الحوار المملكە، سنە 2012.
4- رۆژنامەی شەرق ئەلئەوست، عەبدولڕەحمان خەلەف، 2011.
5- جەماوەر و میدیا‌و تێڕوانینەكانی هەیكەل، ئەرسەلان عەبدوڵڵا، رۆژنامەی رێبازی ئازادی، 2013.
6- رۆژمامەی شەرق ئەلئەوسەت، هەمان سەرچاوەی پێشوو.
7- ماڵپەری ویكیپیدیا بە زمانی عەرەبی.
8-أسقط كتاب تكنولوجیا الكبیرة استبداد الواقع، سمیر عبداللامیر، الموقع الحوار المتمدن، 2018.
9- سته‌مكاری له دیدی فه‌یله‌سوفانی هاوچه‌رخه‌وه، ئه‌رده‌لان ستار ئه‌مین، ماڵپه‌ڕی كوردستان نێت 2002
10- التفكیر فی عده التفكیر: مراجعة نقدیة لنظریة الاستخدامات والإشباعات فی البیئة الرقمیة، نصر ا‌لدین لعیاظی، الموقع الجزیره، 2020.
له‌دۆخی دروستبوونی دابڕان و زیادبوونی بۆشایی نێوان (ده‌سه‌ڵات) و (جه‌ماوه‌ر)دا، ئه‌وه ته‌نها جه‌ماوه‌ر نییه به‌ره‌و یاخیبوون هه‌نگاو بنێت، به‌ڵکو ڕێڕەوی ده‌سه‌ڵاتیش به‌ره‌و جۆرێک له سه‌رکێشی به‌سه‌ر شه‌رعییه‌ت و دیموکراسیدا وه‌رده‌چه‌رخێت