پشتگوێخستنی هونەر لە خوێندنگەكاندا

10:54 - 2022-05-21
ڕاپۆرت
465 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئیدریس جەبار
وڵاتە پێشكەوتووەكان بۆ بەردەوامبوون لە پەرەسەندن، دامەزراوەكانیان هەوڵدەدەن نەوەیەكی نوێ‌ خاوەن مەعریفە و داهێنان دروستبكەن، لەڕێی بایەخدانیان بە كاروباری پەروەردە و فێركردن و دانانی سیستمێكی پێشكەوتوو بۆ خوێندن. 
فێركاریی بە تەنیا سوودی نییە 
زانایان و شارەزایانی بواری پەروەردە و فێركاریی زۆرجار ئەوە دەڵێنەوە كە فێركاریی سوودێكی نابێت گەر هاوشان بیركردنەوەی خودی لەگەڵ نەبێت، ناكرێت بگەینە ئامانجە خوازراوەكانی لە فێركاریی، تا وا لە خوێندكار نەكەین بینەربێت و توانای بەراوردكردن و ئەزموونی هەبێت، ئەمەش لەلایەن زانایانی بواری پەروەردەوە ناوی «فێركاریی گەڕان»ی لێنراوە بە سەركەوتووترین شێوازی خوێندن دادەنرێت.
 فێركاریی لەڕێی ئەزموون و تەماشاكردنەكانەوە، پشت بە بەدواداچوونی زەینی خوێندكار دەبەستێت لەسەر بنەمای فێركاریی هاوچەرخ، فێركاریش لەڕێی تاقیكردنەوە و تەماشاكردنەوە سەرناگرێت، تا لەڕێی چالاكی خوێندنگەكانەوە نەبێت كە پشتیوانی لە مادەی زانستی دەكەن و خوێندكار لە پۆلەكانی خوێندندا بەدەستیدەهێنێت.
لە عیراق ژیان لە خوێندنگەكان جیاوازیی هەیە لە وڵاتانی تر، لەگەڵ ئەو چالاكییە كۆمەڵایەتی و زانستیانەی هەن، زۆربەی خوێندكاران تێیدا چالاكی خوێندنگەكانیان نییە كە پشتگیریی لە پرۆسەی فێركاریی دەكات و جۆش و خرۆشی تێدا دروستدەكات، بنەمای كاری بەكۆمەڵ و هاریكاریی تێدا دەڕەخسێنێت، بۆیە دواتر خۆیان لەبەرامبەر گوشارێكی تۆقێنەردا دەبیننەوە و دووردەكەونە لە گرنگترین بنەماكانی فێركاریی.
لە قۆناغی لەناوچوون 
مامۆستایانی دەروونناسی و توێژەرانی كاروباری منداڵان دەڵێن، چالاكییەكانی خوێندنگە هێواش هێواش بەرەو لەناچوون دەچن، لەبەر چەند هۆكارێك كە گرنگترینیان گۆڕانی كۆمەڵگەی عیراقییە بەرەو ئاراستە ماددییەكان، بەجۆرێك كە باشكردنی ئاستی گوزەران بۆتە گرنگترین خەم، تەنانەت گەر لەسەر حیسابی رۆڵەكانیشیان بێت، ئەو بەخێوكەرانەش زیاتر بایەخ بە لایەنی خوێندن دەدەن بۆ منداڵەكانیان، بەڵام چالاكی بەرنامە بۆ داڕێژراوەكان بونیان نەماوە لای زۆربەی خێزانەكان لە سایەی بێبایەخی بەخێوكەر و خوێندنگە. 
چالاكییەكان لە خوێندنگەكان، پێگەیەكی بەرزییان هەبوو كە قەرەبوو ئەو وانانەی دەكردەوە لەڕووی گەشەپێدانی واتا گرنگەكان لای خوێندكار، وەك سەركردایەتی و پێشڕەوی و وابەستەبوون و هاریكاریی و سیستم و خۆشەویستی..هتد. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە «كۆمەڵەكانی خوێندكاران و پێشبڕكێ‌ كلتوری و هونەری و وەرزشییەكان و دیدەوانی و یانە زانستییەكان و چالاكییەكانی تر كە خوێندكاریان دەخستە سەر رێڕەوە راستەكە بەدوور لە مەترسییەكانی شەقام، چیان لێهات؟
پێگەیاندنی تواناكان  
چالاكییە بەرنامەدارەكان رێگە بۆ دۆزینەوەی خواستە هزری و پیشەییەكان لە تەمەنێكی زوودا لای خوێندكار دیاری دەكات، ئەمەش هەلی باشتر بۆ سەرپەرشتیاران دەڕەخسێنێت، تا زیاتر تواناكان پێبگەیەنن و گوڕێكی بەهێزتری پێببەخشن بۆ بەگەڕخستنی وزەكان.
شارەزایانی بواری پەروەردە پێیانوایە، نەبوونی ئەو چالاكیانە كەلێنێكی گەورە لە نێوان منداڵ و خوێندنگەدا دروستدەكات، ئەمەش زۆرێك لە منداڵان لە گۆڕەپانی فێركاریی دووردەخاتەوە و كاریگەری لەسەر دواڕۆژیان دروستدەكات لەسەر ئاستی زانستی و بنیاتنانی كەسێتیان لە قۆناغەكانی داهاتوو.
لە دەركەوتووترین چالاكییەكانی خوێندنگەكان كە لە ئێستادا لە زۆربەی خوێندنگەكان نەماوە، شانۆگەری خوێندنگە و تاقیگەكان و ئەوانی تر. 
شانۆ لە خوێندنەگاندا
شانۆ لە خوێندنگەكان بە بۆچوونی شارەزایان، جۆرێكە لە جۆرەكانی چالاكی خوێندنگەكان و پسپۆڕی لە شانۆدا وەرگرتووە، نمایشی نواندنی تاكە كەسیی یان لەڕێی پێكهێنانی تیپی شانۆیی كە زۆرجار لە خوێندكارانی خوێندنگە پێكدێن پێشكەشدەكات، ئەو نمایشە شانۆییانە پێشكەش دەكات كە جەخت لەسەر بنەمای چەمكە پەروەردەیی و ئاكارییەكان دەكاتەوە و كار لەسەر ناساندن و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی فكری و كۆمەڵایەتی و بنیاتنانی نەوەیەكی نوێ‌ بە هەڵسوكەوتێكی رێكخراو و ناوەرۆكێكی پەروەردەیی و ئاكاریی دەكات.
لە دەركەوتووترین ئەو پێكهاتانەی كە شانۆی خۆێندنگەكان پشتی پێدەبەستن  (گەمە)یە بەو پێیەی گرنگییەكی گەورەی هەیە لە رووی لەخۆگرتنی خوێندكار یان پەلكێشكردنی بەرەو شانۆ. 
زۆرێك لە توێژینەوەكان و تیۆرەكان جەخت لەسەر گرنگی یاریی و گەمە دەكەنەوە لە ژیانی منداڵان، بەو پێیەی گەمەكردن پێویستییەكە بۆ هەموو خەڵكی لە هەموو كات و شوێنێكدا. 
شانۆ لە دێرینترین هونەرەكانە كە مرۆڤ لە هەموو سەردەمەكاندا كاری لەسەركردووە، وێڕای ئەمەش دەستەواژەیەكی گرنگە بۆ پێشكەوتن و گەشەكردن و پەرەسەندنی نەتەوەكان، زۆرێك لە بیرمەندان و ئەدیبەكانیش لەسەر ئەوە كۆكن كە باوكی هونەرەكانە بەو هۆیەی توانایەكی زۆری هەیە بۆ دروستكردنی كاریگەریی لەسەر بینەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان