سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایدەگەیەنێت: دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعسی لەناوچوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، ئێستا چاوەڕێی دەركردنی بڕیار و رێنمایی حكومەتین بۆ گەڕانەوەی زەوی و موڵك و ماڵی جووتیارانی كورد و توركمان.
لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەن، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە (3) كە تایبەتە بە گەڕانەوەی موڵك و ماڵ و زەویی جووتیارانی كورد لە كەركوك و قەزاو ناحیەكان، لە ئێستادا لیژنەیەك بەسەرۆكایەتیی وەزارەتی دادی عیراق و ئەندامێتیی دیوانی چاودێریی دارایی و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ پێکهێنراوە، ئەم كارەش پێویستی بەوەیە كە رێنمایی بۆ دەربكرێت و دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا رێنماییەكان جێبەجێ بكرێن بۆ گەڕانەوەی زەوییە داگیركراوەكان كە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە كێشەی جووتیاران بۆ 50 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر جووتیاران و داوایان لێدەكەین كە ماوەیەكیش چاوەڕوان بن، بۆ ئەوەی رێنمایی وردی بۆ دەربكرێت تاكو جارێكی دیكە رووبەڕووی ئەو داگیركارییە نەبنەوە.
باسی لەوەشكرد ئەگەر ریزبەندی بۆ زەویوزاری جووتیارانی كەركوك بكەین، ئەوا دابەش دەبنە سێ بەشەوە، بۆ نموونە هەندێك زەویوزار هەیە كێشەی لەسەر نییەو هەندێكیش بڕیاری قیادەی سەورەی لەسەرە، بەڵام بەدەستی كوردەوەیە كە لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە گەڕاونەتەوە سەر زەوییەكانیان و كێشەی ئەوتۆی نییە، بەڵام ئەو زەوییانەی كە كێشە نەتەوەییەكانی وەكو كوردو عەرەب، توركمان و عەرەب لە خۆ دەگرێت ئەوە پێویست دەكات چارەسەرێكی ریشەیی بۆ بكرێت ئەویش بە یاسا، بۆیە لێرەوە جووتیاران دڵنیا دەكەینەوە كە وەكو ئەنجومەن پاڵپشتی تەواویان دەبین.
هێمن ئەحمەد