بایکۆت، داوای رەوای مامۆستایان و پێشێلکردنی مافی خوێندکاران

10:06 - 2023-10-05
ڕاپۆرت
518 جار خوێندراوەتەوە
خۆپیشاندانی مامۆستایان

راپۆرتی/ جێگر خدر

دوو هەفتەیە ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەستی پێکردووە و لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیانیش مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، وەزارەتی پەرورەدە داوای هەرچی زووترە دەستپێکردنی خوێندن دەکات لەو ناوچانە و مامۆستایانیش سوورن لەسەر بایکۆت بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لە وادەی خۆیدا و داوای بە زوویی دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ دەکەن، ئەوەی لەم نێوەندەدا هاوشانی    مامۆستایان قوربانییە، خوێندکارانن.
کەسوکاری خوێندکاران  پاڵپشتی مامۆستایانن
دوو لە منداڵەکانی، پۆلی سێ و پێنجی بنەڕەتین و لە یەکێک لە قوتابخانە حکومییەکانی قەزای رانیە دەخوێنن، بەڵام بایکۆتی سەرەتای ئەمساڵی مامۆستایان، منداڵەکانی بێبەش کردووە لە خوێندن، لەکاتێکدا هاوڕێیانی منداڵەکانی ئەو لەبەرئەوەی لە قوتابخانەی کەرتی تایبەت دەخوێنن لەگەڵ وانەکانیان بەردەوامن. کوردە حسێن سێ منداڵی ناردووەتە بەر خوێندن، دوانیان لە خوێندنگەی حکومین و کچێکیشی خوێندکاری پەیمانگەیەکی کەرتی تایبەتە ئەو دەڵێت، بۆخۆم پۆلیسم و مووچەم دوادەکەوێت، هەرچۆنێک بووە کچە گەورەکەم ناردووەتە پەیمانگەیەکی ئەهلی، بەڵام توانای ئەوەم نییە منداڵەکانی دیکەم بنێرمە خوێندنگەی ئەهلی، قوتابخانە حکومییەکانیش دەوامیان تێدا راگیراوە، مامۆستایانیش مافی رەوای خۆیانە، چونکە لە بەرامبەر ئەرکدا داوای مافی خۆیان دەکەن و حکومەتیش نایانداتێ، لەم نێوەندەشدا منداڵی من و هەزاران منداڵی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی و زەرەریان کردووە.
مامۆستایان هاوسۆزی خوێندکارەکانیانن 
ژوان حەسەن مامۆستایە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنی کردووە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەگەرچی وەک منداڵی خۆی پەرۆشی خوێندکارەکانیەتی کە ناچێتەوە بۆ سەر ئەرکەکەی و بە زیان بۆ سەر ئەوان دەشکێتەوە، بەڵام رەوایەتی بەخۆی دەدات و دەڵێت، لەبەرامبەر ئەرکدا ماف هەیە، ئێمە ئەرکی خۆمان بەباشی جێبەجێ دەکەین و حکومەت مافمان پێنادات، دەبێت لایەنی بەرپرس ئاوڕ لە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان بداتەوە، دەشڵێت، مامۆستایان ئەگەر بایکۆیتیش نەکەن، بێگومان بەبژێوی خراپەوە لەڕووی دەروونیەوە تێکدەشکێن و ناتوانن ئەرکەکانیان بەباشی رایی بکەن، مامۆستایەک بیری لای نان، شیر و پێداویستی ماڵ و منداڵەکەی بێت، بشچێتە هۆڵی خوێندنەوە ناتوانێت ئەرکی وەک پێویست رایی بکات.
لە کەرتی تایبەت دەوام ئاساییە 
مامۆستایانی میلاک، گرێبەست و وانەبێژ لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، ئەوان لە بەرامبەر پێنەدانی مووچەکانیان ئەو هەڵوێستەیان راگەیاندووە، لەکاتێکدا خوێندنگە ئەهلییەکان و ئەوانەی کەرتی تایبەت بەردەوامن لە خوێندن، کوردە باوکی ئەو دوو منداڵە و باس لەوە دەکات، هاوڕێی منداڵەکانی لە کەرتی تایبەت دەخوێنن و لەم رۆژانەدا یەکێک لە منداڵەکانی داوای لێکردووە هاوشێوەی هاوڕێکەی بینێرێتە خوێندنگەی ئەهلی، بەڵام ئەو لە توانایدا نییە و چاوەڕێی کردنەوەی دەرگای قوتابخانە حکومییەکانە.
زیان بەتوانستی زانستیی  خوێندکار دەکەوێت
لەلایەکی دیکەوە، کەمی ماوەی خوێندن و پێڕانەگەیشتن بە تەواوکردنی وانەکانیان، کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر ئایندەی ئەو خوێندکارانە دروست دەکات. جوامێر سەرکەوت مامۆستای زانکۆیە لەوبارەیەوە دەڵێت، بایکۆتی ساڵانی پێشوو ئەوەی بۆ روون کردوینەتەوە ئەو خوێندکارانەی دێنە زانکۆ بەئاستێکی نزمتری زانستییەوە دێن، بایکۆت و تەواونەکردنی وانەکان لێکەوتەی خراپی بۆ سەر خوێندکاران دەبێت، بەتایبەت کە دێنە زانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە تەواوی ئەو بابەت و وانانە تەواو بکرێن و خوێندکار بە تەواوی ئامادەبێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو گیروگرفتە داراییانەی دێنە پێش، کەرتی پەروەردە باجەکەی دەدات، کە دواتر هەموو کۆمەڵگە دەبێت باجەکەی بدات، چونکە لە پەروەردەوە هەموو سێکتەرەکانی دیکە پێدەگەن و دەبوژێنەوە، لە ئەگەری زیان بەرکەوتنی، زیان بەکۆی بوارەکانی دیکە دەگات.
مووچە تێکەڵ بە سیاسەت نەکرێت
ئەو مامۆستایەی زانکۆ داوا دەکات، پرسی مووچە بەتایبەت مووچەی پەروەردە و خوێندنی باڵا تێکەڵ بەپرسە سیاسییەکان نەکرێن، دەشڵێت، شادەماری زیندوێتی هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بە زیندوێتی کەرتی پەروەردەوە، بوونی جیاوازی لەنێوان خوێندنی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیش جیاوازی چینایەتی دروست دەکات و بۆ ئایندەی کۆمەڵگەکەمان بەخراپ دەشکێتەوە.

# پەروەردە

بابەتە پەیوەندیدارەکان