بەكر بۆسکێنی شەهیدی گەردەلوولی تۆڵە

10:29 - 2023-10-09
ڕاپۆرت
497 جار خوێندراوەتەوە

جەستەی مرۆڤ مارومێروو دەیخوا و خاك دەیڕزێنێ، ناو و ناوبانگی باش بۆ هەمیشە دەمێنێ، كاتێ هاتیە دونیاوە تۆ دەگریای و ئەوانی تر پێدەكەنین، جورێك بژی كاتێك رۆیشتی هەمووان بۆت بگرین، سەرنجڕادەكێشێ لەدنیا هەرچی جوان و رازاوەیە، حكیمەتی رۆژگارە گەنجینە لە كەلاوەیە، ژیان مێرگێكی نەخشین و رەنگاوڕەنگ و رازاوەیە، تێگەیشتنی سەختە، لەگەڵ خۆشی و ئازار و خەم ئاوێتەیە، كۆتا مەنزڵی ژیان گەیشتن بەمردنە، هیچ شتێك ئەستەم نیە، كۆڵنەدان هۆی سەركەوتنە، زنجیرەی هەوراز و نشێو سەركەوتن و شكستە، داهێنانی شكۆ و پیاوەتی و حاتەمی هەستە، نیشتمان پیرۆزە، خۆشەویستە زێد و شوێن، زۆر بەهرەمەندی شیاوی پێگەیاند بۆسكێن، وەك ئەوان بەكر ئیبراهیم ساڵح بۆسکێنی بێ چەندوچوون، لەو هەوار و هێلانە پڕ سۆزە هاتەبوون، ساڵی 1968 كەوتە سەر بێشكە و باوەشی گەرمی دایكی، لەكێشە و چەرمەسەری دنیا هیچ نەبوو باكی، بەهۆی مردنی باوكی و ئەركی ماڵ و كێشەی دنیاوە، سەرەتایی خوێند و پرۆسەی خوێندنی بۆ تەواو نەكراوە.
ئازا و قارەمان و بە ورە و ترس لە جەستەیدا نەبوو، خۆڕاگر و دڵسۆز  و بەهیمەت خراپە لە هەستیدا نەبوو، لە ساڵی1983 لە تیپی 99ی بیتوێن دەبێتە پێشمەرگە، لەبەر هەستی بەرزی نیشتمانی لە خەیاڵدا دەكەوێتە مەلە، رەنج و ئەركی پێشمەرگە هەتوانی برینی گەلە، دڵسۆزانە دەچووە پێش لە مەیدانی تێكۆشان، ساڵی 1985 بەسەختی برینداربوو لە قولەی كانی ماران، ئومێدی ژینی نەما لەبەر سەختی برین و ئازاری، لەسەر بڕیاری شۆڕش هێنرایەوە نێوشار بەناچاری، لە رێگەی تایبەت و بەنهێنی لەژێر ناوێكی تر بەڕێكرا، لە بەغدا زۆر بەسەختی چارەسەری بۆ كرا، لە نەخۆشخانەی رەشید نێردرایە بەغدا، بۆ هەمیشە ددان و روومەت و چاوێكی لەدەستدا، هەتا مرد شوێنەواری پێوە مابوو، وەك هێما و میداڵی شەرەف لەبەرۆكی درابوو، بەڵام دووبارە چرای ژیانی تروسكایی داگیرسایەوە، جارێكی دیكە هەلی ژیانی بۆ رەخسایەوە، لەدوای ژیانی دایك و خوشك و براكانی عەوداڵ بوو، لاوێكی بەشكۆ و بۆ ژیان تامەزرۆ و خۆش خەیاڵ بوو، بەكاتی لە پێشمەرگایەتی دابڕا و دانەبڕا لەخەبات، بۆ هاوكاری رێكخستنی ناوشار زۆر كاری لەدەست هات.
خزمەتی گەورەی بەشۆڕش كرد، چەندان جار خواردن و پێویستیەكانی پێشمەرگەی هێناوبرد، جارێك كاوەی مام قادر داوای ئۆتۆمبیلی لێم كرد، كاك بەكرم راسپارد هیچ درێغی نەكرد، مخابن لەسەر قایغەكەی دەربەند لەلایەن ئینزباتەكانی فرقەی 24 گیرا، ئەزیەتی زۆری بینی، بەهەوڵی خەڵكانی دڵسۆز ئازادكرا، رەخنە و گلەیی نەكرد بڵێ ئیتر نابێ، مەردی بەغیرەت هەردەبێ وابێ، دواتریش لە هاوكاری شۆڕش جەسوورتربوو، رۆژ بە رۆژ لەسەر باوەڕی سوورتربوو، لاوێكی بەئیرادە بوو وەسف ناكرێ، پەسندی ئەو بەزمان نادرێ.
لە راپەڕینی 5/3/1991 لە رانیە بەشداری كارای كردووە، بۆسەر دامودەزگاكانی بەعس هەڵمەتی شێرانەی بردووە، لە شانە چەكدارەكانی 444ی بروسك، بۆ ئارامی دڵی دایكانی شەهید و سوكنایی برین و فرمێسك، لە ئازادكردنی شارەكانی تر نەوەستان، تا رزگاركردنی كەركوكی قودسی كوردستان، دواتریش وەك لێپرسراوی تیپی 31ی هێزی 9ی پشدەر، لەگەڵ ئیرادە و بوێری بەجێیهێشت كەسەر، قارەمانیەتی زۆری نواند لە تیپی 12ی لەشكری 8ی بیتوێن، بوونە یادگاری ئەو رۆژانە چەند بەسوێن.
لە هەڵمەتی گەردەلولی تۆڵەدا بەبیروباوەڕ و خۆڕاگری،  كەوتە شەڕێكی سەخت و نێو بڵێسەی ئاگری، لە پێناوی بەرژەوەندی گەل و پاراستنی نیشتمان، گیانی شیرینی گەیشتە كاروانی نەمران، لەسەر جادەی دۆڵی خەلەكان لەكانی مازوو، لە 10/10/1996 رۆحی پاك و شیرینی بۆ ئاسمان چوو، مرۆڤ هەر دەڕوا و جێدێڵێ خۆشی و سەروەت و ژیانی، گرنگ ئەوەیە دوای خۆی جێ بێڵێ بەرزی ناو و نیشانی.

رەسوڵ بۆسكێنی

بابەتە پەیوەندیدارەکان