ئاراس ئیلنجاغی
له‌دوای رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر و نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له (06/03/1975)ه‌وه، بیر له دامه‌زراندنی پارت و به‌ره‌یه‌كی نوێ كرایه‌وه كه مه‌شخه‌ڵی شۆڕش به‌دیدگای نوێ هه‌ڵبگرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای (مه‌شخه‌ڵانی شۆڕشی نوێی ئه‌مجاره، گڕی بڕوای ڕه‌نجده‌ران و هه‌ژاره)، ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشێكی نوێ بكات، ئه‌وه بوو (یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان) له‌و بارودۆخه نالەبارەی كوردستان به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م و رۆژی (01/06/1975)دا ژیانه‌وه‌ی شۆڕش به گوێی داگیركه‌رانی كوردستان داداو و هیوا و ئاواتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانیشی زیندوو کردەوە، ئه‌مه‌ش بووه به‌ره‌به‌یانێكی نوێ و ئیتر ورده ورده مه‌ڕ و گورگ له‌یه‌كتری جودا ده‌كرایه‌وه و پێشمه‌رگه سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕشی نوێ له دوای ساڵی (1976)ه‌وه تا ده‌هات له په‌نجه‌ی ده‌ستان تێپه‌ڕی ده‌كرد و شانه و مه‌فره‌زه و كه‌رت و هه‌رێمیان لێ پێك ده‌هات، تا گه‌یشته (داستانی هه‌كاری) له‌ساڵی (1978)دا کە به‌سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی جه‌ربه‌زه‌ی قاڵبووه‌ی خه‌باتی كوردایه‌تی چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تیان كرده شان و گڵپه‌ی شۆڕشی نوێیان گه‌یانده هه‌موو ناوچه و ده‌ڤه‌ره‌كانی كوردستان، ئه‌و خه‌باته دوور و درێژ و پڕچه‌رمه‌سه‌رییه، شكست و سه‌ركه‌وتن و هه‌وراز و نشێوی زۆری كه‌وته پێش، هه‌موو كه‌سێك خۆی له‌به‌ر سه‌ختی ئه‌و ڕێگایه نه‌دەگرت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكانێك به‌خوێنی خۆیان ڕێبازه‌كه‌یان نه‌خشاند، ئه‌وانی تریش به‌ئاره‌قه و ماندوو بوون و كۆشش و خه‌بات ته‌مه‌نی گه‌نجی و لاوی خۆیان كردووه به داینه‌مۆی شۆڕش و گه‌یاندیانه مه‌نزڵ.
خەباتیان جۆش‌دا
ئینجا لێره‌دا وێڕای ده‌ستخۆشی له (حه‌یده‌ر مه‌نتك) نووسه‌ری به‌توانای ئینسایكلۆپێدیای شه‌هیدان و پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی هه‌ولێری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه ماوه‌یه‌كی زۆره خه‌ریكی كۆكردنه‌وه و به ئه‌رشیفكردنی ئه‌و شه‌هید و پێشمه‌رگانه‌یه كه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م له باشوری كوردستان و به‌تایبه‌ت له سنوری شاری هه‌ولێر و شارۆچكه و شاره‌دێ و گونده‌كانیه‌وه بوونه خۆراكی شۆڕش و كوره‌ی خه‌باتیان جۆشداوه دژ به‌داگیركه‌ری كوردستان، ئه‌و كاره‌ی ئه‌و ده‌ستی بۆ بردووه كارێكی زه‌حمه‌ته بۆ جیاكردنه‌وه‌ی دان و ئاو و گورگ و مه‌ڕ و جاش و باش، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕۆحی نیشتمانپه‌روه‌ری ڕۆڵه‌كانی كورد به‌رز و به‌هێزه، له‌به‌رامبه‌ریشدا داگیركه‌رانی كوردستان نه‌خشه و پلانی گڵاو و نه‌گریسیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شۆڕش ده‌گرته به‌ر و زۆر زۆڵه كوردی‌یان له خشته بردووه و بوون به خه‌فیفه و جاش و سیخوڕ و (خه‌ت مایل) و خاوه‌ن دۆسیه له ده‌زگاكانی (ئه‌من) ی حزبی به‌عس، ئه‌مه بۆ پێشمه‌رگه دێرینه‌كان و شه‌هیده‌كانیش هه‌ر هه‌مان شته چونكه دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردستانی ساڵی 1991 له به‌ڵگه‌نامه‌كانی حكومه‌تی به‌عس كه كه‌وتنه ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه و كۆمه‌لانی خه‌ڵكی كوردستان، ده‌ركه‌وت هه‌ندێك كه‌س كه چۆن دۆسیه‌یان هه‌بووه له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئه‌من و هه‌واڵگری حكومه‌تی عێراق.
چاك و خراپ تێكه‌ڵ ده‌كرا
ئه‌و كاره‌ی كه كاك حه‌یده‌ر مه‌نتك ده‌ستی پێكردووه دڵنیام زۆر خاوێنتر ده‌بێت وه‌ك له‌وه‌ی ده‌زگایه‌كی حزبی ئه‌و كاره‌ی بكردایه، چونكه به بڕوبیانووی دڵ نه‌ڕه‌جاندنی خه‌ڵكی له حزب، خراپ و چاك تێكه‌ڵ ده‌كراو وه‌كوو ئه‌وه‌ی له‌لیسته جۆراوجۆره‌كانی پێشمه‌رگه دێرینه‌كان و ڕێكخستنه دێرینه‌كان و ژنانی شاخ و شه‌هیدانیش چه‌ندین كه‌س تۆماركراون كه هه‌ندێكیان به‌ده‌ردی خودا و هه‌ندێكیشیان به ده‌ستی پێشمه‌رگه كوژراون چونكه له‌به‌ری دوژمن بوون، كه چی به شه‌هیدانی سه‌نگه‌ر تۆماركراون.
ده‌ستی كاك حه‌یده‌ر خۆشبێت كه له به‌رگه‌كانی ئه‌و دوو ئینسایكلۆپێدیایه‌دا هه‌وڵی داوه گشت شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌كانی سنوری هه‌ولێر تاڕاده‌یه‌كی زۆرباش جیابكاته‌وه، هیوادارم به‌رده‌وام بێت. ئه‌و كاره‌ی ئه‌و ده‌ستی داوه‌تێ ده‌زانم زۆر پێویسته چونكه ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی ئیلنجاغی گه‌وره كه له كتێبی (مێرجاڕ)دا چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ كردن، هه‌ندێكیان كۆچی دواییان كرد و هه‌ندێكیشیان دووچاری نه‌خۆشی بوون، ناتوانن ئێستا ژیاننامه‌ی خۆشیان به‌دروستی بنووسنەوە ئه‌وان و كه‌سو كاره‌كه‌شیان سوود له (مێرجاڕ) ده‌بینن بۆ ژیاننامه‌ی خۆیان، بۆیه زۆر جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه حه‌یده‌ر مه‌نتك سنوری پارێزگایه‌كی گه‌وره و پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی كێوماڵ كردووه بۆ به‌ئه‌رشیفكردنی پێشمه‌رگه‌ی دێرین و شه‌هیدانی شۆڕشی نوێ، هیوادارم به‌رده‌وام بێت و داوا له دڵسۆزانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ده‌كه‌م ده‌ستی بگرن و ده‌ستگیرۆیی بكه‌ن به زانیاری و داتای درووست و تاوه‌كوو یارمه‌تی بده‌ین بۆ دەوڵەمەندتربوونی بەرهەمەکانی.