یادەوەریی وەرزشی

11:05 - 2023-10-09
وەرزش
149 جار خوێندراوەتەوە
برایم قاسم

خەسرەو گورون
87

لە ژمارەكانی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمەدا تیشكێكم خستە سەر 11 یارییمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور  بۆ وەرزی 1989-1990، لەو 11 یارییە تەنیا دوو یارییمان بردەوە یەكەمیان لە كەرامەی شاری كەركوك 3-0  و دووەمیشمان  2-1 لە سەورەی شاری كەركوك بوو كە لە كەركوك كرا، تەواوی ئەنجامی ئەو  11 یارییەمان بەمشێوەیە بوون:
*سلێمانی× 1 ی حوزەیران (0-1)-3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
* سلێمانی× كەرامەی شاری كەركوك (3-0)، 10/11/1989 هەرلە یاریگای سلێمانی كرا.
*سەورەی كەركوك×سلێمانی (1-0)، 17/11/1989 لەكەركوك كرا.
*سەڵاحەدین×سلێمانی(2-1)، 24/11/1989 لە تكریت كرا.
*موسڵ×سلێمانی (3-1) ، 1/12/1989 لە یاریگای موسڵ كرا.
*برایەتی×سلێمانی(1-0)، 7/12/1989 لە یاریگای هەولێر كرا.
*سلێمانی×موسڵ (1-2)، 15/12/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
*1 ی حوزەیران×سلێمانی (2-1)، 5/1/1990 لە كەركوك كرا.
*كەرامە×سلێمانی (2-1)، 12/1/1990 لە كەركوك كرا.
*سلێمانی×سەورە (2-1)، یارییەكەش 19/1/1990 لە سلێمانی كرا.
*سلێمانی×سەڵاحەدین(1-3)، یارییەكەش 9/2/1990 لە سلێمانی كرا.
دوانزەیەمین یارییمان رۆژی 23/2/1990 بەرامبەر تیپی یانەی فتووەی موسڵ بوو، تیپی ئەم یانەیە تا ئەم یارییە دووەمی گروپەكە بوون، یارییەكە لە یاریگای سلێمانی كرا، هاندەرێكی زۆر ئامادەی یارییەكە بوون و یارییەكەش بە یەكسانبوونی ئێمەو ئەوان (0-0)، كۆتاییهات، یانەی فتووە بەدرێسی سوور و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سپییەوە یاریمان دەكرد.
سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ ئەم یارییەمان لێدراو ناوبژیوانیش عادل قەساب بوو كە لە بەغداوە هاتبوو، یاریدەدەرەكانیشی هەر لە بەغداوە هاتبوون، خولێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان و مامۆستا برایم قاسم سەرپەرشتیاری تیپ بوون، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل راهێنەری ئێمە بوو، كاك نەجاح راهێنەری گۆڵچی تیپەكەمان بوو، خوالێخۆشبوو د.عەتا چارەسەركەری تیپەكەمان بوو.
لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد و پێكهاتەكەشمان بەمشێوەیە بوو:

*گۆڵچی: رزگار عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، ئەمانجی سەید برایم، نەوزاد مستەفا،  داخل جەبار.
*ناوەند: هادی كەریم، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، فەرەیدون كەمال، ئالان قادر.
*هێرشبەر:بەختیار رەشید، حەمەی كەریم.
لە یارییەكەشدا راهێنەر ئەم گۆڕانكاریانەی كرد: نازم عەرەب بۆ شوێنی شاهۆ، جەعفەر تۆفیق بۆ شوێنی فەرەیدون، یاریزانە یەدەكەكانیش موحسینی هەڵەبجە و خوالێخۆشبوو عەتای گۆڵچی و گۆرانی مەحمود حاجی و سەلام مەحمود بوون.
شایانی باسە لەكاتی بەڕێوەچوونی ئەم خولەدا رژێمی عیراق كوەیتی داگیر كرد و وەزعێكی خراپ لە عیراقدا درووستبوو، زۆربەی یاریزانەكانمان بەهۆی سەربازییەوە لەتیپەكە دابڕان، بۆیە كۆبوونەوە و راهێنانی بە كۆمەڵمان كەمیكرد، لە زۆر یارییدا هێندێكیان هەر نەیاندەتوانی بەشدارییش بكەن، بۆیە هەر یارییە و كۆمەڵە یاریزانێك یارییان دەكرد، بۆیە بەگشتی یارییەكانمان ئەنجامەكانیان باش نەبوو.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان