ئۆڵۆمپی كوردستان و گندۆرە!

10:50 - 2023-10-02
وەرزش
249 جار خوێندراوەتەوە

لە 20/7/1995 – ەوە لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان دامەزراوە، ئێستا  28 ساڵ تەمەنیەتی، باشم لەبیرە سەرەتای دامەزراندنی هەموو دەیانگوت: لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان كورد دەگەیەنێتە لووتكەی كۆڕبەندی وەرزشیی جیهانی، دەبێتە پێناسەی وەرزشی كوردی، ئێمە دەبێت ئەم ڕۆژە بە رۆژێكی پڕشنگدار بزانین لە بزاڤی وەرزشی كوردیدا، كەچی ئێستا لێی هەڵگەڕاوینەتەوە و بە زیادی دەزانین!.
گەر بپرسین لەماوەی ئەم (28) ساڵەدا یاریزانێكیان بۆ كێبڕكێیەكانی ئۆڵۆمپی جیهان ناردووە؟ نەخێر، فێرگەیەك و راستاڵێكی وەرزشیتان دروستكرد؟ بێگومان نەخێر، تەنانەت لەسەردەمی خێر و بەرەكەتیشدا نەیان توانی بارەگایەك بۆ خۆیان دروست بكەن و لە دەردی كرێچێتی رزگارتان بێت، دەڵێن بزن بۆ یەك شەو جێی خۆی خۆش دەكات.
بڕوا بكەن من نەمگوتووە ئۆڵۆمپی كوردستان زیادەیە و زیانبەخشە، نەشم گوتووە لووتكەی وەرزشی كوردییە، هەرخۆتان ئەمەتان لە لێدوانەكانی كەناڵەكانی راگەیاندندا گوتووە، بڕۆنەوە سەر ئەرشیفی ئۆڵۆمپی كوردستان، ئێستا خۆتان گوتەنی سەردەمی خێرو بەرەكەت رۆیشت، سەردەمەكانی داعش و قەیران و كێشە و قات و قڕی دەستی پێكردووە و ئۆڵۆمپی كوردستانیش لە چاودێری چڕە و تەنها ماوە دڵە پڕ لە خۆشییەكانی سەردەمی خۆی بوەستێ و ماڵئاوایی لەداخی ئێستای ئیفلیجی بكات.
لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان نیوەی لێپرسراوەکانی باوەڕیان پێیەتی ونیوەكەی تریان نەخێر، هێندێکیان لە كۆبوونەوەكانی ئۆڵۆمپی كوردستاندا فریشتەن و بڕوایان پێیەتی، لەدەرەوەی ئۆڵۆمپیش بە شتێكی زیاد و زیانبەخشی دەزانن، بۆ میوانداریش لە ئۆڵۆمپی عیراق هەردوو نیوەكە فەرشی سووریان بۆ رادەخەن.
لەهەولێر پەندێكی كوردی هەیە دەڵێ: هەتا گندۆرە گندۆرە بوو خزممان  گەلەك زۆر بوو، گندۆرە هاتە بڕانێ خزم هاتە قڕانێ!، ئێستا گندۆرە نەما، ئیتر یەكتر دەكەین بە نیشانەی كوێرانە، ئۆڵۆمپی كوردستانیش دوای ئەم (28) ساڵە خۆیان زیندەبەچاڵیان كردووە و خۆشیان لێی بێ ساحێب كردووە، تەمەننام دەكرد لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان تەنها بۆ (5) دەقیقە زمانی هەبوایە و قسە بكردایە!، چونكە ئەم (28) ساڵەی ئۆڵۆمپی كوردستان یان خۆڵتان لەچاوی خەڵك كردووە و ئۆڵۆمپی تەنها ناو بووە، یاخود دەتانەوێ شتێكی تر لە بری ئۆڵۆمپی كوردستان بێننە كایەوە و بەداهێنان و زیرەكی دەستكرد ناوی ببەن، یان ئۆڵۆمپی كوردستان بوونی گرنگ بووە و خەڵكانێك كار بۆ تێكدانی دەکەن، لەكۆتاییدا دەپرسم لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان گەر لەسەرەتاوە هەر نەبوایە چی دەبوو، ئێستا كە (28) ساڵ تەمەنییەتی چی بووە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان