یادەوەریی وەرزشی

10:45 - 2023-10-02
وەرزش
169 جار خوێندراوەتەوە
سەڵاح شێخ ئەمین

خەسرەو گورون
87

لە ژمارەكانی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمەدا تیشكێكم خستە سەر دە یارییمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور  بۆ وەرزی 1989-1990، لەو 10 یارییە، تەنیا دوو یارییمان بردەوە، یەكەمیان لە كەرامەی شاری كەركوك 3-0  و دووەمیشمان  2-1 لە سەورەی شاری كەركوك بوو كە لە سلێمانی كرا، تەواوی ئەنجامی ئەو یارییانە بەمشێوەیە بوون:
*سلێمانی × 1 ی حوزەیرانی كەركوك (0-1) - 3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
*سلێمانی × كەرامەی شاری كەركوك (3-0)، 10/11/1989 هەر لە یاریگای سلێمانی كرا.
*سەورەی كەركوك × سلێمانی (1-0)، 17/11/1989 لەكەركوك كرا.
*سەڵاحەدین × سلێمانی (2-1)، 24/11/1989 لە تكریت كرا.
*موسڵ × سلێمانی (3-1) ، 1/12/1989 لە یاریگای موسڵ كرا.
*برایەتی × سلێمانی(1-0)، 7/12/1989 لە یاریگای هەولێر كرا.
*سلێمانی × موسڵ (1-2)، 15/12/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
*1 ی حوزەیران × سلێمانی (2-1)، 5/1/1990 لە كەركوك كرا.
*كەرامەی كەركوك × سلێمانی (2-1)، 12/1/1990 لە كەركوك كرا.
*سلێمانی × سەورە (2-1)، یارییەكەش 19/1/1990 لە سلێمانی كرا.
یانزەیەمین یارییمان رۆژی 9/2/1990 بەرامبەر تیپی یانەی سەلاحەدین بوو، یارییەكە لە یاریگای سلێمانی كرا ، هاندەرێكی زۆر ئامادەی یارییەكە بوون و یارییەكەش بەبردنەوەی سەڵاحەدین 3-1 كۆتاییهات، یانەی سەڵاحەدین بەدرێسی شین و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سپییەوە یاریمان دەكرد.
سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ ئەم یارییەمان لێدرا، ناوبژیوانانیش لە بەغداوە هاتبوون، خولێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان سەرپەرشتیاری تیپ بوو، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل راهێنەری ئێمە بوو، كاك نەجاح راهێنەری گۆڵچی تیپەكەمان بوو، خوالێخۆشبوو د.عەتا چارەسەركەری تیپەكەمان بوو.
لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد، یارییەكەش توندوتیژی زۆری تیادا بوو، هەرلەبەر ئەوە بوو ناوبژیوان 10 كارتی زەردی بەڕوی یاریزاناندا بەرز كردەوە، پێكهاتەكەشمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: هیوا محەممەد.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، هادی كەریم، نەوزاد مستەفا،  داخل جەبار.
*ناوەند: ئامانج سەید برایم، سەڵاح شێخ ئەمین، ئاسۆ قەلە، نازم عەرەب.
*هێرشبەر:بەختیار رەشید، ئالان قادر.
لە یارییەكەدا سەرەتا ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی گۆڵێكمان كرد، گۆڵەكەش لە لە دەقیقەی 40 دا ئالان قادر كردی و تایمی یەكەم بەو ئەنجامە كۆتاییهات.
تیپی یانەی سەڵاحەدین لە دەقیقەكانی 60 و 65 و 71 دا توانیان سێ گۆڵ بكەن، سەرەنجامیش یارییەكە بەو ئەنجامە 3-1 بەسودی ئەوان كۆتاییهات.
لە یارییەكەشدا راهێنەر ئەم گۆڕانكاریانەی كرد: سۆران ئەحمەد بۆ شوێنی نازم، خوالێخۆشبوو حەمودی تۆفیق بۆ شوێنی بەختیار، یاریزانە یەدەكەكانیش موحسینی هەڵەبجە و بەكری شێخ مستەفا و سەلام مەحمود بوون.
شایانی باسە لەكاتی بەڕێوەچوونی ئەم خولەدا رژێمی عیراق كوەیتی داگیر كرد و وەزعێكی خراپ لە عیراقدا درووستبوو، زۆربەی یاریزانەكانمان بەهۆی سەربازییەوە لەتیپەكە دابڕان، بۆیە كۆبوونەوە و راهێنانی بە كۆمەڵمان كەمیكرد، لە زۆر یارییدا هێندێكیان هەر نەیاندەتوانی بەشدارییش بكەن، بۆیە هەر یارییەو كۆمەڵە یاریزانێك یارییان دەكرد، بۆیە بەگشتی یارییەكانمان ئەنجامەكانیان باش نەبوو .

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان