گەنجان سەرمایەی نیشتمانین

09:11 - 2022-05-21
کوردستان
630 جار خوێندراوەتەوە

 بڵاوبوونەوەی هەواڵی دانانی شێوەزاری کوردیی سۆرانی لە گۆگڵ ترانسلێت 
(translate google)  لەلایەن بۆکان جاف-ەوە کاردانەوەی زۆری بە رووە پۆزەتیڤەکەیدا بەشوێن خۆیدا هێنا لە ئاستی میللی و حزبی و حکومیش.
لەو چوارچێوەیەشدا و وەک دەربڕینی پشتگیریی و پشتیوانی رۆژی سێشەممەی رابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی لە بۆکان-ی بەهرەمەند کرد و وێڕای دەستخۆشی پێی راگەیاندووە کە «گەنجان سەرمایەی نیشتمانیی ئێمەن».
زۆر جار لە میدیا و پەیجەکانەوە هەندێک بابەتمان بەرچاو دەکەوێت کە پەیوەستن بە داهێنان و نیشاندانی بەهرەی گەنجان و لاوانەوە لە بواری میکانیکی و کارەبایی و ئەلەکترۆنی.
بۆنموونە لە ماوەی پێشوودا دیدارێک لەگەڵ گەنجێکی هەڵەبجەییدا کرابوو ، بەگوێرەی دیدارەکە ئەو گەنجە داینەمۆیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای دروستکردبوو کە بێ هیچ جۆرە سووتەمەنییەک کاردەکات و بڕی 10-15 ئەمپێر کارەبا دابین دەکات و تەنها وزەی بەکارهێنراویش پاترییەکی ئۆتۆمبێل بوو کە دووبارە هەر لەڕێگەی داینەمۆکەوە شەحن دەبێتەوە.
رەنگە ئەوە بۆ وڵاتانی دیکە گرنگییەکی ئەوتۆی نەبێت کە کێشەی کارەبایان نییە، بەڵام بۆ کوردستان و عیراق کێشەیەکی گەورەیە، بەوپێیەی نە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا توانای دابینکردنی کارەبای 24 سەعاتییان بۆ هاووڵاتیان هەیە، نە هۆشیاریی بەکاربردنی کارەباش لای هاووڵاتییان لە ئاستی پێویستدایە.
جگەلەوەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەبێ بەکارهێنانی سووتەمەنی، هەنگاوێکی باشە بۆ گلدانەوە و کەمتر بەکارهێنانی سووتەمەنی و فاکتەرێکی گرنگیشە بۆ پاراستنی ژینگە و دەستەبەرکردنی وزەیەکی پاکژی بێ دەرهاویشتەی کیمیایی و گازی کوشندە.
ئەم بەسەرکردنەوە و هاندانە ئەگەر مەعنەویش بێت لە گەنجانی داهێنەر، جۆرێک لە گوڕ و تینیان پێدەبەخشێت و گەنجانی بەهرەمەندی دیکەش هەوڵی کێبڕکێ و لاساییکردنەوەیان دەدەن لە داهێنانی باشتر و سەرکەوتووتردا، نەک فەرامۆش بکرێن و کەس نەبێت دەستخۆشییەکیان لێبکات، ئەگەرنا ئەوکات گەنجە بەهرەمەند و داهێنەرەکانمان لەجیاتی کێبڕکێکردنی یەکتری لە داهێنان و بیرۆکەی نوێ، سەرقاڵی گەڕان دەبن بەشوێن شارەزاترین قاچاغچیدا کە بە گرەنتی بیانباتە وڵاتێکی تر تا بەهرەکانی خۆیان لەوێ بخەنەگەڕ، بۆیە بەو هاندانە دەتوانین وایان لێبکەین داهێنانەکەی خۆیان خۆش بووێت و ببنە سامانێکی نەبڕاوەش بۆ نیشتمانەکەیان. 

کوردستانی نوێ

#گەنجان

بابەتە پەیوەندیدارەکان