قوباد تاڵەبانی: دڵنیام یەكێتی لە دوای كۆنگرەی پێنجەوە، دەتوانێت لە ئاست چاوەڕوانییەكاندا بێت

11:21 - 2023-10-02
کوردستان
862 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی كۆتاییهاتنی سەركەوتووانەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵان و تێكۆشەرانی یەكێتی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی دەكەم.
پیرۆزبایی لە هەردوو هەڤاڵی تێكۆشەر، كاك كۆسرەت رەسوڵ و هێرۆخان دەكەم كە بە حەق لەلایەن كۆنگرەوە وەك سیمبولی باڵای یەكێتی دیاریكران.
پیرۆزبایی لە برا و هاوڕێ و سەرۆكم هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكەم كە بەكۆی دەنگ وەك سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێردرا.
پیرۆزبایی لە هەڤاڵ و برای تێكۆشەرمان كاك شێخ جەعفەر دەكەم كە وەك بەرپرسی ئەنجومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی هەڵبژێردرا.
پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵانی سەركردایەتی نوێی یەكێتی دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم لە بەڕێوەبردنی یەكێتی بەو جۆرەی كە لە ئاست چاوەڕوانی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بێت.
دەمەوێت لێرەوە، لە دڵەوە سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پێشوو بكەم، كە پێكەوە قۆناغێكی سەخت و راگوزەرمان تێپەڕاند.
جێی خۆیەتی سوپاسی یەك بەیەكی ئەندامانی كۆنگرە بكەم كە لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێوەیەكی ئازایانە و بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە بەشدارییەكی چڕوپڕ و كەموێنەیان كرد لە دەوڵەمەندكردنی پەیڕەو و پرۆگرام و راپۆرتەكانی كۆنگرە و جارێكی دیكە سەلماندیانەوە یەكێتی حزبی كادرانی پێگەیشتوو و تێگەیشتووە.
لەئەمڕۆ بەدواوە یەكێتی دەبێت ئەو یەكێتییە بێت كە چەندین ساڵە هەموو یەكێتییەكان و كوردستانییان ئاواتی بۆ دەخوازن. دەبێت ئەو یەكێتییە بێت كە شایستەی ئەو رووبارە خوێن و فرمێسكە بێت لەپێناویدا رژاوە. دەبێت ئەو یەكێتییە بێت وەك چۆن هیوا و ئومێدی خەڵكی ستەملێكراوی كوردستان بوو، ببێتەوە بە هیوای و ئومێد و پشتوپەنای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و متمانە بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە. دەبێت ئەو یەكێتییە بێت سیاسەت و حوكمڕانی لە كوردستان و عیراق بخاتەوە سەر راستەڕێی خۆی.
كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی؛ كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بوو. سەركەوتوو بوو لەوەدا كە خوێنی تازە و گەنجان و ژنانی بە رێژەیەكی باش هێنایە ناوەندی بڕیاردانەوە و بەمەش دەرگای هیوای بەڕووی كادر و ئەندامانی یەكێتیدا كردەوە، كە ئەگەر چالاكتربن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا، دەتوانن خۆیان لە بەرزترین ئاستی بڕیاردانی یەكێتیدا ببیننەوە. سەركەوتوو بوو لەوەدا كە یەكێتییە دڵسۆزەكان پەراوێزناخرێن و هەموومان پێكەوە بڕیارمانداوە خزمەتكاری هاووڵاتییان بین بێ جیاوازی ناوچەیی و ئینتیمای حزبی و ئایینی. سەركەوتوو بوو لە داڕشتنی بناغەیەكی پتەو بۆ سیاسەتی یەكێتی لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و نێودەوڵەتیدا.
ئێستا هەموان چاودێریی هەنگاوەكانی یەكێتی دوای كۆنگرەی پێنج دەكەن. هەربۆیە بەرپرسیارێتیی سەركردایەتیی نوێی یەكێتی لە هەموو كات قورسترە و دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵكدابن. دڵنیام یەكێتی لە دوای كۆنگرەی پێنجەوە، بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، دەتوانێت لە ئاست چاوەڕوانییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەندامان و جەماوەری یەكێتیدا بێت. دڵنیام یەكێتی لەمەودوا بە سەركەوتنی گەورەتر رۆحی سەرۆك مام جەلال و شەهیدەكانمان شاد دەكات و سەری كەسوكاری شەهیدان و هەڤاڵان و ئەندامانی یەكێتی بەرزتر دەكاتەوە.

قوباد تاڵەبانی

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان