یادەوەریی وەرزشی

10:12 - 2023-10-16
وەرزش
137 جار خوێندراوەتەوە
خوالێخۆشبوو عەتای گۆڵچی

خەسرەو گورون

88

لە ژمارەكانی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمەدا تیشكێكم خستە سەر 12 یارییمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور  بۆ وەرزی 1989-1990، لەو 11 یارییە تەنیا دوو یاریمان بردەوە، یەكەمیان لە كەرامەی شاری كەركوك 3-0  و دووەمیشمان  2-1 لە سەورەی شاری كەركوك بوو كە لە كەركوك كرا، یارییەكیش یەكسان بووین كە یاریی ژمارە 11 بوو بەرامبەر فتووەی موسڵ و 0-0 لە یاریگای خۆماندا کرا، تەواوی ئەنجامی ئەو یارییانە بەمشێوەیە بوون:
*سلێمانی× 1 ی حوزەیرانی كەركوك (0-1)، 3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
*  سلێمانی× كەرامەی شاری كەركوك (3-0)، 10/11/1989 هەرلە یاریگای سلێمانی كرا.
*سەورەی كەركوك×سلێمانی (1-0)، 17/11/1989       لەكەركوك كرا.
*سەڵاحەدین×سلێمانی(2-1)،       24/11/1989        لە تكریت كرا.
*موسڵ×سلێمانی (3-1) ،             1/12/1989  لە یاریگای موسڵ كرا.
*برایەتی×سلێمانی(1-0)،           7/12/1989  لە یاریگای هەولێر كرا.
*سلێمانی×موسڵ (1-2)،            15/12/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
*1 ی حوزەیران×سلێمانی (2-1)،     5/1/1990         لە كەركوك كرا.
*كەرامەی شاری كەركوك×سلێمانی (2-1)، 12/1/1990  لە كەركوك كرا.
*سلێمانی×سەورە (2-1)، یارییەكەش      19/1/1990   لە سلێمانی كرا.
*سلێمانی×سەڵاحەدین(1-3)، یارییەكەش 9/2/1990    لە سلێمانی كرا.
*سلێمانی×فتووە(0-0)، یارییەكەش          23/2/1990 لە سلێمانی كرا.
سیانزەیەمین یارییمان رۆژی 2/3/1990 بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی هەولێر بوو، یارییەكە لە یاریگای سلێمانی كرا ، هاندەرێكی زۆر ئامادەی یارییەكە بوون و یارییەكەش بە یەكسانبوونی ئێمەو ئەوان (1-1)، كۆتاییهات، یانەی برایەتی كە یەكەمی ئەم گروپە بوو، بەدرێسی سوور و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سپییەوە یاریمان دەكرد.
سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ ئەم یارییەمان لێدرا، خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان و مامۆستا ئیبراهیم قاسم سەرپەرشتیاری تیپ  و شێخ ئیسماعیل مەحمود ئیداری تیپ بوو، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل راهێنەری ئێمە بوو، كاك نەجاح راهێنەری گۆڵچی تیپەكەمان بوو، خوالێخۆشبوو د.عەتا چارەسەركەری تیپەكەمان بوو.
لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد، پێكهاتەكەشمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: رزگار عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، ئەمانجی سەید برایم، نەوزاد مستەفا،  داخل جەبار.
*ناوەند: هادی كەریم، نازم عەرەب، فەرەیدون كەمال، ئالان قادر.
*هێرشبەر: خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج،حەمەی كەریم.
لە یارییەكەشدا راهێنەر ئەم گۆڕانكاریەی كرد: جەعفەر تۆفیق بۆ شوێنی فەرەیدون، یاریزانە یەدەكەكانیش بەختیار رەشید، موحسینی هەڵەبجە و خوالێخۆشبوو عەتای گۆڵچی و رەئوف رەحیم بوون.
تیپی یانەی برایەتی لە دەقیقەی 70 دا توانیان گۆڵێك بكەن، بەڵام 10 دەقیقە دوای گۆڵەكەی برایەتی، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج توانی بە پەنالتی گۆڵی یەكسان بوون بۆ سلێمانی بكاتەوە و یارییەكە بەو ئەنجامە(1-1) بۆ هەردوولا كۆتاییهات.
شایانی باسە لەكاتی بەڕێوەچوونی ئەم خولەدا رژێمی عیراق كوەیتی داگیر كرد و وەزعێكی خراپ لە عیراقدا درووستبوو بوو، زۆربەی یاریزانەكانمان بەهۆی سەربازییەوە لەتیپەكە دابڕان، بۆیە كۆبوونەوەمان و راهێنانی بە كۆمەڵمان كەمیكردبوو، لە زۆر یارییدا هێندێكیان هەر نەیاندەتوانی بەشدارییش بكەن، بۆیە هەر یارییەو كۆمەڵە یاریزانێك یارییان دەكرد، بۆیە بەگشتی یارییەكانمان ئەنجامەكانیان باش نەبوو .

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان