بە بەشداری زیاتر لە 13 ملیۆن خوێندکار، لە کەرکوک و پارێزگاکانی تری عیراق، ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد.
کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، رایگەیاند، ئەمڕۆ بەبەشداری زیاتر لە 13 ملیۆن خوێندکار، ساڵی خوێندنی 2023-2024، لە کەرکوک و 14 پارێزگای تری عیراق دەستیپێکرد.
وتیشی، وەزارەتی پەروەردە کاری لەسەر قۆناغی یەکەمی چاپەکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن کردووە و کاریش لەسەر دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی چاپکردنی پڕۆگرامەکان دەکات و بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ، پڕۆگرامەکان بەسەر خوێندنگەکان دابەش دەکات.
ھاوکات د.ئیبراھیم نامس جبوری وەزیری پەروەردەی عیراق، لە راگەیەنراوێکدا، بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنەوە، پیرۆزبایی لە خوێندکاران و مامۆستایان کرد، راشیگەیاند، ساڵی رابردوو رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بوونەوە، بەڵام بە ھەوڵی خوێندکاران و مامۆستایان ئەو ئاستەنگانەیان تێپەڕاند.