ئا: هەڤاڵ هاوار
ساڵانە و لە سەرەتای وەرزی پاییزدا، بە هۆی نزمبوونەوە و گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرما، هەروەها بە هۆی قەرەباڵغبوونی شوێنە گشتییە داخراوەکان و بەریەککەوتنی زیاتر، ساڵانە لەم وەرزەدا نەخۆشی و ڤایرۆسی هەڵامەت بڵاودەبنەوە، بەجۆرێک ملیۆنان دۆلار بۆ چارەسەرکردنی ئەو ڤایرۆسە و بەرهەمهێنانی دەرمان خەرج دەکرێت.
چەند پسپۆڕێکی دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە ئەمریکا، لە سەرەتای وەرزی پاییزدا رێنماییەکی سادەیان بڵاوکردەوە و داوایان لە دانیشتوانی ئەمریکا و جیهان کرد، لەم وەرزەدا زیاتر پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سادە و بەبێ بەکارهێنانی دەرمان، خۆیان و ئەندامانی خێزانەکەیان لە ڤایرۆسی هەڵامەت بپارێزن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا پسپۆڕانی ئەو دامەزراوەیە، داوایان کرد تەنیا بە دەست شتن، دەتوانین بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسانە ببینەوە، هەروەها رایانگەیاند: رۆژانە زۆرترین کەس لە جیهاندا بیری دەچێتەوە لەکاتی خۆیدا و لەشوێنی پێویستدا دەستەکانی بشوات کە هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی زۆربەی ئەو ڤایرۆسانەیان بۆ دەست نەشتن گەڕاندەوە.
چۆن تووشی ڤایرۆسی هەڵامەت دەبین؟
رێگەی سەرەکی گواستنەوەی هەڵامەت بریتییە لە دەستلێدانی ئەو شتانەی بە ڤایرۆسی هەڵامەت پیسبوون، کاتێک کەسێکی نەخۆش دەکۆکێت یان دەپژمێت، دڵۆپە بچووکەکان کە ڤایرۆسی تێدایە، لەسەر کەرەستە و ئامێرەکانی دەوروبەرمان وەک دەسکی دەرگا و تەلەفۆن و کیبۆردی کۆمپیوتەر دەنیشنەوە یان نەخۆشەکە لە کاتی کۆکە یان پژمیندا دەم و لوتی بە دەستی داپۆشێت و دواتر بە هەمان دەست شتەکان دەگرێت بە دەستەوە و بەوجۆرە ڤایرۆسەکان بەر کەرەستە و ئامێرەکان دەکەون، دواتر کەسانی تر لە رێی دەست لێدانەوە، ڤایرۆسەکە بۆ خۆیان دەگوازنەوە.
بۆچی دەست شتن کاریگەرە؟
هەندێک ڤایرۆس و زیندەوەری بچووک، کە دەبنە هۆی تووشبوون بە هەڵامەت، بۆ ماوەی چەند سەعاتێک لەسەر رووکاری کەرەستەکان دەژین و دەمێننەوە، بۆیە شتنی دەستەکان بە بەردەوامی، باشترین رێگایە بۆ ئەوەی ڤایرۆس نەچێتە ناو لەشەوە، بێگومان ئەگەر کەسەکە خۆی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت، شتنی دەست و جەستە رێ لەوە دەگرێت ڤایرۆسەکە بڵاو بکاتەوە.
نموونەیەکی ئاشکرا
لە ناوەندێکی فەرماندەیی مەشقی سەربازی لە ویلایەتی ئیلینۆیس لە رۆژئاوای ئەمریکا، رێکارێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان تاقیکردەوە، لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا، داوایان لە بەشداربوان کرد، رۆژانە لانی کەم پێنج جار دەستیان بشۆن. دوای دوو ساڵ، بۆ تیمە پسپۆڕەکە دەرکەوت ئەو نەخۆشییانەی تووشی کۆئەندامی هەناسەدان دەبن، بە رێژەی 45٪ کەمی کردووە، یەکێک لەو نەخۆشیانە، بریتی بوون لە هەڵامەت، بە جۆرێک لەو دوو ساڵەدا، کەمترین سەرباز تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
رێگەی دروستی دەست شتن
زۆربەمان پێمان سەیرە ئەگەر ئاگادار بکرێینەوە، رۆژانە زۆرترین کەس لە جیهان و لە دەوروبەرمان بیری دەچێتەوە دەستەکانی بشوات، بەڵام لە راستیدا رۆژانە زۆربەی کەسەکان بە هۆی سەرقاڵیانەوە بە ئیش و پڕۆژە جیاوازەکانەوە، بیریان دەچێتەوە لەکاتی خۆیدا و دوای گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، دەستیان بشۆن.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە، تا ئێستا زۆربەی کەسەکان لە جیهاندا، بە هەڵە و بە ناتەندروستی دەستیان دەشۆن. ئەوەش لەکاتێکدایە، شێوازی دەست شتنی تەندروست بریتییە لەوەی سەرەتا دەستەکان بە ئاو تەڕ بکرێت. پاشان سابون بەکاربهێنرێت و بۆ ماوەی 20 چرکە بە باشی دەستەکان لێک بخشێنرێت، بە مەرجێک پێویستە نێوان پەنجەکان و مەچەک و ژێرنینۆکەکان لەبیر نەکرێت، چونکە زۆرجار میکرۆب لە شوێنە شاراوەکانی دەست وەک نێوان پەنجەکان و ژێر نینۆکدا دەمێنێتەوە.
هەروەها لە کاتی بەکارهێنانی کەرەستە و ئامێرە گشتییەکان، وەک دەسکی دەرگای تەکسی و پاس، تەلەفۆنی گشتی، تەوالێتی شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکان، دەسکی دەرگای مارکێت و بەڕێوەبەرایەتییەکان... هتد پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت، هەروەها باشترین رێکار بۆ خۆپاراستن لەو حاڵەتەدا، بریتییە لە بەکارهێنانی سابونی کحولی.
سەرچاوە: Health.com