هیوادارە بەشداریی پاڵەوانێتییەكی جیهانی بكات

11:08 - 2023-10-09
وەرزش
175 جار خوێندراوەتەوە

تیشكۆ

خەلیل عوسمان یەكێكە لەیاریزان و پاڵەوانە دیارەكانی یاریی لەشجوانی كوردستان عیراق، بۆ ناساندن و بەسەر كردنەوەی ئەم پاڵەوانەی كوردستان، ئەم پرسیارانەمان لێكردو ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوو:

*خەلیل عوسمان كێیە؟
-ناوم خەلیل عوسمان قادرە، ساڵی 1972 لە گەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانی لەدایكبووم.

*لەكەیەوە دەستت بەم یارییە كردووە؟.
-لە ساڵی 1989 –ەوە ئەم وەرزشە دەكەم، ساڵی 2002 بۆ ماوەیەک دابڕام، بەڵام لە ساڵی 2018 –ەوە دەستم بە یارییەكە كردۆتەوە تا ئێستا.

*یەكەم راهێنەر و هاندەرت كێ بووە؟
*مامۆستا ئیبرایم قادر بوو كە ساڵی 1990 تا 1992 هانی دام و پشتگیری زۆری كردم.

*ئەو پاڵەوانێتییانەی بەشدارییت تیادا كردوون كامانەن؟.
-ساڵی 1996 لە پاڵەوانێتیی باكووری عیراقدا یەكەمی كێش خۆم بووم، دووجاری تر لەسەر ئاستی عیراق پێنجەم بووم،  ساڵی 2001 لەسەر ئاستی باكووری عیراق یەكەم بووم، هەر ئەو ساڵە لەسەر ئاستی عیراق و لە كێشی 75 كیلۆ گرامدا یەكەم بووم.

*ئەی لەدەرەوەی عیراق بەشداریی هیچ پاڵەوانێتییەكت كردووە؟.
-ساڵی 2002 هەڵبژێردرام بۆ بەشدارییكردن لە پاڵەوانێتییەكی دەرەوەی عیراق، بەڵام بەهۆی كێشەی پاسپۆرت و ڤیزاوە نەمتوانی بەشداریی بكەم، بەڵام ساڵی 2023 لە بۆدی بیڵدینگ و لەسەر ئاستی ماستەرز لەكێشی خۆمدا یەكەمی كیشوەری ئاسیا بووم. 
*ئێستا بە چییەوە خەریكی؟.
-هۆڵی لەشجوانی خەلیلم هەیە لە شاری پزیشكانی سلێمانی.

*ئاواتت چییە؟.
-هیوادارم لە پاڵەوانێتییەکی جیهانیدا بەشداریی بكەم.

*دواكاری خەلیل عوسمان چییە؟.
-هیوام ئەوەیە هاوكاری و پشتگیریی وەرزشكارانی لەشجوانی شارەكەم و كوردستان بكرێت تا بتوانن بەشداریی پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عیراق بكەن.

*دوا قسەت چییە؟.
*سەرەتا سوپاسی كوردستانی نوێ دەكەم بۆ ئەم بەسەر كردنەوەیە، پاشان دەمەوێت سوپاسی بێ پایانی یەكێتیی لەشجوانی كوردستان بكەم بۆ ئەو پێشوازییە جوانەی لێیان كردین كاتێك لە پاڵەوانێتیی ئاسیا گەڕاینەوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان