راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
لەدوای رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەكانی قەزای حەمدانیەی سەر بەپارێزگای موسڵ كە زیاتر لە 100 هاووڵاتی بەهۆی ئاگركەوتنەوەكەوە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش برینداربوون، بەرگری شارستانی كەركوك لەسەر بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵمەتێكی فراوانی پشکنینیان بۆ سەر هۆڵ و ئەو شوێنانە دەستپێکردووە كە هاووڵاتیانی تێدا كۆدەبنەوە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بوونی سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی تیایاندا و سزادانی ئەو خاوەن شوێنانەی کە پابەندی مەرجەکانی بەرگری شارستانی نەبوون لە دروستکردنی هۆڵەکانیاندا.
زیاتر لە ساڵانی 70کانی سەدەی رابردووەوە ئاهەنگگێڕان لەناو هۆڵی داخراودا بووەتە باو و بەرگری شارستانی کەرکوک لە پشکنینەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە بەشێک لەهۆڵی بۆنە و ئاهەنگەکانی کەرکوک وەک پێویست مەرجەکانی سەلامەتییان تێدانییە و دەکرێت لە هەر حاڵەتێکدا کارەساتی لێ بکەوێتەوە.
هەڵمەتی چڕی پشکنین
رێبین عەلی گەنجێكی تەمەن 30 ساڵ دەڵێت، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەکاتی دروستکردنی هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەکان یان هەر شوێنێكی گشتیدا جدی بن لە چەسپاندن و جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکانی بەرگری شارستانیدا، لەبەرئەوەی ژیانی کۆمەڵێک خەڵکی پێوە بەندە و بەردەوام لێپێچینەوەیان هەبێت و سزای ئەو کەسانە بدەن کە پابەند نابن، تا رووداوەکەی حەمدانیە دووبارە نەبێتەوە.
قەیس عەبدولڕەزاق وتەبێژی بەرگری شارستانی كەركوك رایگەیاند، لە دوای رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی قەزای حەمدانیە، بەرگری شارستانی كەركوك هەڵمەتێكی فراوانی بۆ سەر ئەو هۆڵ و شوێنانە دەستپێکردووە کە ئاهەنگیان تێدا سازدەکرێت تا دڵنیابینەوە لە بوونی مەرجەکانی بەرگری شارستانی تیایاندا، بۆ ئەو مەبەستەش بەرگری شارستانی چەند تیمێكی شارەزای لەو بوارەدا پێكهێناوە و رۆژانە سەردانی ئەو هۆڵ و شوێنانە دەكەن كە هاووڵاتیان لێی كۆدەبنەوە و پشكنینی سەلامەتی بۆ دەكەن، بە پێچەوانەوە هەركەس پابەندی مەرج و رێنماییەكان نەبن دەستبەجێ شوێنەكە دادەخرێت و خاوەنەکەی سزا دەدرێت.
روونکردنەوەی مەرجەکانی سەلامەتی
وتیشی، بەرگری شارستانی لیستی رێنمایی و مەرجەكانی سەلامەتی بۆ گشت لایەك روونكردووەتەوە و دەبێت جێبەجێی بكەن، جگە لەوەش تیمێكی تایبەتمان بۆ قوتابخانەكان پێكهێناوە و سەردانی دەكەن بۆ دڵنیایی لە هەبوونی مەرجەكانی پاراستنی گیانی قوتابیان و لەدوای سەردانی تیمەكانی بەرگری شارستانی و پێدانی رێنمایی هەر رووداوێكی نەخوازراو روو بدات خۆیان بەرپرسیار دەبن.
مادەی 44 لەساڵی 2013 دەرچووە، بەرگری شارستانی بۆی نییە راستەوخۆ ئەو شوێنە دابخات كە مەرج و رێنماییەكانی سەلامەتی جێبەجێ نەكردووە، بەڵام لە نووسراوەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا دەسەڵات دراوەتە فەرماندەی پۆلیس هەر شوێنێك مەرجەكانی بەرگری شارستانی تێدا نەبێت راستەوخۆ دایبخات و سزای مادی قورس بەسەر خاوەن شوێنەكەدا بسەپێنێت.
وتەبێژی بەرگری شارستانی كەركوك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەكاتی دروستكردنی هۆڵ یان باڵەخانە یان شوێنێكی گشتیدا بەرگری شارستانی لێ ئاگادار ناكرێت و كاتێك سەردانی ئێمە دەكەن تەلار یان باڵەخانەكە تەواو بووە، چونكە هاوئاهەنگی لە نێوان فەرمانگەی وەربەرهێنان و بەرگری شارستانیدا نییە، بەڵام ئەگەر بێت و پێش دروستكردنی باڵەخانەكە سەردانی بەرگری شارستانی بكەن ئێمە شوێن و مەرجەكانی سەلامەتی لە باڵەخانەكەدا دیاری دەكەین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، بەڵام بەداخەوە كاتێك سەردانی ئێمە دەكەن باڵەخانەكە تەواو بووە، بۆیە پێویستە لە پەرلەمان مادەی (44)ی دەستوری عیراق هەموار بکرێتەوە و ئەوەی تێدا بچەسپێنرێت کە پێش دروستکردنی بیناکە تەنسیقیان لەگەڵ ئێمە هەبێت.
رێنمایی ئامادەکردن و هەڵگرتنی خواردن
سامان یابەعەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك رایگەیاند، لەمساڵدا چوار حاڵەتی ژەهراوی بوون لە هۆڵی ئاهەنگەكاندا روویانداوە ئەویش بەهۆی خواردنی ماوە بەسەرچوو یان تێكچوو.
وتیشی، فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بەردەوام هەڵمەتی پشکنینی بۆ هۆڵی ئاهەنگەکان هەیە و رێنمایی دەربارەی ئامادەکردن و هەڵگرتنی خواردن و خواردەمەنییەکان دەداتە ئەو ستافەی کاری تێدا دەکەن و رێگری بکەن لەوەی هاووڵاتیان خۆیان لە دەرەوە خواردن بهێننە ناو هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەکان، لەبەرئەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو رووبدات خاوەن هۆڵەكە بەرپرسیار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە هەندێكجار دۆخەکە لە كۆنترۆڵی خاوەن هۆڵەكان دەردەچێت و خەڵك خۆی سەرپەرشتی دەكات و ئەمەش رووداوی دڵتەزێنی لێدەكەوێتەوە، لەبەرئەوەی خواردنەكە چەند سەعاتێك پێش دەستپێكردنی ئاهەنگەکە ئامادەكراون و هاووڵاتیانیش لەگەڵ دەزگا تەندروستییەكان کەمتەرخەمن بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكان و بایەخ بە پاك و خاوێنی نادەن.