شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: یەكێتی بەرامبەر تێكۆشەرەكانی بەوەفایە

09:36 - 2023-10-02
کوردستان
842 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە پێنجەمین رۆژی كۆنگرەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە لێپرسراوی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێردرا و لە وتەیەكیشدا رایگەیاند: «بە هەڵبژاردنم بۆ ئەو پۆستە، یەكێتی سەلماندی كە بۆ تێكۆشەرانی خۆی بەوەفایە، ئەم پۆستەش بەتەنها موڵكی من نییە، بەڵكو موڵكی شەهیدان و تێكۆشەران و كەمئەندامانە».
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی گەلی كوردستان، رایگەیاند: «بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، بۆ پۆستی لێپرسراوی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی هەڵبژێردرام، هەر پلە و پۆستێكم هەبێت موڵكی من نییە، بەڵكو موڵكی شەهیدان و تێكۆشەران و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانە، ئەم پلەیە ئەركێكی گرانە، بۆیە بەهێزكردنی یەكڕیزیی گەلەكەمان و یەكێتیی ناو یەكێتی و بەهێزكردنی پێگەی یەكێتی، ئەركی لەپێشینەمان دەبێت».
ئاماژەی بەوەشكرد كە «بە هەڵبژاردنم بۆ پۆستی لێپرسراوی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، دەركەوت تێكۆشەران و سەركردایەتی و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەرامبەر بە تێكۆشەرانیان بەوەفان و رێزیان لێدەگرن، بۆیە یەكێتیبوون شانازی و شەرەفمەندییە». وتیشی: «ئەو هەڤاڵانەی دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، دەبێت كەسانی شایستە و تێكۆشەربن و لەڕێگەی كارەكانیانەوە هەوڵ بۆ سەرخستنی بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بدەن».
لێپرسراوی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، دووپاتیكردەوە كە «پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بوو و ئەندامان ئازادانە گفتوگۆی سەرجەم بڕگە و خاڵەكانی پەیڕەوی ناوخۆیان كرد و دەنگیان لەسەر دا».
لەبارەی؛ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی: «سەرۆك بافڵ پیاوێكی ئازا و بوێر و بەهەڵوێستە و لەسەر پرسە نەتەوەییەكان هیچ سازشێك ناكات و لەگەڵ یەكێتی، تەبایی و یەكڕیزیی میللەتەكەماندایە».

PUKMEDIA

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان