پاشەڕۆژ بۆخۆی دروست دەكات

11:16 - 2023-10-09
وەرزش
208 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

یاریزانێكە لەسەرەتاوە پێیان دەوت؛ زۆر لە قەبارەی خۆی گەوەرتر كراوە، زۆرجار پێیان دەوت ئەو یاریزانە نییە بەو شێوەیە گەوەری بكەن، بەڵام دواجار ئەو كەسانەی بەو شێوەیە ناویان دەبرد، پەشیمان بوونەوە و دان بەوەدا دەنێن كە نەك یاریزانێكی لاوی هەڵكەوتووە، بگرە پاشەڕۆژێكی گەش چاوەڕوانی دەكات و شایانی ئەوەش بوو كە باڵۆن دۆری لاوانی ساڵی پاریشی وەرگرت.
ئێستا كار گەیشتۆتە ئەوەی هێندێك لە شارەزایانی یاریزانان پێی بڵێن؛ گابی پاش دی یۆنگ باشترین یاریزانی لاوی بارسیلۆنایە، بەڵام یارییەكانی بارسیلۆنا رۆژ لە دوای رۆژ قسەی نوێترمان پێ دەڵێن» گابی یاریی لە دوای یاریی كاریگەریی زیاتر درووستدەكات، هەرچەندە تەمەنی 19 ساڵە، بەڵام دەگەینە ئەو ئەنجامەی، ئەگەر یارییەک یاریی نەکات، كاریگەریی یاریی نەكردنی گابی بە تیپەكەوە دیاربێت.
گابی یاریزانێكە لە هەموو شوێنێكی یاریگادا دەبینرێت، لەگەڵ بەرگریكاراندا بەرگریی دەكات، لە هێڵی ناوەندا یاریزانی ئەو هێڵەیە، دەچێتە ناو هێرشبەرانی تیپەكەشی، كاتێكیش بەگشتی سەیری دەكەیت وا دەبینرێت یەكێكە لەسەركردەكانی تیپەكە، هانی یاریزانانی هاوڕێی دەدات، بەسەریاندا هاوار دەكات، ئامۆژگاری دەدات بە هاوڕێكانی رێنوێنیان دەكات هەرچەندە ئەم لە هەمووشیان منداڵترە تەنیا لە باڵدی نەبێت.
ئەم شتانەی باسكران بە دیارییكراوی لە یاریی بارسیلۆنا و سیڤییادا بینرا، هەموولایەك بە ئاسانی تێبینییان كردووە، كۆنترۆڵی تۆپی دەكرد، هێرشی درووستدەكرد، تەنانەت لە یەكێك لە گرتەكانی یارییەكەدا لە لیڤاندۆڤسكی توڕە دەبێت، ئەمانە هەمووی سیفەتەكانی یاریزانێكە كەتەمەنی تەنیا 19 ساڵە، رۆژ بە رۆژیش چاوەڕوانی زیاتری لێدەكرێت و بۆ ئایندە رەنگە ببێتە باشترین یاریزانی هێڵی ناوەند نەك لە ئیسپانیا بگرە لە جیهانیشدا، پاشان ئەم ئامارە چیمان پێ دەڵێت: تەمەنی 19 ساڵە، 7 گۆڵی كردووە، 11 ئەسیستی هەیە، 4 گۆڵیشی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا كردووە.
چاڤی ئەم یاریزانە بە جۆكەر دەزانێت، لە چەندین شوێنی جیاجیادا یاریی پێكردووە، هێندێك جار لە باڵی چەپی هێڵی ناوەند یاریی پێدەكات، هێندێك جاری تریش لەلای راست و چەند یارییەكیش وەك هێرشبەر یاریی پێكردووە.
زۆر كەس پێیان وایە پیدری جێگرەوەی ئینێستایە، بەڵام گابی خۆی یاریزانێكی مەزنەو جێگرەوەی كەس نییە، ئەو لە سەر كەلاوەی بەجێماوی هیچ یاریزانێكی تر یاریی ناكات تا ئەو كەلاوەیە ئاوەدان بكاتەوە، بەڵكو ئەو پاشەرۆژ بۆخۆی درووست دەكات و بەس.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان