شەهید ئەحمەد زهێری، پزیسكێكی شۆڕشی نوێ

10:32 - 2023-10-09
ڕاپۆرت
480 جار خوێندراوەتەوە

پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕشی نوێ و هەڤاڵێكی یەكەم مەفرەزەی بادینانە، ناوی تەواوی ئەحمەد ئەرجەف خالیدە و ناسراوە بە ئەحمەد زهێری، لە دایكبووی ساڵی 1958ی گوندی (محەمەدڕەبەن)ی ناحیەی زوماری سەر بە پارێزگای موسڵ، لە  عەشیرەتی زهێری-یە.
لە شۆڕشی ئەیلودا بۆتە پێشمەرگە و تا نسكۆی 1975 بەردەوام بووە.
لە سەروبەندی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سوریا، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی بەنهێنی روویان لە سوریا كردووە و لە شاری قامشلۆی رۆژئاڤای كوردستان پەیوەندیان بە رێكخستنەكانی یەكێتیەوە كردووە.
لە ساڵی 1976دا لەگەڵ شەهید ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێكانی، بە بڕیاری سەركردایەتی یەكێتی دەچنە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆ ئەنجامدانی خولی راهێنانی سەربازی لە سەربازگەی تـلمەنین، دوای تەواوكردنی خولەكە دەگەڕێنەوە بۆ قامیشلۆ، پاشان بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری، مەفرەزەیەكیان لێ دروست دەكرێت و بە سەرپەرشتی شەهید ئیبراهیم عەزۆ، لە خاكی رۆژئاڤای كوردستان و جەزیرەی بۆتانەوە دەگەڕێنەوە باشووری كوردستان و لە دەڤەری بادینان دەگیرسێنەوە.
ئەو پۆلە پێشمەرگەیە لە دەڤەری بادینان بە مەبەستی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ بە پارتیزانی دەست بە چالاكی و گەیاندی پەیامەكانی شۆڕش دەكەن.
بە ماوەیەكی كەم توانیان لە ناوچە جیاوازەكانی بادینان مژدەی دەستپێكردنەوەی شۆڕش بگەیەنن بە خەڵكی ناوچەكان، ئیتر وردە وردە بڵێسەی شۆڕشی نوێ هەموو كوردستانی باشووری گرتەوە و دەنگوباسەكان لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بڵاوبوونەوە.
شەهید ئەحمەد ئەرجەف یەكێك لە پێشمەرگە چاونەترسەكانی ئەو مەفرەزەیە بوو، كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕ و چالاك، گەنجێكی قسەخۆش و سەرنجڕاكێش و كۆمەڵایەتی بووە لەناو هاوڕێكانی و دەوروبەریدا.
بەڵام بەداخەوە، كاتێك پیلانەكان بۆ تێكدانی شۆڕشی نوێ گەیشتە رادەی غەدر و ناپاكی، یەكەم هەنگاو بەرامبەر ئەو مەفرەزەیە گیرایە بەر و سەرجەمیان لە ئەشكەوتی باڤێ، لە ناوەڕاستی مانگی 10/1976، شەهید كران.

ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی

بابەتە پەیوەندیدارەکان