لە درێژەی چاپكراوەكانی كۆمپانیای هاواری فیلمدا، لە خولی چوارەمی رۆژی سینەمای كوردیدا، كتێبی (عەلی بەدرخان- دەرهێنەری شۆڕشڤان) چاپ و بڵاوكرایەوە. كە لەلایەن میرڤەت عومەرەوە نووسراوە و دیاری عەلی لە عەرەبییەوە كردوویەتی بە كوردی.
ئەم كتێبە لەبارەی دەرهێنەری بەناوبانگی میسر عەلی بەدرخانەوەیە، كوڕی دەرهێنەر و رابەری سینەمای میسری ئەحمەد بەدرخان-ە. بنەماڵەكەیان دەبنە ئامۆزای بنەماڵەی مقداد مدحەت بەدرخان كە لە ساڵی 1898 لە قاهیرە رۆژنامەی “كوردستان”ی چاپ و بڵاوكردەوە.
عەلی بەدرخان، لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بەدیاریكراوی ساڵی 1973 یەكەمین فیلمی خۆی دەرهێنا و لەو ساڵەوە تا ئەمڕۆ تەنیا خاوەنی (10) فیلمی سینەماییە، بەڵام فیلمی ناوازە و بەناوبانگ كە بارتەقای هەموو تەمەنی هونەری لەنێو دونیای سینەمای میسر و عەرەبیدا كاریگەری هەیە.
بەدرخان لەناو خانەوادەیەكی سینەماكاردا گەورەبووە، لەچەندین فیلمدا یاریدەدەری دەرهێنەری ناوداری میسر یوسف شاهین و باوكی بووە، سەرباری ئەوەش سێبەری هیچ یەكێك لەدەرهێنەر و رێبازێكی میسری بەسەرییەوە نابینرێت، بەڵكو خۆی رێبازێكە و لە رۆمانسییەتدا فیلمەكانی پێشەنگن.
عەلی بەدرخان تاوەكو ئێستا چوار كتێبی فێرخوازی نووسیوە و پەیمانگایەكی پێگەیاندنی كادیری سینەمایی هەیە لە سەرانسەری وڵاتانی عەرەبیدا سەردانی دەكەن و لەسەر ئەزموونی هونەر و ژیانی ئەو نەوەی تازە پەروەردە دەبێت.
عەلی بەدرخان لە ژیانیدا وەكو كوردێكی میسری كە ئێستا تەمەنی 77 ساڵە، چەندینجار هەوڵی بەرهەمهێنانی فیلمی كوردیداوە، بەڵام هەوڵەكانی سەرینەگرتووە و هەر بەو ئومێدە دەژی و بەرگریكارێكی سەرسەختی دۆزی رەوای گەلەكەیەتی.
كۆمار عەلی