چەند رێگایەک بۆ بەرزکردنەوەی فریکوێنسی مرۆڤ

11:12 - 2022-05-19
کەلتور
995 جار خوێندراوەتەوە

گرەیس بینگ
لە ئینگلیزییەوە: دییە شۆیلان
لە هەر دوو روانگەی عیرفانی و زانستیەوە مرۆڤ لە چوار ئاستی وزە پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە ئاستی فیزیکی، زەینی، هەستی و رۆحی. هەر یەکێک لەمانە لەسەر ئاستێکی فریکوێنسی شەپۆل  دەدەن و هەموویان پێکەوە بوون پێکدەهێنن.
بە نمونە ئەگەر تۆ رۆژانە بە هەستێکی خۆش و ئەرێنییەوە لە خەو هەستیت ئەوە یانی تۆ لەسەر ئاستێکی بەرزی فریکوێنسیت، و پێچەوانەکەشی راستە، ئەگەر تۆ رۆژانە بە هەستێکی ناخۆش و نەرێنییەوە لەخەو هەستیت و هەست بە تەمبەڵی  و ناخۆشی بکەیت ئەوە تۆ لەسەر فریکوێنسێکی نزمیت.
کاتێک ئێمە بتوانین لەسەر فریکوێنسیەکی بەرز بمێنینەوە ئەوا هەست توانایی خۆمان دەکەین و کاروبارەکانمان بە ئاسانی دێنە پێشەوە و هەست بە سوکی و چالاکی دەکەین.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وا راهاتوین کە چەند خوەیەک پەرەپێبدەین  بۆ راکردن لە ناخۆشی و ترس و سترێس وەک خواردنی ناتەندروست، زۆر بەکارهێنانی خواردنەوە ئەلکۆڵییەکان، زۆر سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن و کارکرنی زۆر بە بێ بوونی ژیانێکی باڵانس بۆ کار کردن و پشوودان.
بە تێپەربوونی کات ئەم خوانە  فریکوێنسی ئێمە دادەبەزێنن و بێ هێز و بێ ئیرادەمان دەکەن لە ئەنجامدا وا هەست دەکەین  بێ ئامانج  و بێ ئەنجام  لە بازنەیەکدا بە دەری خۆماندا دەخولێینەوە.
کەواتە چۆن بتوانین فریکوێنسیمان بەرز بکەینەوە؟
ئەمانە چەند خاڵێکن بۆ بەرز کردنەوەی فریکوێنسیمان و هەست کردن بە ئارامی و خۆشی و دوورکەوتنەوە لە نەخۆشی و ناخۆشی.
یەکەم: تێرامان (مێدیتەیشن)
تێرامان وامان لێدەکات کە بەئاگا بێینەوە لە بیرکردنەوە و هەستەکانمان و لە ئەنجامدا بتوانین ئاسانتر کۆنترۆڵیان بکەین، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زەینمان ونبووە لە نێوان یادگارییەکانی رابردوو و ترس لە داهاتوو، ئەمەش وامان لێدەکات لە گرنگترین شت بێ ئاگا بین، ئەویش هەموو جوانییەکانی ساتی ئێستامانە. کاتێک بەردەوام بیر لەوە دەکەینەوە بۆ شتەکان روونادەن ئەوا ئێمە لە زەینماندا تەجروبەی شتێک دەکەین کە لە واقیعدا بوونی نیە، ئەمەش سترێس و دڵەراوکێ زیاتر دەکات. تێرامان فێرمان دەکات کە با ئاگابین لە ساتی ئێستامان و هەست بە ئارامی بکەین. کاتێک فێردەبین لە ساتی ئێستادا بژین بۆمان دەردەکەوێت کە ژیان تەنها ئەم ساتەیە و رابردوو و داهاتوو تەنها لە زەینماندا هەیە ئەوا فریکوێنسیمان بەرزدەبێتەوە.
دووهەم: سوپاسگوزاری
لەم ژیانە خێرایەی کە ئەمرۆ تێیداین، زۆربەی کاتەکان بیرمان دەچیتەوە کە سوپاسگوزار بین بۆ هەموو ئەو شتانەی کە هەمانە، کاتێک سوپاسی خۆمان دەردەبرین بۆ بچوکترین شتەکان، ئەوە وزەمان بەرزدەکەینەوە و هەستێکی خۆش لە دڵماندا دروست دەبێت، و لەهەمان کاتدا ترس و توڕەیی لە ئێمەدا کەم دەکاتەوە. خۆشی و ناخۆشی دوو هەستی پێچەوانەن لە ئێمەدا و لە یەکتری دوور دەکەونەوە، هەربۆیە مەحاڵە ئەم دوو هەستە لە یەک کاتدا تەجروبە بکەین، بۆیە هەر کاتێک هەستت بە ناخۆشی کرد ئەوا بیر لە شتێکی ئەرێنی ژیانت بکەرەوە و سوپاسگوزار بە، بەم شێوەیە فریکوێنسیت بەرزدەبێتەوە. پەرەپێدانی ئەم خوە وادەکات روانینت بۆ ژیان لە روانگەیەکی نەبونییەوە بگۆرێت بۆ روانگەی فراوانی.
سێیەم: بەخشین و هاوکاری  
یارمەتیدانی خەڵک و نواندنی نەرم و نیانی لەگەڵ دەوروبەرەکەمان، هەستێکی خۆش و ئارام لە ناخماندا دروست دەکات بە واتایەکی تر فریکوێنسیمان بەرزدەکاتەوە و بە پێچەوانەوە هەرکاتیک بەتەماع و بەغیل ببین وزەکانمان دادەبەزێت و هەست بە ناخۆشی دەکەین، وادەزانین خۆشی و ئارامی ئێمە پەیوەستە بە شتەکانی دەرەوەی خۆمان، هەمیشە هەست دەکەین کە شتێک کەمە و نەگەیشتوین بەو شتەی کە شایەنین. هەربۆیە بەخشین و هاوکاری کەسانی چواردەورمان وادەکات فراوانی رومان تێبکات هەرەوک وتراوە چی بچێنی ئەوە دەدوریتەوە ئەمە یاسایەکی گەردونییە. 
چوارەم: خۆ خۆشویستن
تێگەیشتن لەوەی خۆ خۆشویستن چیە وات لێدەکات کە بە باشترین شێوە گرنگی بە هەموو ئاستەکانی وزەمان بدەین، بە نمونە ئاگاداربوون لە جەستەی فیزیکیمان و دابین کردنی پێداویستییەکانی لە خۆراک و خەو، و جوڵەی پێوەست وا دەکات ئارام و تەندروست بین.
گرنگیدان بە هەستەکانمان و لایەنی دەرونیمان، فێربوونی ئەوەی بۆچی هەست بە شتێکی دیاریکراو دەکەین و پشتگوێ نەخستنی هەستە ناخۆشەکان و تێگەیشتن لێان وادەکات فریکوێنسیمان بەرز ببێتەوە.
پێنجەم: خواردنی تەندروست و پاککردنەوەی جەستە لە ژەهرەکان
بێئاگابوون لەوەی کە چی داخڵی جەستەمان دەبێت لە رێی خۆراکەوە یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی دابەزینی فریکوێنسی و هەست کردن بە نا ئارامی و ناخۆشی، پاککردنەوەی جەستە لە ژەهرەکان لە رێگای خواردنی خۆراکی تەندروست و بەتایبەت سەوزە و میوەکان، را‌هێنانەکانی یۆگا و راهێنانی هەناسە بە تایبەتی لەناو سروشت وادەکەن جەستەمان پاک ببنەوە لەو ماددە زیانبەخشانەی کە لە جەستەماندا هەن و بەمەش وزە و فریکوێنسیمان بەرزدەبیتەوە.
شەشەم: لێخۆشبوون
هەستەکانی وەکو رق و توڕەیی لە ئاستێکی زۆر نزمی فریکوێنسیدا شەپۆل دەدەن، بوونی ئەو هەستانە بەرامبەر کەسانی چواردەورمان یەکێکە لە رێگرەکانی بەردەم بەرزبوونەوی فریکوێنسی. لێخۆشبوون لەو کەسانەی کە ئازاریان داوین کارێکی ئاسان نییە، بەڵام گرنگە بۆ ئەوەی هەست بە ئارامی ناوەکی بکەین. لێخۆشبوون بە واتای ئەوە نییە کە رێگە بە چواردەورەکەمان بدەین کە سنورەکان تێبپەرێنن لەگەڵمان یاخود رێگە بدەین بەکارمان بهێنن بۆ مەرامی خۆیان، بەڵکو بە واتایەی کە رێگە نەدەین کە کردەوەکانیان کاریگەریەکی نێگەتیڤ دروستبکات لەسەرمان و ناخۆشمان بکات. 
حەوتەم:  با وزەی پۆزەتیڤ لە چواردەورت زۆر بێت
هەموو ئەو شتانەی رۆژانە بەرکەوتنمان لەگەڵی دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لەسەر فریکوێنسی ئێمە دادەنێن، بە نمونە ئەو کەسانەی بەردەوام گوێ لە هەواڵ دەگرن وە یان کەسانی نێگەتیڤ لە چواردەوریان زۆرە، بەشێوەیەکی نا ئاگایانە  ئەو وزەیە هەڵدەگرن و دەبن بە کاسانێکی نەرێنی و ناخۆش. بە پێچەوانەوە کاتێک کەسانی چواردەورت وزەیان بەرزە و و ئەرێنین یان گوێ لە ئاوازێک دەگریت کە دڵت خۆشدەکات ئەوا بەو شێوەیە وزە و فریکوێنسیت بەرز دەبێتەوە.
هەشتەم: بیرکردنەوەکانت با ئەرێنی بن
بیرکردنەوەکان وزەن کە لەسەر فریکوێنسیەکی دیاریکراو شەپۆلدەدەن لە ئێمەدا، هەتا زیاتر تەرکیز بخەینە سەریان، زیاتر رایاندەکێشین بۆخۆمان و دەبن بە واقع، هەر بۆیە گرنگە هەمیشە بەئاگابین لەوەی کە تەرکیزمان یاخود هۆشمان لەسەر کام بیرکردنەوە و بابەتانە رادەگرین، هەتا بیرکردنەوەکانمان ئەرێنیتر بن فریکوێنسیمان زیاتر بەرز دەبێتەوە و لە ئەنجامدا هەست بە خۆشی و ئارامی دەکەین.
سەرچاوە:
https://medium.com/@grace-being


بابەتە پەیوەندیدارەکان