خولی سێیەمی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی لە مۆسكۆ دەستیپێکرد

11:12 - 2023-10-15
کەلتور
364 جار خوێندراوەتەوە
#وەزیری رۆشنبیری خەڵاتی پێشکەش بە گروپی هەڵپەڕکێی کوردی روسیا کرد

ئا: لاپەڕەی کەلتور

ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ 12/10/2023، ، له‌ مۆسكۆی پایته‌ختی روسیای فیدڕاڵ، خولی سێیه‌می فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی به‌ ئاماده‌بوونی حەمەی حەمە سەعید وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی و میوانێکی زۆری کورد و روس و بیانیی دەستی پێکرد.
له‌ ده‌ستپێكی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ روسیا و پشتیوانی كاره‌كانتان ده‌بین و سوپاسی حكومه‌ت و گه‌لی روسیا ده‌كه‌ین، كه‌ ساڵانه‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ كوردییه‌ له‌ ئامێز ده‌گرن.
وتیشی: سه‌رزه‌وی روسیا به‌وه‌ ناسراوه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌م گه‌لی كورددا كراوه‌ بووه‌ چ بۆ كوردی خودی روسیا و چ بۆ له‌ ئامێزگرتن و میوانداری شۆڕشگێڕان و ئاواره‌كانی كورد له‌ رابردوودا.
دواتر د. دانەر مستەفا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە روسیا و گولیزار گەردنزەری سەرۆکی فێستیڤاڵەکە وتاریان پێشکەشکرد.
پاشان هونەرمەند فەرید ئیلهامی بە پێشکەشکردنی چەند گۆرانی و میوزیکێکی تایبەتی یارسان، ئاهەنگی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەی رازاندەوە.
دواتر گرووپی هه‌ڵپه‌ڕكێ و سه‌مای مۆسكۆ، دوو تابلۆی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردییان پێشكه‌ش كرد.
شایانی باسە، لە ساڵی 2020 ـه‌وە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە روسیا بەڕێوەدەچێت، خولی یه‌كه‌م و دووەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سپۆنسەری فێستیڤاڵەکە بوو.

سەردانی نوێنەرایەتی  حکومەتی هەرێم 
پاشان وەزیری رۆشنبیری و وەفدی یاوەری له‌ یه‌كه‌م رۆژی چالاكییه‌ فه‌رمییه‌كانماندا له‌ مۆسكۆ، سه‌ردانی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ مۆسكۆ كرد و له‌ لایه‌ن د.دانەر ئەبوبەکر مستەفا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روسیا پێشوازی لێكران. 
له‌ دیدارێكدا، سوپاس و پێزانینی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانیان ده‌ربڕی بۆ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مۆسكۆ، كه‌ پشتیوان و هاوكاری دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی كەلتوری نێوان هه‌رێمی كوردستان و روسیا بوون.

رێزمان لە گروپی هەڵپەڕکێی  کوردی روسیا گرت
هەروەها له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ مه‌راسیمێكی رێزلێناندا گروپی هونه‌ری كچانی روسیایان بەسەرکردەوە، کە لەساڵی 2014 وە گروپێکی هەڵپەڕکێی کوردیان پێکهێناوە و هەر هەمان ساڵ لەئاهەنگی نەورۆز لەمۆسکۆ چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێیان نمایش کردووە.
دواتر له‌ دیدارێكدا، گوێیان له‌ را و سه‌رنجی سه‌رپه‌رشتیار و راهێنه‌ری گرووپی هەڵپەڕکێ و سەما جیهانییەکانی مۆسكۆ گرت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، لیلیا میرۆنۆڤە، سه‌رپه‌رشتیاری گروپی هەڵپەڕکێ و سەما جیهانییەکانی پێشنیازی كرد، له‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چن، ده‌رفه‌تی به‌شداریكردنیان پێ بدرێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كورد كەلتورێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕكێ هه‌یه‌ و ده‌كرێت زیاتر كار بكرێت بۆ ناساندنی. هه‌روه‌ها هیوای خواست ناوه‌ندێكی كوردناسی له‌ مۆسكۆ بكرێته‌وه‌ بۆ زیاتر ئاشناكردنی کەلتور و هونه‌ری كوردی به‌ گه‌لان.
له‌ به‌رامبه‌ردا وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ چالاكییه‌كانی گرووپه‌كه‌، خه‌ڵاتی رێزلێنان و دیارییان به‌خشییه‌ سه‌رپه‌رشتیار و راهێنه‌ری گرووپه‌كه‌ و هیوای به‌رده‌وامی و سه‌رکەوتنیان بۆ خواستن.

سەردانی كۆنسێرڤاتۆری  چایكۆڤسكی لە مۆسکۆ
پاشان رۆژی 13/10/2023، لە چوارچێوه‌ی سه‌ردانی وەفدی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ روسیای فیدڕاڵ،
سه‌ردانی «كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی»یان له‌ مۆسكۆ كرد، كه‌ دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌ی میوزیكه‌ له‌ روسیادا، لەو سەردانەدا خاتوو مارگرێتا ئیڤانۆڤنه‌ كاراتیگینا، به‌رپرسی به‌شی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنی پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی پێشوازی له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌و میانه‌یه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی رۆڵی میوزیك و هونه‌ری له‌ به‌یه‌ك گه‌یشتنی شارستانییه‌ته‌كان و ئاشنایی گه‌لان به‌ ژیاری یه‌كدی كرد و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی زێڕینی گه‌شه‌ی کەلتوری و هونه‌ری خۆیدایه‌، هونه‌رێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ و فره‌چه‌شن له‌ هه‌رێمه‌كه‌ بووه‌ته‌ سیمبوڵی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و رێزگرتنی به‌ها و كەلتوری جیاوازی نێوان پێكهاته‌ جیاجیاكان.
وتیشی: وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان وه‌ك چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ كەلتوری و فه‌رهه‌نگییه‌كان كاری كردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی تایبه‌ت بۆ رۆشنبیری و کەلتور و هونه‌ری سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی وه‌ك (ئه‌رمه‌ن، كلدان سریان ئاشووری و توركمان) كراوه‌ته‌وه‌، تا بتوانن په‌ره‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و كەلتوری هونه‌ری خۆیان بده‌ن.
جێی ئاماژه‌یه‌ كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی، به‌ناوبانگترین په‌یمانگه‌ی میوزیكه‌ له‌ ئاستی روسیا و جیهاندا، دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌یه‌ له‌ روسیا، كه‌ له‌ (1ـی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 1866) به‌ ناوی (كۆنسێرڤاتۆری ئیمپراتۆریای مۆسكۆ)دامه‌زراوه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ساڵی 1878 چایكۆڤسكی مامۆستای تیۆری و هارمۆنی په‌یمانگه‌كه‌ بووه‌،‌ ساڵی 1940 دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوی لێنراوه‌ (كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی).
رۆژی چوارشه‌ممه‌ (11ـی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2023)، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە یاوەری وەفدی هاوڕێی به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشتنە مۆسكۆی پایته‌ختی روسیای فیدراڵ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان