پڕۆژەیەكی گەورە لە بنەسڵاوە وەستاوە

09:43 - 2023-10-02
ڕاپۆرت
363 جار خوێندراوەتەوە
دووسایدکردنی شەقامێکی سەرەکی لە بنەسڵاوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

ماوەی چەندین مانگە یەكێك لەڕێگە سەرەكییەكانی ناو قەزای بنەسڵاوە كە رێگەی قەزاكە بە دوو سایدی لاوان و رێگەی ناوشاری هەولێر دەبەستێتەوە بە مەبەستی دوو سایدكردنی تێكدراوە، پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیایەكەوە كاری بۆ دەكرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی دابیننەكردنی پارە بۆی لەلایەن حكومەتەوە كاركردن لەپڕۆژەكەدا وەستاوە و بەشێكی كارەكانی ماوە و بەهۆیەوە دانیشتوان و دوكاندارانی ئەو گەڕەكە تووشی گرفت بوون بەدەست گرتنی رێگەكە و دروستبوونی تەپوتۆز لەوەرزی هاوین و ترس لە  قوڕ و کۆبوونەوەی ئاو لە وەرزی سەرما و باران باریندا.

نیگەرانیی هاووڵاتیان 
ئاسۆ سەدرەدین یەكێكە لەدانیشتوانی بنەسڵاوە خانوەكەی كەوتۆتە سەر شەقامە تەواونەكراوەكە و دەڵێت، تەواونەكردنی ئەو پڕۆژەیە كێشەیەكی زۆری بۆ ژیانی رۆژانەمان دروستكردووە، بە هاوین تۆز و خۆڵێكی زۆر دروست دەبێت و دێتە ناو ماڵەكانمان زستانیش قوڕ، هەروەك كێشە بۆ رێگەی هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێلیش دروستبووە و بەهۆیەوە دەبێت ئۆتۆمبێلەكانمان لەكۆڵانەكانی پشتەوەی ماڵەكانمان بوەستێنین.
وتیشی، نزیكەی ساڵێكە ئەو پڕۆژەیە دەستیپێكردووە و تائێستا تەواونەكراوە، رۆژانە بە بەردەوامی كاری لەسەر ناكەن بۆئەوەی تەواو بكرێت كە لێیان دەپرسین بۆچی كارناكەن دەڵێن، پارەی سلفەی پڕۆژەكەمان وەرنەگرتووە بۆیە ئێستا كرێكارەكانی كۆمپانیای جێبەجێكاریش نابینم بێن كاربكەن هەندێكجار دێن چەند سەعاتێكی كەم دێن كاردەكەن و دەڕۆنەوە لەکاتێکدا پڕۆژەكە تەنیا كاری قیرتاوكردنی ماوە.
خاوەنی مارکێتێک لەسەر رێگە سەرەکییەکە وتی، بەهۆی تەپوتۆز و بڕینی رێگەكە زۆر بێزاربووین، هەر بەهۆی تەواونەكردنی پڕۆژەكە بازاڕم نەماوە، ژیانمان لە هەموو روویەكەوە بەهۆی تەواونەكردنی ئەو دوو سایدە قورس بووە.
هاووڵاتیەكی تری بنەسڵاوە باسی لەبێزاری خەڵكی قەزاكە كرد و وتی، ماڵەكانی ئەو گەڕەكە ناتوانن ناوماڵەکانیان بشۆن، چونكە دوای سەعاتێک دووبارە دەبێتەوە بە خۆڵ و ناشزانین سكاڵا لەلای كێ تۆمار بكەین بۆ وەستان و دواكەوتن و تەواونەکردنی پڕۆژەکە.
وتیشی، ئەو شەقامە پێشتر قیر و یەک ساید بوو، لەوەتەی پڕۆژەی دووسایدکردنی دەستی پێکردووە ئێمە ژیانمان تێكچووە ساڵی رابردوو کاتێک هاتوچۆمان دەکرد کیسی نایلۆنمان لە پێڵاوەکانمان دەپێچا.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان كاتێك پڕۆژەیەك لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێ دەكرێت دەبێت بڕی تێچووی پارەكەی بە تەواوی دابینكرابێت و لەسندوقێك یان بانكێك دانرابێت و دەستكاری نەكرێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بەبێ كێشە و كەموكوڕی تەواوبكرێت، بەڵام ئەو پڕۆژەیەی بنەسڵاوە و چەند پڕۆژەیەكی تر كە لەماوەی ئەمساڵدا دەست بەجێبەجێكردنیان كراوە بەشێوەی پچڕپچڕ كاریان لەسەر دەكرێت.

راگرتنی کارەکان بە تەواویی
كامەران ئەحمەد خاوەنی كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژە دوو سایدەكە رایگەیاند، هۆكاری وەستانی كاركردن و تەواونەكردنی پڕۆژەكە بۆ دابین نەكردنی پارە لەلایەن حكومەتەوە دەگەڕێتەوە كە لەمانگی چوارەوە پارەمان پێنەدراوە.
وتیشی، پڕۆژەكە بریتییە لەشەقامێكی دوو ساید درێژیەكەی دوو هەزار و 500 مەترە و ماوەی پڕۆژەكەش 420 رۆژە كە هێشتا ساڵێك بەسەر جێبەجێكردنیدا تێنەپەڕیوە، بەڵام بەشی زۆری پڕۆژەكەمان تەواو كردووە و ماوەیەكی زۆر كارمان لەسەر كرد، ئێستا نزیكەی 10 رۆژ دەبێت كارەكانمان بە تەواوی راگرتووە و هیچ كارێكمان لەسەری نەكردووە.
شەقامە سەرەكییەكە جگە لەوەی نزیكە لەچەندین ماڵ و دوكانی لەسەرە هەروەها بینای چەند دەزگایەكی حكومی ئەو قەزایە و چەند یاریگایەكی وەرزشی لەسەرە ئەوە هێندەی تر خەڵكی ئەو قەزایەی هەراسان كردووە.
هەوڵی دابینکردنی پارە
سەبارەت بەپێنەدانی پارە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە، مەسعود كارەش جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی كێشەی دارایی نەتوانراوە پارە بۆ ئەو پڕۆژەیە خەرج بكرێت، بەڵام بەنیازین بەم زوانە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین و پارە بۆ پڕۆژەكە دابین بكەین.
وتیشی، بەڵێنمان لەبانكێك وەرگرتووە و ئێستا لەسەر هێڵین لەگەڵ بەڵێندەرەكە و بانكەكە بۆ دابینكردنی پارەكە، چونكە پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی گرنگە بۆ بنەسڵاوە.
سەبارەت بە ژمارەی پڕۆژە تەواونەكراوەكانی پارێزگای هەولێر هەوڵماندا ئامار و زانیاری لەلێپرسراوانی حكومی شارەكە وەربگرین، بەڵام هیچ بەرپرسێك ئامار و ژمارەی پڕۆژە وەستاوەكانی پارێزگاکەی پێنەوتین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان