ئاسایی وا باوە کە قژ رووتانەوە لە تەمەنی هەوراز و پیریدا روودەدات، بەڵام لەم سەردەمەی ئێستادا خەڵکی لە تەمەنی لاوێتیاندا قژ بەسەریانەوە نامێنی و پەنا بۆ چاندنەوە دەبەن، ئەوە لە زۆربەی خەڵکی وڵاتان روودەدات، ئەو حاڵەتە نوێیە توێژنەوەی زۆری لەسەر کراوە و دەرکەوتووە مەرج نییە تەنها هەڵکشانی تەمەن پەیوەندی بەوەوە هەبێت، بەڵکو جۆری خواردن و خواردنەوەکان و کەمی ڤیتامین لە جەستەی مرۆڤ و خەم و دڵەڕاوکێش کاریگەری تایبەتیان بەسەر قژ رووتانەوە هەیە.
تازەترین توێژینەوە لەسەر ئەمە بەسەرپەرشتی زانایانی چینی کراوە و دامەزراوەی زانستی ئەڵمانی Heilpraxis بڵاوی کردۆتەوە و بەدرێژی لێی کۆڵیوەتەوە، توێژنەوەکە لەسەر نزیکەی 2000 گەنج کراوە و بۆیان سەلماوە کە ئەوانەی زوو قژیان رووتاوەتەوە بە بەردەوامی خواردنەوە گازییەکان و شیرینی زۆریان خواردووە، واتە دەرکەوتووە پەیوەندی بەو خواردنانەوە هەبووە، ئەو زانایانە دەڵێن: ئەوانەی تەمەنیان لە نێوانی 13 تا 27 ساڵە و خواردنەوەی گازی و شیرین دەخۆن بە رێژەی 30 ٪ زیاتر و زووتر قژیان لەوانەی دیکە دەڕووتێتەوە کە ئەو جۆرانە ناخۆنەوە.
بەپێی ئەو توێژنەوەیە و زۆری تریش خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان یان جۆرەکانی شەربەت کە رێژەی شەکری زۆریان تێدایە هۆکاری سەرەکی ئەوەن گەنجان لە تەمەنێکی زووەوە قژیان هەڵبوەرێ، لە ئەڵمانیا ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو ملیۆن گەنج لەو تەمەنانەدا پەنایان بۆ چارەسەری قژهەڵوەرین بردووە یان قژیان چاندۆتەوە.
سەرچاوە: Nutrients