ژمارە سفری بڵاوکراوەی خەڵات (Xelat) بڵاودەکرێتەوە کە خەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە شێوەزاری کرمانجی و پیتی لاتینی و خەڵاتی مەکتەبی راگەیاندنە بۆ کوردی کرمانجی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا.
ژمارەی سفری ئەو بڵاوکراوەیە 36 لاپەڕەی رەنگاوڕەنگە کە چەندین بابەتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رووناکبیری و هونەریی لەخۆگرتووە. لەوانە پەیامی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ کۆنگرەی لۆزان لە رۆژئاڤای کوردستان و چەند و وتار و بابەتێکی تر هەر لەبارەی ئەو کۆنگرەیەی رۆژئاڤای کوردستانەوە. سەرۆک بافڵ لە پەیامەکەیدا دەڵێت، پێکەوە بۆ کوردستانی مەزن خەبات دەکەین.
هەروەها چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عومەر شێخموس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تیایدا دەڵێت، وتەی کورد دۆستی نییە جگە لە چیاکان، وتەیەکی راست نییە.
هەر لە لاپەڕەکانی ژمارەی سفری (Xelat) دا چەند بابەتێکی تر بڵاوکراوەتەوە لەوانە، سلێمانی، باژێڕی کوردەواری و رۆشنبیری. مام جەلال لە شام. لە ئەرشیفی ئەدەبیاتی جینۆسایدەوە. کۆنفرانسی 100 ساڵەی کوردستانی سوور لە سلێمانی. چاوپێکەوتن لەگەڵ ئینا خانم، خانمە ئەکتەری کوردی جۆرجیا و چەندین بابەتی دیکە.