ئەو وەرزشكارانەی جلوبەرگی سەربازییان پۆشیوە

10:41 - 2022-03-24
وەرزش
439 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر
ئەو جەنگەی روسیا دژی ئۆكراین دەستیپێكردوە وەرزش و وەرزشكارانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردوە و رۆژنامە و پێگە وەرزشیەكانیش رۆژانە هەواڵ و پێشهاتی نوێی لەسەر بڵاودەكەنەوە بەتایبەت هەڵوێستی وەرزشكاران لەسەر جەنگەكە و سزاكانی سەر روسیا وەك ئەوەی ئەمە یەكەم جەنگ بێت لەماوەی ساڵانی رابردوو رووی دابێت.
لە رۆژەكانی سەرەتای جەنگەكەشەوە چەندین وەرزشكاری ئۆكرانی هەڵوێست و هاوخەمی خۆیان بۆ وڵاتەكەیان نیشاندا و بەشێكیشیان ئامادەیی خۆیان دەربڕی وەكو سەرباز دژی روسیا بجەنگن لەسەرو هەمووشیانەوە سێرجی ستاخۆڤسكی ئەستێرەی تێنسی سەرزەوی كە رایگەیاند پەیوەندی بە سوپای یەدەگی وڵاتەكەی كردوە بۆ ئەوەی لە جەنگدا بەشداری بكات و ڤلایدیمیر كلیچكۆی پاڵەوانێتی پێشووی جیهانی بۆكسێنیش ئامادەیی خۆی دەربڕی ببێتە سەرباز.
بەهۆی ئەمەشەوە بەشێك لە رۆژنامە وەرزشییەكان بەدوای ئەرشیفی ئەو وەرزشكارانە گەڕاون كە پێش ستاخۆڤسكی درێسی وەرزشیان لابردوە و بوونە سەرباز لە سوپای وڵاتەكەیان و ناوی چەندین یاریزانیان ئاشكرا كردوە.
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی رۆژنامەكان زۆر باسی دۆخی سۆن هیۆن مینی ئەستێرەی دیاری تۆپی پێی یانەی تۆتنهام و هەڵبژاردەی كۆریای باشووریان كرد كە دەبوو ئەو یاریزانە ریزی یانەكەی جێبهێڵێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتی سەربازی بكات كە ئەمە كاریگەری گەورەی لەسەر كاروانی وەرزشی ئەو یاریزانە دروست دەكرد.
سۆن هیۆن مین رێگە چارەیەكی زیرەكانەی دۆزیەوە بۆ ئەوەی خۆی لە خزمەتی سەربازی رزگاربكات ئەویش پەیوەندی كردن بوو بە هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی بۆ ئەوەی بەشداری لە یارییە وەرزشیەكانی ئاسیا بكات و دوای بردنەوەی میدالی ئاڵتونیش سۆن لە خزمەتی سەربازی بەخشرا و تەنها بۆ ماوەی سێ هەفتە بوو بە سەرباز.
سۆن وەستانی یارییەكانی پریمەرلیگی لە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆنا بەهەل زانی بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە خزمەتی سەربازی بكات لە وڵاتەكەی و پەیوەندی بە سوپای وڵاتەكەی كرد كە لە ناو 157 سەرباز پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا و بە بڕوانامەی باشترین لە سوپا هاتە دەرەوەو دواتریش رایگەیاند زۆر دڵخۆش بووە بەو هەنگاوەو لە چەندین رووەوە ئەزمونی نوێی پەیدا كردوە.
لە ئیتاڵیاش لەماوەی ساڵانی پێشوو چەندین یاریزانی تۆپی پێ بوونەتە سەرباز و خزمەتی سەربازیان كردوە لە نێوانیاندا جیانلوكا ڤیالی و ئەلیساندرۆ دیل پیرۆ و فابیۆ كاناڤارۆ و چەندانی تر.
ڤیالی ساڵی 1987 بەشداری لە مۆندیالی سەبازی كردوەو لەگەڵ ئیتاڵیا بۆتە پاڵەوان كە ئەو كات لە ماوەی خزمەتی سەربازی بووە.
لە ساڵی 1988یش پاولۆ مالدینی و رۆبەرتۆ مانچینی بەیەكەو خزمەتی سەربازیان كردوە و لەهەمان ماوەش رۆبەرتۆ باجیۆ خزمەتی سەربازی كردوە و هەریەك لە ماركۆ دیلڤیكۆ و دیل پیرۆ و كاناڤارۆش لە ماوەی ساڵی 1995 بۆ 1996 بەیەكەوە چون بۆ خزمەتی سەربازی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خزمەتی سەربازی تا ساڵی 2004 لە ئیتاڵیا ناچاری بووە.
دوور لە تۆپی پێش چەندین وەرزشكاری تریش چوون بۆ خزمەتی سەربازی لە وڵاتەكەیان كە دیارترینیان بات تیلمانی ئەستێرەی تۆپی پێی ئەمریكی بوو كە ساڵی 2001 پەیوەندی بە سوپاسی ئەمریكاوە كرد.
تیلمان دوای رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر بڕیاری دا واز لە وەرزشەكەی بهێنێت و پەیوەندی بە سوپای ئەمریكاوە كرد كە بەشداری جەنگی ئەفغانستان و عێراقی كردوەو هەر لە میانی خزمەتی سەربازیش بەهەڵە گوللەیەكی سوپای وڵاتەكەی بەردەكەوێت و گیان لەدەستدا، ئەمەش لە میانی ئەركێك كە رزگاركردنی چەند بارمتیەك بووە.
مردنی ئەو ئەستێرەیە بەو شێوەیە هەرایەكی گەورەی لە ئەمریكا نایەوەو دوای مردنیشی ساڵانە خەڵاتێكی رێزلێنان دەبەخشرێتە دیارترین كەسایەتیە جیهانیەكان كە دواین جار ماركۆس راشفۆرد بەهۆی كارە مرۆییەكانی خەڵاتەكەی پێدرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان