ئاكار نه‌جم
ئیلیا یڤیمۆڤیچ ریبین، ئه‌و پیاوه‌ی ته‌نها هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاری نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌كو بیرمه‌ند و سیاسی و سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێر و نووسه‌ر و مامۆستا وابوو. كه‌سێكی بلیمه‌ت بوو، به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی ده‌چنه خانه‌ی هونه‌ری واقیعی مێژوویی و درامییه‌وه. هه‌روه‌ها هونه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌وه، واته به‌رهه‌مه‌كانی زۆرتر چیرۆكێكی مێژوویی یان درامایه‌ك ده‌گێڕنه‌وه. ئیلیا ریبین هونه‌مه‌ندی ئۆكرانی – روسی، یه‌كێكه له هونه‌رمه‌نده ناوداره‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری. ئه‌م هونه‌رمه‌نده خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می هونه‌ری مه‌زنه. ساڵی 1844 له شاری خاركۆڤ، له ئۆكرانیا - روسیای جاران، له‌دایكبووه و ساڵی 1930 له فینله‌ندا مردووه. به یه‌كێ له هونه‌رمه‌نده مه‌زنه‌كانی شه‌پۆلی واقیعی روسی داده‌نرێ له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا. له دروستكردنی وێنه‌ی واقیعیدا توانایه‌كی باڵای هه‌بووه. به‌رهه‌مه‌كانی زۆرتر گوزارشت بوون له ژیانی میللی خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی روسیا. به تابلۆ مێژووی وڵاته‌كه و ژیانی خه‌ڵكی نیشانداوه، چیرۆكی ژیانی روسه‌كانی گێڕاوه‌ته‌وه. ئیلیا شاره‌زاییه‌كی باشی له وێنه‌كێشان و په‌یكه‌رسازیی و هونه‌ری گرافیكدا هه‌بووه. به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی پۆرترێتی كه‌سایه‌تییه‌كان بووه.
سه‌ره‌تای كاركردنی له وه‌رشه‌یه‌كی ئایكۆنی ئایینی ده‌ستی به وێنه‌كێشان كردووه. پاشان رووی كردۆته شاری سان‌پترسبورگ، كه ئه‌و عه‌یامه شارێكی گه‌وره بووه، یه‌كێك بووه له شاره‌گه‌وره‌كانی جیهان، له‌وێ ده‌ستی به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی ده‌ستی به‌خوێندنی هونه‌ر كردووه. ورده ورده گه‌شه‌ی كردووه و جێگای خۆی له هونه‌ری روسیدا كردۆته‌وه. پاشان له قۆناغێكی تردا سه‌فه‌ری كردووه بۆ فه‌ره‌نسا و ئیتالیا، له‌وێ هونه‌ری ئه‌وروپی ناسیوه و شاره‌زایی زیاتری په‌یدا كردووه. ئه‌و قۆناغه‌ی ژیانی سوودی باشی پێگه‌یاندووه، دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ روسیا هونه‌ره‌كه‌ی به ئاراسته‌ی هونه‌ری میللی روسیدا رۆیشتووه و زۆرتر كاری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی كردووه و تێكه‌ڵ به رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه. له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ئیلیا گرنگییه‌كی زۆری به بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی داوه. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌ره‌كه‌ی هه‌بووه. باوكی ئیلیا یڤیم ڤاسیلیڤیچ ریبین سه‌ربازبووه له سوپای ئیمپراتۆرییه‌تی روسی. ژیانی منداڵی ژیانێكی ئاسایی بووه، ماوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به قوتابخانه‌ی كانتۆنی سه‌ربازییه‌وه كردووه له ساڵی 1854دا.
تابلۆکان چیرۆکی خۆیان هەیە
ئه‌م هونه‌رمه‌نده له ژیانی هونه‌ریدا گه‌لێك هونه‌رمه‌ندی ناسیوه و سوودی له زۆریان بینیوه. توانیوێتی ببێت به هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زنی روسیای جاران. خولیای هونه‌ر بووه و له‌و پێناوه‌دا ژیاوه. ساڵی 1870 به مه‌به‌ستی وێنه‌كێشان سه‌فه‌ری كردووه بۆ ده‌وروبه‌ری رووباری ڤولگا بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی سروشتی بكێشێ. وێنه‌ی سروشت و ده‌ریا بكێشێ. كه ئێستاش مۆزه‌خانه‌كه‌ی له‌وێ ماوه، له‌سه‌ر رووباری ڤولگا. ئه‌و كۆشكه ئێستا مۆزه‌خانه‌ی ئیلیا ریبینه، كه ماڵی خۆی بووه و تێیدا ژیاوه، ده‌كه‌وێنه سه‌ر رێگه‌ی سه‌ره‌كی مینسك سانتپترسبورگ.
خەڵاتی ئاڵتوونی
دوای ساڵێك خه‌ڵاتی ئاڵتوونی بۆ تابلۆی په‌ناهه‌نده‌یی كوڕی جایرۆس وه‌رگرتووه. له ساڵی 1872 ژیانی خێزانی له‌ته‌ك ڤیرا شیڤتسوڤا دروست ده‌كات. ساڵی 1870 ده‌ست به دروست كردنی تابلۆی « كه‌شتیوانێك له‌سه‌ر رووباری ڤۆلكا» ده‌كات و له ساڵی 1873 ته‌واوی ده‌كات. ئه‌م تابلۆیه یه‌كێكه له‌به‌رهه‌مه هونه‌رییه ناوداره‌كانی جیهان. چیرۆكی خۆی هه‌یه. تابلۆكه به بۆیه‌ی زه‌یتی دروستكراوه. ده‌چێته خانه‌ی هونه‌ری واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
له ساڵانی 1874 تاوه‌كو 1876 به‌شداری له ساڵۆنی پاریس كردووه و هه‌روه‌ها له پێشه‌نگاكانی سان‌پترسبورگ به‌شداری كردووه. له‌و ساڵانه‌ی سه‌فه‌ری كردووه بۆ فه‌ره‌نسا كاریگه‌ریی هونه‌ری ئینتبیاعی له‌سه‌ر بووه و گرنگی به ره‌نگ و و رووناكی داوه. ساڵی 1876 ئیلیا به بۆنه‌ی تابلۆی سادكۆوه ناونیشانێكی ئه‌كادیمی پێده‌به‌خشرێ. ئیلیا له ژیانیدا نه‌ك هه‌ر هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ناسیوه، به‌ڵكو گه‌لێك نووسه‌ر و رۆشنبیری دیكه‌ی ناسیوه، یه‌كێك له‌وانه نووسه‌ری ناوداری روسی تۆڵستۆی بوو، له ساڵی 1878 یه‌كتری ده‌ناسن. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هونه‌رمه‌ند ڤاسیلی سۆربكۆڤ ده‌ناسێ. ئه‌و ساڵانه گه‌لێك هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ ده‌ناسێ. ساڵی 1882 له فیرای هاوسه‌ری جودا ده‌بێته‌وه. ئیلیا گرنگی زۆری به ژیانی جووتیاران داوه، وێنه‌كانی به‌شێكی گوزارشته له ژیانی ئه‌وان به‌و شێوه واقیعییه‌ی كه هه‌یه. نووسه‌ری گه‌وره‌ی روس تۆڵستۆی سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی ئه‌م نووسه‌ره گوتویه‌تی « ئیلیا ریبین له هه‌موو وێنه‌كێشه روسه‌كان باشتر وێنه‌ی ژیانی خه‌ڵكی ده‌كێشێ. « ئیلیا ساڵی 1883 له‌ته‌ك ڤلادیمێر ستاسۆڤ سه‌فه‌ری ئه‌وروپا ده‌كات و له پێشه‌نگایه‌كی هاوبه‌شدا به تابلۆیه‌ك به‌شداری ده‌كات.
تابلۆی ئیڤانی ترسناک و کوڕەکەی
یه‌كێك له‌و تابلۆیانه‌ی نمایشی ده‌كات تابلۆی ئیڤانی ترسناك و كوڕه‌كه‌یه‌تی. ئیڤانی ترسناك و كوڕه‌كه‌ی یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییه باڵایانه‌ی كه به شاكاری هونه‌ری روسی داده‌نرێ، ئیلیا له ساڵی 1883 ده‌ستی به دروستكردنی ئه‌م تابلۆیه كردووه و له ساڵی 1885 ته‌واوی كردووه. تابلۆكه وه‌ك زۆرێك له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده چیرۆكی خۆی هه‌یه و تابلۆیه‌كی غه‌مگینه. پاش ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش جارێكی سه‌فه‌ر ده‌كات، ئه‌م جاره له‌گه‌ڵ ئه‌رخیب كوینجی له ساڵی 1886 ده‌چێته دوورگه‌ی قرم و له‌وێش چه‌ند كارێكی هونه‌ری به‌رهه‌مده‌هێنێ. ساڵی 1887 سه‌ردانی نه‌مسا و ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا ده‌كات و له‌و سه‌فه‌ره‌ش چه‌ند تابلۆیه‌ك نمایش ده‌كات. یه‌كێك له تابلۆكان وێنه‌ی نووسه‌ر تۆڵستۆیه. هه‌روه‌ها وێنه‌ی شاعیری ناوداری روسی ئه‌لیكسه‌ندر پۆشكین له كه‌نار ده‌ریای ره‌ش ده‌كێشێ. ساڵی 1888 سه‌فه‌ر ده‌كات بۆ باشووری روسیا و قه‌فقاز، ساڵی 1889 سه‌فه‌ری پاریس ده‌كات و پاشان له‌گه‌ڵ ستاسۆڤ ده‌چێته له‌نده‌ن و زیوریخ و میونخ. هه‌موو ئه‌م سه‌فه‌رانه‌ی ئیلیا له‌پێناوی هونه‌ردا بووه. یان بۆ به‌شداریكردن و نمایشكردنی تابلۆكانی بووه، یان بۆ دروستكردنی تابلۆ بووه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده هه‌موو ژیانی له گه‌شتی هونه‌ریدابووه.
گرنگی زۆری بە ژیانی جووتیاران داوە
یه‌كێكی دیكه له به‌رهه‌مه‌كانی ئیلیا. تابلۆی گەڕانەوەی دیلە كه ساڵی 1884 ئه‌م تابلۆیه‌ی نه‌خشاندووه. تابلۆكه باس له یه‌كێك له ده‌ستگیركراوه‌كانی سه‌ربازگه سیبریا ده‌كات، كه ئازادكردنی چاوه‌ڕواننه‌كراوه بووه بۆ خێزانه‌كه‌ی. تابلۆكه چیرۆكی باوكێكی دیله له تاراوگه‌ی سیبریا كه به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو لێبووردنی بۆ ده‌ركراوه و دوای ساڵانێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو خێزانه‌كه‌ی. تابلۆكه وێنه‌ی ئه‌و چركه ساته‌یه.