ئینسكلۆپیدیای پێشمەرگە دێرینەکانی هەولێر

10:27 - 2023-10-02
کەلتور
740 جار خوێندراوەتەوە
#حەیدەر مەنتک

ئاوات كۆكەیی

كۆكردنەوە و بە دیكۆمێنتكردنی وێنە و ژیاننامەی توێژی تێكۆشەران لە قۆناغی رزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، بە شەهید و كۆچكردووانەوە، بە كەمئەندام و زیندووەكانەوە، ئەركێكی پیرۆز و پێویستە.
ئەوەی تا ئێستا كراوە مایەی دەستخۆشییە و ئەوەی هێشتاش ماوە و نەكراوە، دەبێ پەلەی لێبكرێت، چونكە وا دەچینە نێو 33 ساڵەی تەمەنی راپەڕینەوە، واتا ئەو تێكۆشەرەی كە لە راپەڕیندا تەمەنی 30 ساڵ بووە ئێستاش بۆتە 63 ساڵ، هەشە لەو تەمەنە گەورەتر بووە و لە دوای راپەڕین كۆچی دوایی كردووە، یان لە شەڕەكانی دواتردا شەهیدكراوە، یاخود كەنەفت و كەوتووی سەرجێگەیە، ئەو پێشمەرگەیەش كە لە تۆغیانی گەنجێتییدا بووە و بۆ نموونە تەمەنی 20 ساڵ بووە، ئێستا لە 50 تێپەڕیوە، كەواتە ئەو توێژە گرنگەی كۆمەڵ بەرەو كۆتایی و تەواوبوون دەڕوات، كات و تەمەنیش بەخێرایی تێدەپەڕێت و دەرفەت كەم لەبەر دەستدا ماوە.
بۆیە ئەگەر ئێستا فریانەكەوین و راستەوخۆ لە زاری خۆیانەوە زانیارییە كەسی و گشتییەكانیان لێوەرنەگرین، دەكەوینە رۆژگارێك دەبێ لە كەسانی دیكەی دەوروبەریانی وەربگرین، ئاشكراشە سەبارەت بە تێكۆشەرێك شتی زارەكی و لە كەسێكی دیكەوە هێندەی ئەوە باوەڕپێكراونییە كە لە خۆی وەربگریت، یان لانیكەم هێندە ورد و پڕ زانیاریی نییە و وەڵامێكی تەواو نادات بەدەستەوە.
لەو رووەوە تائێستا زۆر كتێب و نامیلكە چاپ كراون، زۆر دیداری تەلەفزیۆنی و رۆژنامەوانی ئەنجامدراوە، ئەوانە هەمووی مەڵۆی بە بەرەكەتی چەند شارایەكی گەورەن، بەڵام دەبێ هەوڵ و بەردەوامی هەبێت بۆ تەواوكردن و كۆكردنەوەی هەموو مەڵۆ و شاراكان تا دەگەینە (خەرمان)ە گەورەكە.
ئەركی پیرۆز
حەیدەر مەنتك یەكێكە لەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی لەو پێناوەدا ساڵانێكە سەرقاڵ و ماندووە، بەرهەمیشی هەیە و خزمەتی زۆری پێشكەش كردووە، جێگە دەستی دیارە و دەبێ دەستخۆشی لێبكرێت.
دوا بەرهەمی حەیدەری رۆژنامەنووس ئینسكلۆپیدیای پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە سێ بەرگدا، پێشتریش لە دوو بەرگدا ئینسكلۆپیدیای شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئامادە و چاپ كردووە.
هەر دوو پڕۆژەكە بەردەوامە و درێژەیان دەبێت، ناشزانرێ كەی و لە چەند بەرگدا كۆتاییان دێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بەردەوامە و هیوادارم تازووە هەڤاڵ حەیدەر هەردوو ئینسكلۆپیدیاكە بە ئاكامی كۆتایی بگەیەنێت و بەهەمان شێوەش هیوادارم تەواوی پێشمەرگە دێرینەكانی سنووری پایتەخت و كەسوكاری شەهیدان، لە جاران زیاتر، هاوكاریی بكەن بۆ ئەو ئەركە پیرۆزە.
پلانەكەی مەكتەبی گەشەپێدان  
هەر لەو رووەوە، ئارێز عەبدوڵڵا لە بابەتێكیدا كە وەك پێشەكی وایە و لە بەرگی یەكەمی ئینسكلۆپیدیاكەدا بڵاوكراوەتەوە، نووسیویەتی: (ئەوانەی لەو سەردەمدا ژیاون و ماون، دەزانن كە گەلەكەمان بە چ قۆناغێكی سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەگەر وردەكاریی ئەو مێژووە دژوار و سەختە نەنوسرێتەوە و بە دیكۆمێنت نەكرێت، ئەوا لە دوارۆژدا بڕواكردن بەو بەسەرهات و چیرۆك و ڕوداوە راستەقینانە ئەستەم دەبێ، بۆیە نووسینەوە و بە ئەرشیفكردن و بەرزڕاگرتنی ناوی ئەو تێكۆشەر و ستەمدیوانەی كە لەو ڕۆژگارە سەختەدا ڕۆڵێكی ئەفسانەییان گێڕاوە، كارێكی گرنگ و پێویستە و لەو بوارەشدا ئەم كتێبە بەڵگەنامەییە بەردێكی بنچینەییە لە بناغەی مێژوو و ئەرشیفی شۆڕشی نوێ).
كتێبەكە بەرهەمی (مەكتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری)یە و ئارێز عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەكتەبەكەیە، ئەو لە پێشەكیی ئینسكلۆپیدیاكە، دەڵێت: (لە پلانی مەكتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری-بۆردی ئەرشیف و مێژوودایە هەنگاو بەهەنگاو ئاوڕ لە هەموو ئەو تێكۆشەرانە بدرێتەوە كە هەر لە سەرەتای دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ تا ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن بەشدارییان كردووە).
ئەگەر هەوڵ و بەرهەمەكانی حەیدەر مەنتك وەك تاكەكەس تا ئێستا چەند كەلێنێكی گەورەی پڕكردبێتنەوە و مایەی دەستخۆشی و خۆشحاڵیمان بێت، ئەوا ئەو (پلان)ەی كە ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژەی پێدەدات، هەم وەك پێشمەرگەی دێرین و هەمیش وەك لێپرسراوی مەكتەبێکی گرنگی وەك گەشەپێدانی بیرو هۆشیاری و وەك نووسەریش، مایەی خۆشحاڵییەكی گەورەترە و ئومێدی نووسینەوە و بەئەرشیفكردنی تەواوی مێژووی شۆڕشی نوێی لێدەكرێت.
بەهەمان شێوەش د. دانا سەعید سۆفی لە بابەتێكیدا كە لە بەرایی ئینسكلۆپیدیاكە بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت: (پێشمەرگە دانەبڕاوەكان، یان پێشمەرگە دێرینەكان سووتەمەنی شۆڕش و هەڵگری  بەها مرۆڤایەتییەكانی بەرخۆدان و خۆنەویستی، ئەوانەن كە مێژووی قۆناغێكی دیاریكراوی كوردستانی باشوور بە قوربانییەكانیان دەنووسنەوە.
ئینسكلۆپیدیای پێشمەرگە دێرینەكان یان دانەبڕاوەكان دووبارە ئەو مێژووە دەخاتەوە ڕوو سەروەرییەكانیان بۆ دەگێڕێتەوە، لە كاتێكدا بەهاكانی شۆڕش لە قەیرانێكی قووڵ دان).

هەولێر و دەوروبەری
ئینسكلۆپیدیای پێشمەرگە دێرینەكانی ی.ن.ك لە هەولێر لە سێ بەرگ پێكهاتووە، بەرگی یەكەم پێشمەرگە دێرینەكانی (هەولێر- دەشتی هەولێر) لە خۆدەگرێت و 419 لاپەڕەیە، بەرگی دووەم پێشمەرگە دێرینەكانی (كۆیە) لە خۆدەگرێت و 361 لاپەڕەیە، بەرگی سێیەمیش پێشمەرگە دێرینەكانی (سۆران) لە خۆدەگرێت و 886 لاپەڕەیە و تیایدا سەدان ژیاننامە و وێنەی پێشمەرگەی دێرین خراونەتەڕوو، كە هەندێك لەو پێشمەرگانە لە ژیاندا نەماون، واتا شەهیدبوون یان كۆچی دواییان كردووە.

ناوی كتێب:
ئینسكلۆپیدیای پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر.
ئامادەكردنی: حەیدەر مەنتك
بڵاوكراوەی: مەكتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری
ساڵی چاپ: 2023
ژمارەی سپاردن: ژمارەی 774ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانەگشتییەكانی ساڵی 2023ی پێ دراوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان